هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) دەرهێنەری ناسراوی بواری شانۆ و درامای كوردی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی هونەریدا و لەمیانەی زیاتر لە (70) بەرهەمی هونەریی بوارە جیاجیاكانی هونەری دراما لە شانۆ و فیلم و دراما تەلەفزیۆنی و رادیۆیی، توانیویەتی پانتاییەكی تایبەت لە مێژوویی هونەری كوردی رۆشن بكاتەوە، نەخاسمە كە هەمیشە لە نێو ئەزموونی نوێدا و لەگەڵ دەقە جۆراوجۆرەكانی نێو دونیای شانۆدا مامەڵی كردووە، ئەو كە لە ساڵی 1981 دەستی بەخوێندنی شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان كردووە، تاكو ئێستا بەهەمان گوڕوتینی گەنجانەوە و بە قاڵبوونی هزری و هونەریی ئەو هەموو ساڵانەی كاركردن و خەرمانی ئەزموونە بەپیتەكانی بەردەوامە لە ئەفراندن، باشترین گەواهیش بەرهەمە ناوازەكانی ئەم ساڵانەی دواییەتی، (دژمنی گەل)ی نووسەری گەورەی نەرویجی (هنریك ئەبسن) كە لە ساڵی 2019دا زۆرترین ژمارەی گەنجە ئەكادیمییەكانی بواری شانۆی لە شاری هەولێر تیاكۆ كردەوە، شانۆگەری (پاسەوان)ی شانۆنووس و رەخنەگری ئەكادیمی (د. دڵشاد مستەفا) لە ساڵی2020، ئەو نمایشە تاقانەیە سەردەمی پەتای (كۆرۆنا) كە وێرای بەشداری كردنی چەند ئەكتەرێكی دیار، مامۆستای پایە بەرز (ئەحمەدسالار) جارێكی تر وەك (ئەكتەر) پێی گەڕایەوە سەر تەختەی شانۆ، دوا نمایشیش شانۆگەری (هاملێت) بوو شاكارە مەزنەكەی (ولیام شەكسپیر)كە لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی 2022 بۆ یەكەمین جار لە شاری هەولێرو وەك نۆبەری (تیپی شانۆی ئەكادیمی زانكۆكانی جیهان) بە شێوەیەكی سەرنجبەر و سەركەوتوو پێشكەشی كرد كە تاكو ئێستاش دەربارەی دەنووسرێت و گفتوگۆ دەكرێت. لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ (ئەرسەلان دەروێش)دا و بۆ پەیبردنی زیاتر بە ژیانی هونەریی و بە خششەكانی ئەم پرسیارانەمان ئاراستەكرد:
ــ سەرەتای ئەزموون و ئاشنابوونت بە دنیای هونەر بەگشتی و هونەری شانۆ بەتایبەتی؟
ئەرسەلان دەروێش: وەك زۆربەمان لە منداڵییەوە خولیای هونەرم هەبووە بەتایبەتی وێنەكێشان، هەروەها خوێندنەوە ئارەزووی یەكەمم بوو ئەو كاتەی لە شاری بەغدا بووین هەموو كۆتایی هەفتەیەك بە دوو پاس لە گەڕەکە میللیەكەی خۆمەوە كە (باب الشیخ) بوو دەچوومە (كێبخانەی منداڵان) لە گەڕەكی (مەنسوور) و بە دوو هێڵی پاسی تریش دەگەڕامەوە، تەنها بۆ خوێندنەوەی یەك كتێب!
من كە ساڵانی منداڵیم و قوناغی خوێندنی سەرەتاییم بەهۆی بەشداریكردنی خانەوادەكەمەوە لە كاری سیاسی و كوردایەتی دا! لە نێوان دوو وڵات ولە شەش شاردا بەڕێ كرد، هەر لەو تەمەنەوە وێنەكانی ژیان و سروشت و رۆخساری كەسەكان و تایبەتمەندێتی شوێنەكان لەزەین و یادگەمدا كەڵەكە دەبوون، بۆیە كە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی لە ساڵی 1980 دامەزراو دوای یەكەم ساڵ خۆم لەناویدا بینییەوەو لە یەكەمین بەرهەمیدا كە شانۆگەری (ئەفگینیا لە ئۆلێس)ی (یۆربیدس)بوو، مامۆستا (ئەحمەد سالار) لەساڵی 1982 دەریهێنابوو وەك ئەكتەر بەشداریم كرد و لەوێندەرەوە رێگای شانۆ و هونەرم گرتە بەر.
