هونەرمەندی ناسراو مەریوان سەفادین لە وازهێنانی لە بڵاوكردنەوەی بەرهەمی هونەری پەشیمان بووەوە و بەنیازیشە بە سێ بەرهەمی نوێوە خزمەتی هونەری بكاتەوە.
هونەرمەند مەریوان سەفادین نزیكەی سی ساڵە هاتۆتە بواری هونەری كوردییەوە و چەندین ئەلبوم و گۆرانی تاكی هەیە، جگە لەوەش میلۆدی بۆ چەند هونەرمەندێك داناوە و چەند گۆرانییەكی هاوبەشیشی لەگەڵ هونەرمەندانی دیكە هەیە.
مەریوان سەفادین بە “هەولێر”ـی راگەیاند “دوای بڕیاری وازهێنانم لە گۆرانیوتن نیگەرانی لای هەوادار پەڕۆشانی هونەری گۆرانی دروست كرد و لەهەموو رێگەكانی سۆشیاڵ میدیاوە پەیوەندیان پێوە كردم تا پاشگەز ببمەوە و دیسان دەست بە كاری هونەری بكەمەوە، بۆیە منیش لەبەر رێزی ئەو هەموو ئازیزانە بڕیارمدا دەست بە كاری هونەریی بكەمەوە”.
ناوبراو وتی “ئەوەی كە پاڵنەر بوو بۆ بڕیاری وازهێنانم، ئەو دۆخە ناهەموار و بێزاركەرەیە كە هونەری كوردی تێكەوتووە بەتایبەتی هونەری گۆرانی، دەبینین لێشاوێك لە دەنگی نەشاز كە هیچ خەسڵەت و مەرجەكانی گۆرانییان تێدا نیە و زەوقی میللی وێران دەكەن، بەڵام راستییەكیش هەیە كە نابێت فەرامۆش بكرێت، ئەویش چۆڵنەكردنی گۆڕەپانەكەیە بۆ ئەو جۆرە گۆرانیە بێ بایەخ و زەوق تێكدەرانە”.
هەروەها وتیشی: “هەوڵ دەدەم ئاشقان و هەودارانی هونەرەكەم دڵخۆش بكەم، چونكە هونەرەكەم بەر لە هەموو شت بۆ ئەوانە و ئەوان پێی شاد و ئاسودە دەبن، ئەو دابڕانە كورتە بەڕاستی ئەزمونێكی زۆر ناخۆش بۆ من، چونكە ئەوەی هونەرمەندانی كۆچكردوو دوای كۆچی خۆیان نەیانبینی، من بینیم ئەویش خەباتی سی ساڵ هونەریم بە سێ ڕۆژ كۆتایی هات و لەبیر كرام، لەبەر ئەوەش بڕیار دەدەم تا كۆتایی و هەتا لە توانستمدا هەبێت خزمەتی هونەری كوردی و گوێگرانی دەنگم دەكەم”.
مەریوان سەفادین ئاشكرای كرد كە ئێستا سێ بەرهەمی نوێی لەبەردەستە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ بڵاویان بكاتەوە.