ئارام کۆشکی
مانگی ڕابردوو لەگەڵ بڵاوکردنەوە وتارێکم سەبارەت بە “خوێندنەوە خێرا” هاوڕێیەکی خوێنەر نامەیەکی درێژی بۆ ناردم و بە وردی بەرگری لە تێزەی خوێندنەوە خیرا کردووە. من دوای خوێندنەوەی نامەی ئەو هاوڕێیە بەپێویستم زانی چەند سەرنجێکی دیکە سەبارەت بە هەمان مەبەست بخەمەڕوو.
سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە خوێنەری جیدی ئەو خوێنەرە نییە، کە زۆرترین کتێبی خوێندووەتەوە، بەڵکو ئەو خوێنەرەیە کە زۆرترین کتێبی هەزم کردووە و توانیویەتی سوود لە کتێبەکان وەربگرێت و هزر و ڕوانینی نوێی پێ بەخشیوە بۆ ژیانکردن. خوێنەری جیدی ئەو خوێنەرە نییە، کە کتیبخانەی گەورەی هەیە و زوو زوو وێنەی کتیبخانەکەی لەنێو سۆشیالمیدیادا بڵاو دەکاتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان لافی پێوە لێ دەدات. بەڵکو خوێنەری جیدی ئەو خوێنەرەیە تا کتێبخانەکەی گەورەتر بێت زیاتر شەرم لە پیشاندانی دەکات. تا کتێبخانەکەی گەورەتر بێت زیاتر هەست بە نەزانی خۆی دەکات. گەورەیی کتێبخانەی خوێنەری جیدی نیشانەیە بۆ گەورەیی نەزانینی. ئەو لە خەمی پڕکردنەوەی بۆشاییە مەعریفییەکانیایەتی، نەک لافی مەعریفی پێوە لێ بدات.
خوێنەری جیدی ئەو خوێنەرە نییە، کە پێی وایە دوای خوێندنەوەی هەزار، یان چەند هەزار کتێبێک ئیدی کاری ئەو تەواو دەبێت و دەتوانێت لەسەر کەلاکی ئەو کتێبە خوێندراوانەی بۆ هەتایی بژی و لافی رۆشنبیربوون لێ بدات. بەڵکو خوێنەری جیدی بڕوایەکی پتەوی بە بێسنووری مەعریفی هەیە. ئەو لایوایە دەریای مەعریفە بێسنوورە و ئەو تەنها دەتوانێت لە پنتێکی بچووکیدا مەلەی خۆی بکات و هەموو هەوڵیشی بۆ ئەوەیە بتوانێت باشتر و باشتر مەلە بکات و هەوڵی ئەوە بدات نەخنکێت. خوێنەری جیدی ئاشنایە بەو سەدان و هەزارانە خوێنەرەی کە بەهۆی نەزانینی مەلەوە لە دەریای مەعریفەدا خنکاون. ئەو نایەوێت بخنکێت و کار بۆ فێربوونی تەکینکی مەلەی نوێ دەکات.
دەمەوێت نموونەیەکی دیکە بهێنمەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر کتێبێکی 220 لاپەڕەییم لەسەر داخوازی هاوڕێیەکی خوێنەرم بە یەکێک لە تەکنیکەکانی “خوێندنەوەی خێرا” خوێندەوە، کە ئەویش “پەنجە جوڵاندنی خێرابوو لەسەر وشەکان”، کە لەوێوە خێراییەکی تەواوی دەدا بە خوێندنەوە. دوای تەواوکردنی کتێبەکە، کە رۆمانێکی تاڕادەیەکی زۆر سادە و ئاسان بوو، بە چەند خاڵێک گەیشتم کە لای خۆم یاداشتم کردن و ئێستا دەیانووسمەوە:
یەکەم: ماندووبوونێکی زۆری مێشکم و هەستکردن بە پاڵەپەستۆ لەسەرم.
دووەم: هیلاکبوونی زۆری چاوەکانم، کە هەستم بە ماندووبوونێکی زۆر زۆر دەکرد.
سێیەم: تێنەگەیشتن لە تەواوی دەقەکە و دوای ئەوەی جارێکی دیکە خوێندمەوە ئەم خاڵەم بەتەواوی بۆ ڕوون بوویەوە.
چوارەم: پەڕاندنی هەندێک دیمەن و بەش لە ئەنجامی خێرا خوێندنەوەکە، کە لە خوێندنەوەی دوومجاردا بۆم دەرکەوت هەندێک جێگا هەر تەرکیزم لای نەبووە.
ئەوەی لەم خاڵانەی سەرەوە دەردەکەوێت دیسانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە “خوێندنەوە خێرا” جگە لە خوێندنەوەیەکی ڕووکەش هیچی دیکە نییە. هیچ خوێنەرێکی ڕاستەقینە نییە بە خوێندنەوەیەکی ڕووکەش ڕازی بێت. پرۆسەی خوێندنەوە پرۆسەیەکی هێمن و چێژدارە. چەشنی پێشبڕکێی ئەسپسواری نییە، کە دەبێت هەر خێرا بین و هەر بۆ پێشەوە بڕۆین. زۆرجار پێویستمان بە وەستان و گەڕانەوە هەیە بۆ دواوە. لە ئەزموونی خوێندنەوەمدا، کە ساڵانێکی زۆر نییە دەخوێنمەوە دەیان وێستگەی وەستان و گەڕانەوەی تێدایە. چەندین کتێب هەیە زیاتر لە جارێک خوێندوومەتەوە، هەر رۆمانی “جیهانی سۆفیا”ی یۆستاین گاردەرەوە تا کتێبی “وەهای گوت زەردەشت”ی فریدریش نیتچە و رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی بەختیار عەلییەوە تا یادداشتەکانی نیکۆس کازانتزاکیس. ئەمانە نموونەگەلێکی کەم و دیارن بۆیە لێرەدا ناوم هێنان، دەنا لە ئەزموونی کەمی خوێندنەوەی مندا دەیان کتێبی دیکە هەن، کە زیاد لە جارێک خوێندوومنەتەوە و هەڵوێستەم لەسەرکردوون. ئەم نموونانە دژن لەگەڵ ئەزموونی خێرا خوێندنەوە.