وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (12ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022) رایگه‌یاند، چوار هۆكار بوونه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووانی تای خوێنبه‌ربوون، كه تا ئێستا 162 حاڵه‌ت تۆمار كراوه و 27 تووشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه.
حه‌مید نایف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراق (واع) روونیكرده‌وه، فه‌رمانگه‌ی ڤێته‌رنه‌ری به‌شێكه له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و به‌رپرسه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و ده‌رده كوشنده‌كانی به درێژایی ساڵ تووشی مه‌ڕوماڵات ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌ش ده‌ده‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نه‌خۆشییه‌كانی وه‌ك ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده و تای خوێنبه‌ربوون كه زیاتر له هه‌ردوو وهزری به‌هار و پاییز ته‌شه‌نه ده‌كه‌ن، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له رێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی تایبهتمهنهوه رووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌كه ده‌بێته‌وه و له ته‌واوی عێراق تیمه‌كانیان كار ده‌كه‌ن.
له باره‌ی هۆكاری زیادبوونی تووشبووانی تای خوێنبه‌ربوون له عێراق، نایف ئاشكرای كرد، چوار هۆكار ده‌بنه هۆی خێرا بووڵابوونهوهی نه‌خۆشییه‌كه، كه ئه‌ویش كه‌می ژماره‌ی كارمه‌ندانی ڤێته‌رنه‌ری و سه‌ربڕینی مه‌ڕوماڵاته له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و شوێنه لابه‌لاكان، له‌گه‌ڵ گرنگینه‌دان به پاكوخاوێنی ژینگه‌ی ئاژه‌ڵداری و كه‌مبوونی كاتژمێره‌كانی ده‌وامكردن له‌كاتی په‌تای كۆرۆنا و كهرهنتینكردندا.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، بۆ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه، تیمی گهڕۆكیان له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق هه‌یه و به ده‌رمانی تایبه‌ت مه‌ڕوماڵات و شوێنی به‌خێوكردنیان ده‌ڕشێنن.