ــ شانۆی کوردی، ئەوسا و ئێستای چۆن دەبینن؟
ئەرسەلان دەروێش: ئەزموونی بزاڤی شانۆییمان تەمەنێكی دوورو درێژی نییە! ئەو تازە وا خۆی لە سەدەیەك دەدات، لەكاتێكدا تەمەن و مێژووی ئەم هونەرە لە جیهاندا (25) سەدە و زیاتر دەبێت، واتا وەك منداڵێكی پڕ گڕو گاڵە كە تازە دەیەوێت پێ بگرێت، لە ئاست خانمێكی 25 ساڵانی پڕ ئەزموون و جوانی دا. بۆیە ئەگەر بمانەوێت پۆلێنێك لە قۆناغە و ئاستی هونەریی و پێشكەوتنیدا بكەین دەبێت ئەو بەراوردە ڕەچاو بگرین. سەردەمی پێش راپەرینی ساڵی 1991 بەتایبەتی لە حەفتاو هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بزووتنەوەی شانۆی كوردی زیندووتر و پڕ گوڕتر و لەبرەودا بوو، راستە پرسە نەتەوەییەكە و شەڕی دەستەوئێخەمان لەگەڵ رژێمێكی خۆێنڕێژ و فاشیستدا، بزوێنەری رەوتەكە و فاكتەرێكی سەرەكی پەیوەندییە توندو تۆڵەكەی نێوان شانۆ و جەماوەر بوو، وەلێ هەر لەو ساڵانەشدا چەندین تەرزو ئەزموونی شانۆیی و نمایشی هونەری بەرز و تۆكمە هاتنە وجود.
ــ ئێستا شپرزییەک لە بواری هونەردا بەدی دەکرێت هۆکار چییە؟
ئەرسەلان دەروێش: لەراستیدا شپرزی و ناجێگیری و شڵەژان و ناسەقامگیریی لە تەواوی ركێفەكانی ژیان و ناوەندەكانی گۆمەڵگاكەماندا زەق و دیارە! هۆكارەكان زۆرن.
ـــ چیرۆک و ڕووداوێکی زۆرمان هەیە، من وای دەبینم وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە بکرێن بە شانۆ و فیلم و دراما؟
ئەرسەلان دەروێش: زۆر راستە! ئێمە گەلێكین لێوان لێوین لە حەكایەت و چیرۆك و مەرگەسات و بەسەرهات، چ لە رابردوو چ ئێستا، گرفتی ئێمە نەبوونی وەك پێویستی ئەو نووسەرانەیە كە بەباشی و بەزمانی هونەرو لەدووتوێی بەرهەمی ئەفرێنەرانە و جیاوازدا، ئەم چیرۆكانە بگێڕنەوەو ئاوێتەی بكەن بە ژیان و پرسەكانی تاكی كورد و كۆمەڵگاكەی.
ــ مەرجە شانۆکار و دەرهێنەر ئەکادیمی بن؟
ئەرسەلان دەروێش: زۆربەی ئەوانەی خاوەنی تیۆرە شانۆییە بنچینەییەكانن لە مێژوودا ئەكادیمی نەبوون! تەنانت لەلای ئێمەش نموونەی دیارو بەناوبانگ هەن وەك هونەرمەندان: عوسمان چێوار و حسێن میسری و ئاسۆی عومەر سوارە لە كۆچكردووەكان و، عەبدولی حەمە جوان وعومەر دڵپاك و فەیسەڵ محمە و زایر عەبدوڵڵاو دایكی ئاریان و و ئاواز ئەحمەد و زۆرێكی تر لەو ئازیزانەی هێشتا بەردوام و پڕ بەخششن، بەڵام بێگومان خوێندنی ئەكادیمی رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە ئامادەكردنی شانۆکار و هونەرمەند بەشێوەیەكی گشتی و پڕ ئەزموونی دەكات، چونكە لە كۆتاییدا خوێندنی ئەكادیمی وەرگرتنی زانستی یە بۆ ئەزموونەكانی پێشتر و تەرخانكردنی كاتە بۆ قاڵ بوونی زیاتر.
