سەیوان كەریم خەمزەیی: شانازی بە باوكمەوە دەكەم؛مامۆستایشمە

گۆرانیبێژ سەیوان خەمزەیی دەڵێت، شانازی بەوە دەكات كە كوڕی هونەرمەندێكی وەك كەریم خەمزەییە و لە بواری هونەردا باوكی مامۆستایەتی، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەگەر سپۆنسەر و ستافی باش هەبن، دەیەوێت بەرهەمی نوێ تۆمار بكات.

سەیوان كەریم خەمزەیی تەمەنی ٢٥ ساڵانە و كوڕی هونەرمەندی توانای كورد، كەریم خەمزەییە كە ساڵانێكی زۆرە لە بواری هونەریی فۆلكلۆردا كار دەكات، سەیوان خەمزەیی بە (هەولێر)ی راگەیاند، بەبۆنەی باوكیەوە هاتوومەتە بواری هونەرییەوە و لە بواری فۆلكۆریشدا رێچكەی باوكی هەڵبژاردووە و شانازیشی پێوە دەكات كە مامۆستایەتی و وتی “ئەم ئەزموونەی هەمە بەهۆی باوكمەوە توانیومە لە هەموو بوارەكانی هونەردا شارەزایی پەیدا بكەم”.
سەیوان لە بواری هونەریدا دەیەوێت لەبواری فۆلكلۆر و دەرەوەی فۆلكلۆریش كار بكات و وتی “هەموو كەس پێی خۆشە خزمەتی وڵاتەكەی بكات، لای منیش گرنگ نییە بەرهەمەكە فۆلكلۆر بێت یان نا، بەڵكو گرنگ پێشكەشكردنی بەرهەمێكی جوانە”.
لەماوەی رابردوودا و لە بەرنامەی (ئاوازێ مە) لە كەناڵی دیمەن كە هونەرمەند میدیا حسێن پێشكەشی دەكات، سەیوان گۆرانییەكی مامۆستای كۆچكردوو ئەحمەد شەماڵی وتەوە كە ئەوەش دەنگدانەوەی لێكەوتەوە.
ناوبراو وتی “بۆ ئەو گۆرانییەی مامۆستا ئەحمەد شەماڵ، خۆم گوێگری تایبەتی گۆرانیبێژە هەم كۆچكردووەكان و هەمیش ئەوانەشم كە ساڵانێكی زۆرە خزمەت دەكەن، بۆیە دەشتوانم بە باشی ئەدای گۆرانییەكانی مامۆستا ئەحمەد شەماڵ بكەم”.
ئەم گۆرانیبێژە بەشداری ئاهەنگەكانی لایڤ موزیك و شەوە ئاهەنگەكانیش دەكات و دەڵێت “خۆم زیاتر بەشداری ئاهەنگەكانی خوێندكاران و لایڤ موزیك دەكەم، چونكە لەڕووی دارایی و مەعنەوییەوە باشە بۆمان و هەمیشەش وەك راهێنانی هونەری وایە بۆ هونەرمەندان”.
سەبارەت بە وتنی گۆرانی لە دانیشتنی شەوانەش، سەیوان وتی “ئاهەنگی شەوانە بۆ ئێمە زۆر باشتر و خۆشترە، چونكە ئەوانەی بەشدار دەبن كۆمەڵێك گەنجن و هیچ كەسێك هەراسانت ناكەن و كاری جددی نییە و كاتێكی دیاریكراویش نییە و بە موڕتاحتر گۆرانی دەڵێیت وەك لە ئاهەنگە جددییەكان”.
سەیوان ئێستا چەند كارێكی تایبەت بە خۆی لەبەردەستدایە كە دەیەوێت تۆمار و كلیپیان بۆ بكات و وتی “ئەگەر سپۆنسەر هەبێت و ستافێكی باش هەبن دەمەوێت بەرهەمێكی فۆلكلۆر پێشكەش بكەم، هەروەها بەرهەمێكی باوكیشم زیندوو بكەمەوە كە دەلالەت بێت بۆ كارە فۆلكلۆرییەكان، بەڵام تائێستا داوای سپۆنسەرم لە هیچ شوێنێك نەكردووە”.

ھەواڵی زیاتر