دانیشتوانی “شیاو سیتی”ـی هه‌ولێر به‌ر له‌ زستان له‌رزی چڵپاوی ڕێگه‌كه‌یان گرتوونی

چواس خالید – هەولێر

گه‌ڕه‌كی شیاوی هه‌ولێر، كه‌ زیادتر له‌ پێنج ساڵه‌ ڕۆنراوه‌ و چه‌ند سه‌د مه‌ترێك ئه‌ولاتری سه‌ر شه‌قامی خێرایی ١٥٠ مه‌تری هه‌ڵكه‌وتووه‌، ده‌روازه‌ی چوونه‌ژوره‌وه‌یان نییه‌ و دانیشتوانی به‌نێو زه‌ویوزاری خه‌ڵكی و به‌ ڕێگه‌یه‌كی پێچاوپێچی گڵیندا هاتوچۆ ده‌كه‌ن. ئه‌وان كه‌ له‌ هاویندا تۆزوخۆڵی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ هه‌ڵده‌مژن، زستانان ڤیستڤاڵی قوڕاویان بۆ ساز ده‌بێت.

كاتێك له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كیی شه‌قڵاوه‌ به‌سه‌ر ١٥٠ مه‌تریدا ڕووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر مل ده‌نێی، چه‌ند باڵه‌خانه‌یه‌كی به‌رزی سه‌رده‌میانه‌ی شاری مامۆستایان به‌ته‌نیشت یه‌كدییه‌وه‌ شه‌قامه‌كه‌یان نه‌خشاندووه‌، كه‌چی چه‌ند كیلۆمه‌ترێك ئه‌ولاتر؛ گه‌ڕه‌كی ئاراس و دواتریش گه‌ڕه‌كی شیاو دێت؛ هیچ ڕێگه‌یه‌ك نییه‌ بۆی بچی و دانیشتوانەكەی به‌ سه‌ر زه‌ویی خه‌ڵك و ڕێگه‌یه‌كی پێچاوپێچ و پازدان به‌سه‌ر هامڵتۆنی ته‌نیشت شه‌قامی ١٥٠ مه‌تریدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن، ئه‌و دیمه‌نه‌ له‌گه‌ڵ شه‌قامی ڕاسته‌ڕێی سه‌رده‌میانه‌ی به‌رینی بێوێنه‌یی وه‌ك ١٥٠ مه‌تری یه‌ك ناگرێته‌وه‌ و گه‌لێك ناجۆره‌، وەك پەڵەیەك بێ بەنێوچاوانی ئەو مەزنەپڕۆژەیەوە.
كاتێك به‌سه‌ر ئه‌و به‌رد و خۆڵه‌ی خه‌ڵكی به‌ته‌نیشت ڕه‌سیفه‌كه‌وه‌ وه‌ك ڕه‌مپه‌ دایانناوه‌ ڕووه‌و به‌ردڕێژی ڕه‌سیفه‌كه‌(هامڵتۆن) ده‌كه‌ویت، ڕێگه‌یه‌كی خۆڵاویی پڕ به‌رزی و نزمی و چاڵ و قووڵ له‌ پێشوازیت تا به‌رده‌ركی ماڵان درێژ بووه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رت پێدا كرد، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی پێشت تۆ له‌ خۆڵ وه‌رده‌دات و تۆش هه‌نگامه‌یه‌ك له‌ دواته‌وه‌ دروست ده‌كه‌یت، چاو چاو نه‌بینێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كارگه‌یه‌كی به‌هه‌ڕمێنی به‌رهه‌مهێنی پیسكردنی ژینگه‌ له‌وناوه‌ بێت. به‌ به‌رده‌وامیی تۆزوخۆڵ تا ته‌شقی ئاسمان به‌رز بووه‌ته‌وه‌، خۆ له‌ وه‌رزی زستانیشدا قوڕوچڵپاوێك ساز ده‌بێت، ده‌رچوونی ئه‌سته‌مه‌، ئه‌و دۆخه‌ كه‌ بۆ ڕێبواران ناڕه‌حه‌تییه‌كی تێپه‌ڕه‌، بۆ دانیشتوانی ئەوێ ساڵانێكه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ داخ له دڵن.
یه‌كێك له‌و ماڵانه‌ی نزیك ئه‌و ڕێگه‌یه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌، هی له‌وه‌ند عوسمانه‌ و ده‌ڵێ: “سێ ساڵه‌ تۆز و خۆڵی ئه‌و ڕێگه‌ قیرنه‌كراوه‌ هه‌ڵده‌مژین و، ڕۆژانه‌ حه‌وشه‌مان یه‌كپارچه‌ خۆڵه‌، زستانانیش قوڕ و چڵپاو تا ژووره‌وه‌ دێت”. دلێر مه‌حمودی نیشته‌جێی ئه‌و شاره‌ش به‌ بێزارییه‌وه‌ ده‌پرسێ كوا چیمان بۆ دكه‌ن؟، له‌ به‌ڵێن به‌ولاوه‌ هیچمان نه‌دی و ده‌ڵێ: “ژیانمان نییه‌ و كه‌سیش نییه‌ گوێمان لێ بگرێت”؛ ئه‌وه‌ گوته‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له ‌گه‌ڕه‌كی شیاو نیشته‌جێنه‌ و ده‌می هه‌ر كامێكیان ده‌كه‌یته‌وه‌ ته‌واو په‌ست و ناڕازین، ئه‌وان كه‌ ساڵانێكه‌ تاڵاوی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ ده‌چێژن، به‌ر له‌ هاتنی زستان، له‌ ترسی قوڕ و چڵپاوی شه‌قامه‌كه‌ له‌رز گرتوونی.
له‌ ده‌ربازبوونیان له‌و دۆزه‌خه‌، وه‌نه‌بێت دانیشتوانی شیاو سیتی ده‌سته‌وه‌ستان بووبن، له‌نێوخۆیاندا كه‌سانێك بۆ سۆراغ و چاره‌سه‌ركردنی گرفتەكەیان، له‌ زۆر ده‌رگه‌یان داوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هه‌ر بێ ڕێگه‌ن، یه‌ك له‌وانه‌ی له‌ به‌دواداچوونیان به‌شدار بووه‌، زه‌كی حوسنییه‌، ئه‌و كه‌ پێنج ساڵه‌ له‌ شیاو سیتی نیشته‌جێیه‌، سه‌رباری هه‌ڵڕشتنی دنیایه‌ك گله‌یی له‌ قیرنه‌كردن و بێ ڕێگه‌یی شوێنی نیشته‌جێیان ده‌ڵێ: “له‌ ڕێگه‌ی شاره‌وانییه‌وه‌ داوای چاره‌سه‌رمان كرد، كه‌ ئه‌وكات به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه‌ نه‌كرا، به‌ڵام دوایی ڕه‌زامه‌ندی پیشان درا شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری له‌ نێوان شیاو سیتی و گه‌ڕه‌كی ئاراس دروست بكرێت”.