دوو سیناتۆری دیاری ئەمریکا داوای پشتیوانی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن

دوو سیناتۆری دیاری ئەمریکا لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە داوای پەیوەندیی و هاوبەشییەکی بەهێزتر لە نێوان واشنتن و هەرێمی کوردستان دەکەن و لە ٥ خاڵدا لە پڕۆژەیاساکەیان هۆکاری داواکەیان روون دەکەنەوە .

هەردوو سیناتۆر مارک روبیۆ و کریس ڤان هۆڵن کە لەو دوو سیناتۆرەن زۆر بەلایانەوە گرنگە دۆخی عێراق چۆن دەىێت و پەیوەندی نێوان واشنتن و هەرێمی کوردستان بەهێز بێت لە پڕۆژەیاساکەیان باس لە چەند خاڵێک دەکەن کە تێیدا داوای هاوبەشییەکی باشتر دەکەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان .
کریس ڤان هۆڵن ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەی روونکردووەتەوە و نووسیویەتی :” ئەمڕۆ هەردوو سیناتۆری دیمکرات کریس ڤان هۆڵن و مارکۆ روبیۆ سیناتۆری کۆماری پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کرد سەر بە وەبیرهێنانەوەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نەوای ئارام و هەرێمی نەفڕین و جەخت لە هاوبەشیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەکەنەوە، لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی گەورەترین هاوکاری مرۆیی لەکاتی خۆیدا لەلایەن ئەمریکاوە وەکو کلیل و هاوبەشی سەرەکی پێشکەش کرا، هەروەها هەرێمی دژە فڕین راگەیەنرا بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەهۆی هەڕەشەی رژێمی سەدام حوسێن .”
هەردوو سیناتۆرەکە لە پڕۆژەکەدا نووسیویانە :” ئەمساڵ کە ٣٠مین ساڵیادی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دابینکردنی ئارامییە کە بەهۆیەوە خەڵکی کورد تاوەکو ٢٠٠٣ پارێزران،بۆیە لە رێگەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە هەردوو سیناتۆر داوای هاوبەشیی گرنگ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەکەن لەکاتێکدا ئەو هاوبەشییە هەیە و پێویستە باشتریش بکرێت .”
لە پڕۆژەیاساکەدا بە واژۆی هەردوو سیناتۆردا باس لەوەش کراوە “لە رۆژانی سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لەدوای راپەڕینی کورد سەدام حوسێن رووی تانک و هەلیکۆپتەر و چەکەکانی کردە خەڵکی بێ بەرگری کوردستان لە عێراق ، ئەوکات کە سەدام حوسێن خاوەنی چەکی زۆر بوون و پێشتریش جینۆسایدی دژی کورد کردبوو و نزیکەی ٢٠٠ هەزار کوردی عێراق کوشت و بێ سەروشوێن کرد و نزیکەی ٤ هەزار و ٥٠٠ گوندی کوردی رووخاند، هەروەها چەکی کیمیایی کۆکوژی بەکارهێنا وهەزاران پیاو و ژن و منداڵی کوشت و دەیان هەزاری دیکەش بەرەو سنوورەکان هەڵاتن لە ترسی گازی ژەهراوی سەدام حوسێن، پێشتریش لە ئەنفال و هەڵەبجەدا چەندین تاوانی دیکە کران دژی کورد .”
هەردوو سیناتۆرەکە دەڵێن:” لەوکاتەدا قەیرانێکی مرۆیی گەورە سەری هەڵدا، رۆژانە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە کوردی عێراق دەمردن، قوربانییەکان هیچ شتێکیان نەبوو و لە زستانیشدا هیچ پێویستیەکی خۆپاراستنیان نەبوو و لە ناخۆشترین دۆخدا بوون ،بۆیە ئەمریکا هاتە دەنگ و وەڵامی هەبوو بۆ ئەو کارەساتە مرۆییە،سەرکردایەتی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مرۆیی کرد لەوکاتەدا، ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی و گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵک و سەپاندنی ناوچەی نەفڕین،ئەو ئۆپەراسیۆنە مرۆییە ژیانی خەڵکێکی زۆری لە کورد رزگار کرد کە لە لێواری مردنێکی راستەقینەدابوون و خەریک بوو لە سەرما رەق دەبوونەوە لەسەر سنوور .”
سیناتۆرەکان زیاتر دۆخی ئەوکاتی کورد رووندەکەنەوە و دەڵێن:”لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا کورد بە پشتیوانی ئەمریکا و لەژێر رۆشنایی ئەو ئۆپەراسیۆنە مرۆییە و بەتایبەت راگەیاندنی قەدەخەی فڕین دەپارێزرێن،ئەوەش لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان عێراق لەمێژە ناوچەیەکی ئارامی خەڵکە ئەوانەی لە ترسی شەڕ و ململانێ و چەوساندنەوە رادەکەن، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە هاوبەشێکی بەهێز و بەتوانای ئەمریکان لە شەڕی دژی تووندڕەو و تیرۆر بۆیە هەردوو سیناتۆر کریس ڤان هۆڵن و مارکۆروبیۆ جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە ئەو خاڵانە جێبەجێ بکرێن :
1- بە شکۆوە یادی 30 ساڵەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی بکرێتەوە
2- دان بە قوربانی سەرباز و هەوڵی دیپلۆماتکاران و سەرکردە سیاسییەکان بنرێت لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانانی ئەمریکا کە هاوکاربوون لە جێبەجێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە
3- دان بە ئازایەتی و بوێری نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ژن و منداڵ و پیاوانی کورد دابنرێت کە خەباتیان کرد لە پێناو مانەوە و بەرگری و پێشوازیشیان لەو هاوکارییانە کرد کە نێردران و بوونە هەلێکی دیکەی ژیانێکی نوێ
4- هاندانی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامی برەودان بە بەهاکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ،ئازادی، کە وای کردووە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام بێت لەو ناوچەیەی پڕ کێشە و ململانێییە
5- جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە
-هاوبەشی بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا هەبێت کە بۆ ئەمریکاش سوودی هەیە پەیوەندییەکی بەهێز هەبێت لەگەڵ عێراق

  • هەروەها پێویستە کۆنگرێس رێز و پشتیوانی بەردەوامی بۆ کورد لە عێراق وەکو هاوڕێ و دۆستی ئەمریکا هەبێت، کە بە بوێرییەوە لەگەڵ ئەمریکا بوون لە هەڵوێستی هاوبەش و شەڕی دژی تووندڕەوی و تیرۆردا .
    باسکردن و پێشکەش کردنی ئەو پڕۆژەیاسایە لەوکاتەدا گرنگی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەت کە حکومەتێکی نوێ لە عێراق پێکدێت و هەرێـمی کوردستانیش بە سەرکردایەتی پارتی پێگەیەکی بەهێزتری هەیە لە بەغدا،دەشبێتە سەرەتای هەوڵێکی دیکەی ئەمریکا بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان.