پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

به‌غدا ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كه‌ی كرد

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئیدانه‌ی ئه‌و بۆردومانه‌ی كرد، كه‌ پێرێ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان كرایه‌ سه‌ر ناحیه‌ی سنوونێ له‌ سنووری قه‌زای شنگال.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ توندترین ده‌سته‌واژه‌كانی ئیدانه‌كردن، ئیدانه‌ی بۆردومانی توركیا بۆ سه‌ر باره‌گا حكوومییه‌كان و ماڵی هاووڵاتیان له‌ سنووری ناحیه‌ی سنوونێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگالی سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌كات.

هه‌روه‌ها  هاتووه‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌و پێشهاته‌ پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عێراق و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی روونی ئه‌منییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ وه‌ك په‌لامارێك بۆ به‌ئامانجگرتنی ئاسایشی عێراق و سه‌قامگیری گه‌له‌كه‌ی ده‌بینین و پێشهاته‌كه‌ پێویستیی به‌ هه‌ڵوێستێكی یه‌كانگیرانه‌ هه‌یه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌، رێككاری په‌یڕه‌وكراو له دژی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ ده‌گرێته‌به‌ر.

ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، دوای ئه‌وه‌ دێت، دوێنێ درۆنه‌كانی سوپای توركیا له‌ سنووری لەناحەی سنوونێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگال بۆردومانی ئامانجێكیان كرد و له‌ ئاكامیدا، چوار هاووڵاتی كه‌ یه‌كێكیان منداڵ بوو گیانیان له‌ده‌ستدا و حه‌وت كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون.

هاوكات، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (17ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022)، فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان، له‌ نزیك گوندی به‌رلووتی هه‌ڵكه‌وتوو له‌ باكووری شارۆچكه‌ی كه‌لار، ئۆتۆمبێلێكی مه‌ده‌نی بۆردومان كرد و له‌ ئاكامیدا، چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و یه‌كێكی دیكه‌ بریندار بوو.