دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاگادارییەکی تایبەت بۆ بازرگانان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە رسومات و گومرگی هاوردەکردنی تایبەت بە بەنزین هەڵدەگیرێت.
لە راگەیەندراوێکی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخاندا هاتووە، لە ئەمڕۆوە هەینی رێکەوتی (2022/6/17) رسومات و گومرگی هاوردەکردنی تایبەت بە بەنزین هەڵدەگیرێت، لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئامادەکاری و رێکاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر، بازرگانان دەتوانن بەبێ باج و رسومات لەڕێگەی دەروازەکەمانەوە بەنزین هاوردە بکەن.
ئاماژە بەوەش دراوە، بە فەرمانێکی وەزاری، وەزارەتی دارایی و ئابووری/نووسینگەی وەزیر لە رێکەوتی (2022/6/16) و پشتبەستن بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1682) لە رێکەوتی (2022/6/15)، ئەوە خراوەتە روو، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزینی هاوردە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارماندا بە :-
1. هەڵگرتنی تەواوی باج و ڕسوماتی گومرگی تایبەت بە بەرهەمی بەنزینی هاوردە، بە رەچاوکردنی کوالێتی.
2. کەمکردنەوەی ڕسوماتی کارگێڕی هەناردەکردن و هاوردەکردنی سامانە سروشتییەکان، تەنها بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بۆ (7 $) حەوت دۆلار بۆ هەر تەنێک.
3. دەرفەتی یەکسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەکان بەمەبەستی هاوردەکردنی بەنزین بەبێ جیاوازی و ڕێگری بکرێت لە قۆرخکاری، بە مەرجێک ڕەچاوی کوالێتی بکرێت.
4. ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتی (2022/6/17) جێبەجێ دەکرێت تاکوو ڕێکەوتی (2022/12/31).
دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڵاویکردەوە، “سەرجەم بازرگانان دەتوانن بەو رێکار و شێوازە نوێیە سووتەمەنی لە رێگەی دەروازەکەمانەوە هاوردە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش کارئاسانی پێویستیان بۆ دەکرێت”.