وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، عەلوەی هاوچەرخی هەولێر ناوەندێکی گرنگە بۆ بازرگانی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، عەلوەی هاوچەرخی هەولێری بەسەر کردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەو عەلوەیە ناوەندێکی گرنگە بۆ بازرگانی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، هەروەها ناوەدێکی گرنگی توێژینەوەشی تێدایە و دەتوانێت هاوکاری جووتیاران بکات.
ئەوەشی خستەڕوو: “لەو عەلوەیەدا گرنگە کە کۆگای ساردکەرەوە هەیە، چونکە بەروبوومی هەرێمی کوردستان هەموو لە یەک کاتدا پێکەوە پێدەگات، زۆرجار گلەیی ئەوە دەکرێت کە شوێن نییە بەربوومی تێدا هەڵگیرێت، بۆیە هیواخوازین ئەو جۆرە کۆگایانە زیاد بکرێن، بۆ ئەوەی بەرهەم هەرزان نەفرۆشرێ و بە فیڕۆ نەچێت”.
وەزیری بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا: “عەلوەی هاوچەرخی هەولێر دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەدەرەوە و پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە، دەتوانین لێرەوە بەروبوومەکانمان بۆ شوێنەکانی دیکە رەوانە بکەین”.