شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای توركیا لە ئه‌نقه‌رە زنجیرەیەك کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە کردنەوەی دوو دەروازەی سنووری نوێ کرد لەنێوان هەرێم و تورکیا.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند: “لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکاندا چۆنێتی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان تاووتوێکرا و باس لە کێشەی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها لایەنی تورکی بەڵێنی داوە هەموو ئاسانکارییەك بۆ بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکەن”.
گوتیشی: “لە تەوەری دووەمی گفتوگۆکاندا باس لە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر کراوە، کە ئێستا لێکتێگەیشتنێکی گشتی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و لایەنی تورکی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، هەروەها لەسەر دروستکردنی چەند گۆڕەپانێکی بازرگانی لەسەر سنوورەکان گفتوگۆ کراوە.”
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشدا: “لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان باس لە چۆنێتی کردنەوەی دەروازەی سنووری لەنێوان هەرێم و تورکیا کراوە، وەک دەروازەکانی زێت و سەرزێڕێ. دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوانە دەبەینەوە بەردەم سەرۆک وەزیران، ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە ئەنجومەنی وەزیرانە بڕیاری پێویستی لەسەر دەدەین و لایەنی پەیوەندیدارەکانیش خۆیان لێرە بوونە، بۆئەوەی کار لەسەر بابەتەکانی دیکە بکەن”.
سەبارەت بە دەروازەی زێت، روونیکردەوە: “ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ کاراکردنی ئەم دەروازەیە، پارەی پێویستیش بۆ دروستکردنی تەرخان کراوە، لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە دەچینەوە دیداری سەرۆکی حکومەت و ئەو بڕیارە لەوێوە دەدرێت، بەڵام بڕیاری بنەڕەتیمان ئەوەیە کە لە هەردوولاوە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو دەروازەیە دەکرێت”.
شاندی حکومەتی هەرێم پێكهاتبوون له هه‌ریه‌ك له ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن، محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی زاخۆ، سامی جه‌لال، راوێژكار له وه‌زاره‌تی ناوخۆ و عه‌بدولسه‌لام ره‌شید، به‌رپرسی به‌شی توركیا له فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌تی بازرگانی، گواستنه‌وه، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و دارایی توركیا كۆبوونەوە، هه‌ریه‌ك له پرسه‌كانی پێشخستنی په‌یوه‌ندییه ئابووریی و بازرگانییه‌كان و ئاسایشی سنوور و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان تاووتوێ کراون.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کردنەوەی دەروازەی زێت-ی داوە و بۆ ئەم مەبەست کار لە دەروازەکە کراوە.
دەروازەی سنووری زێتێ لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر و دووری 150کم باکووری رۆژھەڵاتی ھەولێری پایتەخت.