فرە‌ژنی بووە‌ بە‌ كلتوورێكی چاولێكە‌ری لە‌لایە‌ن پیاوانە‌وە‌

رێژین قاسم محمود

فرەژنی ئەو کلتوورەیە کە پیاوان تەنها لە پێناو حەزو ئارەزووی خۆیان چەسپاندوویانە لە کۆمەڵگه بە بێ بیرکردنەوە لە هەموو ئەو گیروگرفتە خێزانیانەی لە ئەنجامی حەزو ئارەزووی پیاو دێتە کایەوە. فرەژنی لە کۆمەڵگهی کوردیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زەقتر دەبێتەوە بە داخەوە پیاوان زۆر بە بابەتێکی گرنگی ئاخاوتنی ڕۆژانەی دەزانن کە باسی لێوە بکەن، لە هەرێمی کوردستانیش ئەو بابەتە بە زەقی دەبینیرێت و دەبیسترێت هەروەها جێبەجێشی دەکەن ئەو پیاوانەی کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن هەوڵ دەدەن لە دادگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوسەرگیری دووەم و سێهەم و چوارەم ئەنجام بدەن، بەبێ ڕووخسەت وەرگرتن و یاخود وەرگرتنی ڕەزامەندی لە هاوسەری یەکەم.
فرەژنی بابەتێکە زۆربەی كات وەک تیرێک بەسەر دڵی ئافرەتەوەیە و هەڕەشەیەكی بەردەوامە بۆ سەر ئاسودەیی دەروون و ئارامی خێزانی و کۆمەڵگه و زۆربەی کات کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی لێکەوتۆتەوە. بە بڕوای بەشێک لە پیاوان هێنانی چەند ژنێك لە لایەن پیاوەوە بۆ خزمەتکردنی هاوسەری یەکەمیەتی وای دادەنێن کە چاكەیەكە پیاو بەرامبەر بە هاوسەرەکەی دەیکات، بەڵام ئەم تێڕوانینە زۆر قێزەونە و بەرامبەر بە کۆی گشتی ئافرەتان فرەژنی بێ ڕێزییە بەرامبەر بە كەرامەت و هەست شعوری ئافرەتان، چونکە زۆرێک لە ئافرەتان دووچاری دڵشکان و دەروونێکی داڕووخاو
دەبن .
بەشێکی زۆری ئەو پیاوانەی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە ئافرەتێک پێك دەهێنن تەنها دەیانەوێت حەز و ئارەزوو غەریزە سێکسیەکانی خۆیان پڕ بکەنەوە وە زۆربەی کاتیش ئەو ئافرەتەی کە دەیخوازن لە ڕووی جیاوازی تەمەنەوە زۆر لە پیاوەکە منداڵترە بەداخەوە کە ئەمەش بۆ نا هۆشیاری دایک و باوکەکە و هەرەوەها بۆ ناهۆشیاری ئافرەتەکەش دەگەڕێتەوە،پیاوان ئافرەتان تەنها وەک بووکەڵەیەکی سێکسی سەیر دەکەن و وای دەبینن ئافرەت تەنها بۆ خۆشبەختی و پڕکردنەوەی حەزی پیاوان خوڵقاون، چونکە بەشێک لە پیاوان ناتوانن سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی پێشکەش بە هاوسەری یەکەمی بکات، باشە ئەی چۆن دەتوانن لە هەمان كاتدا سۆز و خۆشەویستیان بۆ ژنی دووەم و سێهەم و چوارەم هەبێت؟! هەروەها هەندێ لە پیاوان زۆر بێباکانە هەوڵ دەدەن بۆ خۆشی و حەزی خۆیان ژنی دووەم و سێهەم و چوارەم بهێنن، نموونە هەیە لە ناو کۆمەڵگهدا کە پیاو هەبووە لە ماڵ ڕۆیشتووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، دوای چەند ساڵێک هەواڵ بە ژنی یەکەمی دەگات کە هاوسەرگیریەکی تری کردووە بەبێ ئەوەی خێزانی یەکەمی ئاگاداری ئەوە بێت هەندێک جار خێزانی دووەمیشی نازانێت کە ژنێکی تری هەیە هەروەها ژن و منداڵەکانی بێ نەفەقە وبێ پارە زۆر بێ بەرپرسیارانە جێهێشتووە، کە چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە دروست بووە لەم حاڵەتانەدا. لە هەندێک بارودۆخدا بێ ویژدانانە بەشێک لە پیاوان هاوسەرەکەیان تەلاق دەدەن بۆ ئەوەی دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە،چونکە هاوسەری یەکەمی ڕازی نیە ژنی بەسەربێت،پیاوەکەش بێگوێدانە ماف و بەها ڕەوشتیەکان بەو پەڕی بێ ڕێزیەوە لە دادگا پەسەندی تەلاقەكە دەكات .فرە ژنی بە هۆكارێكی سەرەكی دادەنرێت بۆ زۆربەی كێشە كۆمەلایەتیەكان و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و لە دەستدانی منداڵەكان و تێکچوونی شیرازەی خێزانی. هەروەها لەڕووی ئابوورییەوە بەشێک لە پیاوان ناتوانن بەپێی پێویست ئەو پێداویستیانەی خێزان و هاوسەری یەکەمی پڕ بکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدات هاوسەری دووەم بهێنێت هەروەها هەرچەندە دۆخی ئابووری خەڵک لاوازە، بەڵام هێشتا ڕێژەی فرەژنی لە ئاستێکی بەرزدایە، چونکە خەڵک هەبووە کچەکەی بێ مارەیی بەشووداوە .
پێویستە هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیاری گشتی بڵاوبکرێتەوە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگه لە رووی یاسایی و شەرعییەوە بۆ ئەوەی چیتر ئافرەتان نەبنە قوربانی کلتوورێک کە بۆتە هۆی تێکشکانی دەروونی ئافرەتان و تێکچوونی شیرازەی خێزانی و چیتر خێزان نەخرێتە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە، کاریگەرییە نەرێنیەکان بخرێنە ڕوو تەنها لە ڕووی ڕواڵەتەوە سەیری بابەتەکە نەکرێت هەروەها پێویستە ئافرەتان هۆشیارانە تر بیربکەنەوە و خۆیان نەکە قوربانی کلتورێکی پیاوسالاری بۆ ئەوەی چیتر وەک ئامرازێک نەبینرێن و ماف ودەستکەوتەکانی خۆیان بزانن لە ڕووی یاساییەوە. بە هیوای ئەوەی رۆشنبیری تاكی كورد لە پرسەكانی تایبەت بە باری كەسی لەوپەری ئاست بەرزیدا بێت كە ژیانی مرۆڤ لە سەردەمی ئەمرۆدا هیوای بۆ دەخوازێت و بەشێوازێکی سەردەمیانە دوور لە کلتووری چەق بەستووی و دواکەوتووی ژیان بکەن دروشمەکانی (هاوسەنگی و هاوبەشی و یەکسانی)بکەن بە بنەمای پێکەوە ژیان .

ھەواڵی زیاتر