پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مه‌سرور بارزانی: ئامانجێكی به‌شداریكردنمان له‌ كۆڕبه‌ندی داڤۆس بۆ تێگه‌یاندنی جیهانه‌ له‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی رووبه‌ڕوومان بوونه‌ته‌وه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌شداریكردنی ئێمه‌ له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی داڤۆس بۆ ئه‌وه‌ بوو، دیدگا و تێڕوانینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاماده‌بووانی كۆڕبه‌نده‌كه‌ ئاڵوگۆڕ بكه‌ین و گوێش له‌ دیدگای تێڕوانینه‌كانی ئه‌وان بگرین.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی له‌ داڤۆس گوتی: ئامانجێكی دیكه‌ی به‌شداریكردنمان له‌و كۆڕبه‌نده‌ بۆ تێگه‌یاندنی جیهانه‌ له‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ی رووبه‌ڕوومان بوونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌م بۆچوونی خۆمان به‌ ئه‌وان رابگه‌یه‌نین و هه‌میش گوێ له‌ بیروبۆچوونه‌كانی ئه‌وان بگرین، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ئێستا رووبه‌ڕووی جیهان به‌ گشتی بوونه‌ته‌وه‌.

مه‌سرور بارزانی جه‌ختیكرده‌وه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه‌ بتوانین تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ریمان هه‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و كێشانه‌ی له‌ سێكته‌ره‌كانی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی وزه‌ به‌رۆكی جیهانیان گرتووه‌، به‌وه‌ی هیچ نه‌بێت بتوانین بۆ ناوچه‌كانی خۆمان ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕ بكه‌ینه‌وه‌.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكیش، له‌باره‌ی ئاینده‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی جیهان ئاراسته‌ی كرا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: له‌ كۆڕبه‌ندی ئه‌مجاره‌ی داڤۆس، ئه‌و بابه‌تانه‌ی زیاتر باسیان لێوه‌كرا، بریتیبوون له‌ كێشه‌ی ئاسایشی خۆراك، كێشه‌ی وزه‌ و هه‌ندێك پرس و كیشه‌ی سیاسی، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس له‌ كاریگه‌رییه‌كانی شه‌ڕیش كرا، وه‌ك شه‌ڕی ئۆكرانیا، كه‌ ئه‌و كێشانه‌ چه‌نده‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پرسه‌كانی دیكه‌ هه‌بووه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ ئه‌وروپا، به‌ڵكو له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ش.

مه‌سرور بارزانی گوتی: ئێمه‌ قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌، چۆن بتوانین یارمه‌تیده‌ری یه‌كتر بین و ئه‌وان چۆن بتوانن یارمه‌تی ئێمه‌ بده‌ن، قسه‌مان له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌و كۆمپانیایانه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا به‌شداربوون، ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت بۆ كاری وه‌به‌رهێنان  بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و سوودیش له‌و ئه‌زموونه‌ی ئێمه‌ وه‌ربگرن، كه‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ وێڕای ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه‌ی تووشمان هاتن، چ وه‌ك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، یانیش ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، كه‌ كوردستان چۆن توانی له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و هه‌نگاوی باشتریش به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بنێت.

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمه‌ داوامان له‌و كۆمپانیایانه‌ كردووه‌، بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، ئه‌وانیش ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه‌، ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان ده‌رفه‌تێكی زۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ بتوانن سوودی لێ وه‌ربگرن، هه‌ڵبه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش سوود له‌ شاره‌زایی ئه‌وان وه‌بگرین و به‌ یه‌كه‌وه‌ بتوانین هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین.