پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان له‌باره‌ی دانانی پلانی سه‌ربازی كۆبوونه‌وه‌

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرای ده‌كات، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسی راوێژكارانی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق له‌باره‌ی دانانی پلانی سه‌ربازی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش كۆبوونه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 12ـی حوزەیران / یۆنیۆی 2022)، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و ژەنەڕاڵ دۆسێج، بەرپرسی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق له‌باره‌ی دوایین گۆڕانکارییە سەربازی، ئیداری، پڕۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ كۆبوونه‌وه‌.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند،  له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسی راوێژكارانی هاوپه‌یمانان جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق، بە مەبەستی هەماهەنگی زیاتر و دانانی پلانی سەربازی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا، كرایه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو، ستایشی رۆڵی بەرچاوی هێزەکانی هاوپەیمانان کرا، بەردەوام و دڵسۆزانە خزمەت بە هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دەکەن و پاڵپشتی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگەن بۆ درووستبوونی هێزێکی نیشتیمانی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.

ژەنەڕاڵ دۆسێج ، دڵخۆشی خۆی لە بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە دەربری،  پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانانیشی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.