ــ ئێوە لە كارەكانتان دەستپێشخەر بوون لە بایەخدان بە پرسەكانی ژنان لە نێو سیستمی باوكسالاریی كۆمەڵگەی كوردستاندا، هەرچۆن بەهرەی هونەرمەندە ئافرەتەكانتان برەو پێ داوەو لە نێو كارە شانۆیی و دراماكانتاندا درەوشاونەتەوە، چۆن دەڕواننە توانای خانمە ئەكتەرەكانی كورد؟
ئەرسەلان دەروێش: یەكێك لە شانازییەكانی هونەری كوردی بەگشتی و بواری شانۆ و دراما و فیلمسازیی بەتایبەتی دەركەوتن و كاركردن و توانای داهێنەرانەی ئافرەتە هونەرمەندەكانیەتی، هەندێك جار ئەو بەهرە ئەفرێنەرانە نەك هەر سەرسام بەڵكو شۆكت دەكەن و ئاسۆی چاوەڕوانییەكانت رەتدەدەن، بەنموونە لە دوا بە رهەمماندا خاتوو (ئاواز ئەحمەد)كە پێش 20 ساڵ بۆ یەكەمین جار لەكارێكی ئێمەدا هاتووەتە سەرشانۆ، لە رۆلێكی زەحمەت و نوێدا كە رۆڵی (دایكی هاملێت) بوو درەوشانەوەیەكی بەهێزی تۆماركرد گەرچی تەنها بەشدارێك بوو لەناو ستافەكەدا كەهونەری بەشێوەیەكی (ئەكادیمی)نەخوێندووە. كێ هەیە تەماشای زنجیرە درامای (ئارەزوو)ی كردبێت و خاتوو (نەرمین كاوانی) لە رۆڵی سەباودا بیر بچێتەوە؟! لەماوەی نیو سەدە زیاترەوە شانۆی كوردی ناوی خانمە ئەكتەرو هونەرمەندەكانی سەنگین و پڕ بریسكەی دەكەن. تۆ تەماشاكە چۆن لە شارێكی بریندارو بێ پشتیواندا خانمە ئەكتەرێكی كەركووكی وەك (هەوار فارس) دڕ بە سەختییەكان دەدات و بەرز بەرز دەفڕێت و لە ئاسۆی داهێناندا دەدروشێتەوە. یاخود لەدهۆكەوە چۆن خاتوو (كەڤاڵ سدقی) ئازارەكانی ژنی كورد و قوربانییەكانی شەنگال بە دونیا دەناسێنێت، لە گەرمیان لە هەڵەبجە لە راپەرین لە سۆران لەهەولێر لە سلێمانی لە باكوور لە رۆژهەڵات لە رۆژئاوا لە هەندەران لە هەركوێیەك شانۆ بەزمانی شیرینی كوردی بدوێت، ئافرەتی شانۆكاری كورد پڕ وزەی ئەفرێنەرانەیە، بێگومان بۆ منیش جێگای شانازییە هاوژینەكەم خاتوو (رەمزیە قادر)ی هونەرمەند یەكێكە لەو خانمە شانۆكارانەی زیاد لە چارەگە سەدەیەكە بە توانستێكی بەرزی هونەرییەوە لەگەڵ دەیان ژن و كچی ئازا و بەهرەمەندی ئەم بوارە بوونەتە مەكۆی بەردەوامی هونەری شانۆ لە كوردستاندا.
ــ بە پێشکەشکردنی شانۆی هاملێت، جەماوەرتان بەتەختی شانۆ ئاشتکردەوە، تۆ چی دەڵێی لەمبارەیەوە؟
ئەرسەلان دەروێش: هیوادرام ئەم ئاشت بوونەوەیە بەردەوام بێت و كارو بەرهەمی ناوازەترو جوانتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، هیوادرام رەوشەكە گۆڕانكارییەكی ریشەیینی بەسەردا بێت و بەرەو باشتر و كاراتر رووناك ببێتەوە، توانستی گەنجەكانیش پانتاییەکی فراوانتریان بۆ بڕەخسێت و بتوانن بەردەوامی بەم بزووتنەوەیە بدەن.
ــ وەک لەوڕوژانەدا بینیمان دوابەرهەمی هونەریت شانۆیی هاملێت بوو، چ بەرهەمێکی تازەترتان بەدەستەوەیە؟
ئەرسەلان دەروێش : ئێستاکە سەرقاڵی سیناریۆی زنجیرە درامایەكی كۆمەڵایەتی نوێم لە نووسینی برای هونەرمەندم (عەباس عەبدولرەزاق) بەناونیشانی (خەڵوەتگەی پیری) هیوادرام لەماوەیەكی نزیكدا دەست بەكاربین تیایدا.