زوو بە شودانی كچان پێش گەیشتنیان بە تەمەنی یاسایی بابەتێکە دەبێت وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتی چاوی لێ بکرێت و هەوڵی نەهێشتنی بدرێت. بە تایبەت پێش تەواوكردنی تەمەنی ١٨ ساڵان کە چەندین ئاكامی خراپی هەیە بەڵام تا ئێستاش بێ گوێدانە دەرئەنجامەكانی ئەو كارە كچان لە خوار تەمەنی یاساییەوە بەشوو دەدرێن كە هەندێك جار هۆكارەكەی پێداگیری كچەكە خۆیەتی و هەندێك جاری تریش زۆر لێكردن و نا ڕۆشنبیری یان بارودۆخی ماڵی باوكی كچەكەیە وا دەكات كە زوو هەوڵی بە شوو دانی كچ بدرێت.
بە پێی ئامارێکی (UNFPA) نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە ژمارەی دانیشتوان، ساڵی ڕابردوو ٢٢.٦٪ی کچانی هەرێمی کوردستان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵانەوە شوویان کردووە.
ئەگەرچی لە كوردستاندا رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكان و رێكخراوەكانی پاراستنی مافەکانی منداڵ بە لۆكاڵی و نێودەوڵەتییەوە، ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لە زیانەكانی بەشوودانی كچانی منداڵ و ڕێگریكردن لەو جۆرە هاوسەرگیرییە، بەڵام لێرە و لەوێ كچانی خوار تەمەنی یاسایی بە شوو دەدرێن.
لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨؛ هەر كەسێك ١٦ ساڵ تەمەنی تەواو كرد و داوای هاوسەرگیری كرد، دادوەر بۆی هەیە ڕێگەی پی بدات، ئەگەر دەركەوت شایستەیەو توانای جەستەیی هەیە، ئەمەش دوای ڕەزامەندی سەرپەرشتیار (وەلی ئەمر). هەروەها بە پێی یاسای ژمارەی ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩ی ئێراقی بە پشت بەستن بە ماددەی ٧ بڕگەی یەكەم، یەكێك لە مەرجەكانی هاوسەرگیری ئەوەیە؛ دەبێت مەرجی تەمەنی هاوسەرگیری لە ژن و پیاودا گونجاو بێت، واتە تەمەنیان ١٨ ساڵی تەواو بێت.
زیادبوونی دیاردەی بەشوودانی كچی منداڵکار زەنگێكی مەترسیدارە بۆ ئایندەی کۆمەڵگا، بەرپرسێكی ڕێكخراوی ژنانیش ئاماژە بەوە دەكات كە بە شودانی كچانی ١٣-١٤ ساڵان بۆتە نەریتێك و گرفتی زۆریشی بەدوای خۆی هێناوە و بەرپرسی یەکەمی ئەم بارودۆخەش خێزانەکانن کە دایک و باوک دەگرێتەوە، چونکە ئەگەر ئەوانن بەزۆریش کچان نەخەنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و تەنانەت ئەگەر ویستی کچەکە خۆشی بێت، ئەوە ئەرکی دایک و باوکە کە کچانی مێردمنداڵ لەو تەمەنە هۆشیار بکاتەوە لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی پرۆسەکە، چونکە ئەوان لەو تەمەنەدا تەنیا دیوە ڕوناکەکەی پڕۆسەکە دەبینن و پیانوایە هاوسەرگری تەنیا ئەوەندەیە کە لە شاشەی تیڤییەکان و سۆشیاڵ میدیاوە دەیبینن بۆیە ئەرکی دایک و باوکانە کە بە هەموو شێوەیەک ڕێگریان لێ بکەن تا تەمەنێکی گونجاو.
ژنانی چالاكوانیش زیاد بوونی ئەو دیاردەیە بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێننەوە لەوانە؛
- یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، نەبوونی سۆز و خۆشەویستی دایك و باوكانە کە وا دەکات كچان لە تەمەنێك كە هێشتا پێنەگەیشتون و تێنەگەیشوون بڕیاری هاوسەرگیریی بدەن، بۆ ئەوەی لەو دۆخە قورسەی خێزانەكەی بێتە دەرەوە هانا بۆ شوكردن دەبات تا ڕزگاری ببێت، لەم بارەدا تاكەكان لە دەرەوی خێزان بەدوای سۆزدا دەگەرێن.
-هۆكاری کەلتوری؛ لە هەندێ كۆمەڵگا وەك كوردستان وا دەبیندرێت كە هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووك شتێكی باشە و بەها و گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتی بۆ كچان و گرنگی نادرێتە خوێندن، یان كاركردنی ژنان و بێگومان ئەم کچانە مافی هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی خۆیان نییە. - هۆكاری تاكەكەسی؛ هەندێ كەس كە بۆ جاری یەكەم دەكەونە داوی خۆشەویستی، بە شێوەیەكی زۆر قووڵ دەكەونە داوی خۆشەویستییەكەیان و بێ ئەوەی بیر لە داهاتوویان و بەرپرسیاریەتییەكانی ژیان بكەنەوە، ئامانجیان تەنیا گەیشتنە بە خۆشەویستەكەیان و ئامادەن لە تەمەنی نایاسایی هاوسەرگیری بكەن.
- هۆكاری ئابووری؛ فشارە ئابوورییەكان بەتایبەتی لەو خێزانانەی كە هەژارن و منداڵی زۆریان هەیە، وا دەكات كە دایك و باوكەكان بیر لە زوو بەشوودانی كچەكانیان بكەنەوە بەتایبەتیش بە شوودانیان بەو پیاوانەی كە باری داراییان باشە، ئەگەرچی بەتەمەنیش بن.
- میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ هۆكارێكی تر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە میدیا ڕۆڵی تێدا هەیە بە تایبەتیش لە دراماكاندا كە زیاتر هانی كچ و كوڕ دەدەن بۆ پەیوەندی كردن. هەروەها تۆڕە كۆمەڵایەتیەتیەكان زیاتر ئەو ڕێكلامانەی بۆ جلوبەرگ و كەل وپەلی ماڵ و شوێنە گەشتیاریەكان دەكرێن زیاتر هانی کچانی منداڵ دەدەن بۆ ئەو جۆرە بابەتانە و ئەوانیش فریوی ڕوکەش دەخۆن و وا دەزانن هاوسەرگیری تەنیا ئاهەنگێک و عەزییەکی سپی و گەشت و خۆشییە.
بۆ رێگریكردن لەو دیاردەیە ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە کە یاساكان کارا بکرێن لە دادگاكاندا بۆ ڕێگری كردن لەو كچانەی مارەبڕ دەکرێن و هێشتا منداڵن و بە سزاگەیاندنی بەرپرسیارانی. هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری دایك و باوك بۆ پەروەردەكردنی منداڵی كچیان بە شێوەیەك كە ژیان لە پیاوێكدا نەدۆزنەوە، بەڵكو لە گەورەبوون و دەسكەوتەكانیان بدۆزنەوە. چونكە گەر منداڵ ئاواتێكی گەورەی نەبێت دەبێت بیر لە چی بكاتەوە؟ بۆیە ئەنجامی بەرهەمی خێزان لەوەوە دەستپێدەكات كە چۆن مرۆڤێك دروست دەكرێت. منداڵێك دروست بكرێت خاوەن بیر و ئیرادەی خۆی بێت و ڕاست و چەوتیەكان لەیەك جیا بكاتەوە.