٤٥٠ هاووڵاتی مافیان بۆ گێڕایەوە و بوونە خاوەن شووقەی خۆیان

كارزان گلی – هه‌ولێر

سەدان هاووڵاتی، لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبووندا مافیان خورابوو و بێبەشببوون لە وەرگرتنی شووقە، چونكە پڕۆژەكە كارەكانی وەستابوو، بەڵام حكوومەت بەڵێنی خۆی بردە سەر، كاتێك گووتی كێشەكانتان چارەسەر دەكەم و مافی بۆ سەدان كەسی گێڕایەوە.

د.محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان رایگەیاند: ” لە كابینەی نۆیەمدا، بەڵێنێك بە بەشداربووانی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون درا و ئێستا بەڵێنەكەمان بەجێگەیاند.
شووكری دەڵێت: “پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، كە ١٢ ساڵ تەواو نەدەكرا و كاركردن تێیدا وەستابوو، ئێمە كێشەكەمان چارەسەر كرد. لە ماوەی رابردوودا وەبەرهێنەرێكمان راسپارد تا ئەو پڕۆژەیە تەواو بكات، لە ٢١١٠٢٠٢١ خەڵك لە نێو پڕۆژەكەدا نیشتەجێ كرا”.
ئەو پڕۆژەیە پێشتر ناوی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (مەم و زین) بوو، چونكە دوو تاوەری سپی بوو بە تەنیشت یەكەوە و سیمایەكی جوانی هەبوو، بەڵام كاتێك درایە وەبەرهێنەرێكی تر، ناوەكەی بۆ (لایف تاوەر) گۆڕدرا.
بە گوێرەی گوتەی “مەحەممەد شوكری”، پێشتر لەو پرۆژەیەدا، ٤٥٠ هاووڵاتی مافیان پینەدرابوو، بەڵام توانرا مافیان بۆ بگێڕدرێتەوە و ئێستا بوونەتە خاوەنی شووقەی خۆیان.
لە كابینەی نۆیەمدا، بەڵێنیان بەو خەڵكە دابوو كە ئەوەی مافی خوارەوە مافیان بۆ دەگێڕنەوە، بەڵێنەكەیان بردە سەر و ئێستا خەڵكەكە دڵخۆشە.
یەكێك لەو كەسانەی كە پێشتر لەو پڕۆژەیە مافی خورابوو، دەڵێت ئێستا دڵخۆشین چونكە مافمان بۆ گەڕێندرایەوە.
حەتەم نووری، یەكێك بوو لەو كەسانەی پێشتر مافی خورابوو، بۆیە هانای بۆ حكوومەت هێنا تا كێشەكەی چارەسەر بكات، خۆشبەختانە كێشەكەی چارەسەر كرا و دەڵێت: “زۆر دڵخۆشم، چونكە مافێكمان لای ئەو پڕۆژەیە هەبوو و نەدەدرایەوە، لەم كابینەیەدا بەهانامانەوە هاتن و كێشەكەیان چارەسەر كرد، بەڕاستی جێی دەستخۆشین و بەڵێنەكەیان بردە سەر”.
لایف تاوەر، جگە لەوەی دوو تاوەرە بە رەنگی سپی، بە دەوریشیدا چەند شووقەیەكی تری نیشتەجێبوونە، كە سیمایان زۆر جوانە و پڕۆژەكەیان سەرنجڕاكێشتر كردووە.
كاتێك پڕۆژەكە بەشێكی تەواو بوو و ئەو كەسانەی پێشتر مافیان خورابوو و شووقەكەیان وەرگرتەوە، چەندین بەرپرسی حكوومی وەكوو میوان بەشداربوون، هەمووشیان دڵخۆش بوون بەو كارە و سوپاسی دەستەی وەربەرهێنانیان كرد، كە مافی خەڵكەكە گێڕاوەتەوە.
لایف تاوەرز، دەكەوێتە سەر شەقامی ١٢٠ مەتری و نزیكەی هەزار یەكەی نیشتەجێبوونە، ٥٠٠ یان تەواو بوونە و ئێستا خەڵكی تێدا دەژین و ٥٠٠ی تریش كاركردن تێدا بەردەوامە.
دەستەی وەبەرهێنان، خەریكی ئامادەكارییە، كە تەواوی ئەو پڕۆژانەی پێشتر مۆڵەتیان هەبووە و بە هەر هۆكارێك بێت ئێستا كار لە پرۆژەكە ناكەن، دەست بە پڕۆژەكە دەكەنەوە، یان دەیدەنە وەبەرهێنەرێكی تر، یان خاوەنی پڕۆژەكە ناچار دەكەن كارەكان تەواو بكات.