پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

راهێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد په‌یامێك بۆ كریستیانۆ ده‌نێرێت

راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی مان یونایتد ئێریك تێن هاگ له‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی وه‌كو راهێنه‌ری نوێی شه‌یتانه‌ سووره‌كان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هاری ماگوایه‌ر وه‌كو كاپتن ده‌مێنێته‌وه‌ و كریستیانۆ رۆناڵدۆش له‌ مان یونایتد به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌سه‌ر پێگه‌ی یانه‌ی مان یونایتد چاوپێكه‌وتنێكی میدیایی راهێنه‌ره‌ تازه‌كه‌یان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ تێیدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی لویس ڤان خاڵ به‌ پلانێكی هۆڵه‌ندی مان یونایتد به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
ئێریك تێن هاگ راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی مان یونایتد خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌هۆی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌وره‌ و گه‌رمه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی مان یونایتده‌وه‌ لێیكرا.
ئێریك تێن هاگ له‌ وه‌ڵامێكی رۆژنامه‌نووساندا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد به‌ هه‌مان ئه‌و شێوازه‌ی له‌ یانه‌ی ئایاكس په‌یڕه‌وی كردووه‌ له‌ مان یونایتد كار ده‌كات.
گوتیشی: به‌ڵێ من به‌ شێوازی پلانی هۆڵه‌ندی له‌ مان یونایتد كار ده‌كه‌م ئه‌و پلانه‌ی كه‌ به‌ میرات بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام من ساڵ له‌ دوای ساڵ شتی نوێتر فێر ده‌بم و ده‌توانین بۆ وه‌رزی داهاتوو كاری گه‌وره‌ و جیاواز بكه‌ین.
له‌ باره‌ی ئه‌و لێدوانه‌ی لویس ڤان خاڵ كه‌ پێشتر گوتبووی مان یونایتد یانه‌یه‌كی بازرگانییه‌، ئێریك تێن هاگ گوتی: ئاساییه‌ هه‌موو یانه‌یه‌ك بازرگانییه‌ و به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانی یانه‌كان، به‌ڵام لای من ده‌بێت بژارده‌ی دووه‌م و سێیه‌م ته‌نیا تۆپی پێ بێت.
له‌ باره‌ی گواردیۆلا و یۆرگن كلۆپ، راهێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی مان یونایتد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌وانه‌ دوو راهێنه‌ری گه‌وره‌ن، به‌ڵام سه‌رده‌می ئه‌وانیش كۆتایی دێت، ده‌شڵێت: ئێمه‌ په‌له‌ له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان ناكه‌ین، سه‌ره‌تا ده‌بێت كار له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌مان بكه‌ین، پاشان به‌ڵێن ده‌ده‌ین مان یونایتد بگه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌رجه‌می زێڕینی خۆی.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، تێن هاگ رایگه‌یاند كه‌ هاری ماگوایه‌ر كاری باشی بۆ مان یونایتد كردووه‌ و بێگوومان وه‌كو كاپتنی یانه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، كریستیانۆ رۆناڵدۆش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ پلانه‌كانی دا ده‌بێت و ته‌نیا داواكاری له‌و یاریزانه‌ ته‌نیا گۆڵكردنه‌.
ئێریك تێن هاگی ته‌مه‌ن 52 ساڵ، ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئایاكس بووه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی هۆڵه‌ندا، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ كۆی 215 یاری، 159 بردنه‌وه‌، 27 به‌رامبه‌ربوون و 29 شكستی تۆمار كرد و ئه‌مڕۆ سه‌رپه‌رشتی یه‌كه‌مین مه‌شق و راهێنانی مان یونایتد ده‌كات.