پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتاییهات

کۆبوونەوەی هەردوو شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات.   

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، کەمێکی دیکە پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە. 

کۆبوونەوەکەی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو. 

رۆژی یەکشەممە 22-5-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی کۆبووەوە و لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆیان کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکاندا بە “باش” ناوبرد و جەختی لەسەر کاری پێکەوەیی کردەوە. 

رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا بە رووداوی گوت، “کۆبوونەوەکە گرنگە و پارتی و یەکێتی پەرۆشن بۆ ئەوەی لەپێناوی بەرژەوەندی گشتیی گرنگی بە بابەتەکان بدەن.”

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “ئەم کۆبوونەوەیە دوای سەردانە سەرکەوتووەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای سلێمانی و دیداری لەگەڵ لایەنەکان بۆ دروستکردنی زەوینەی گفتوگۆ و رێککەوتنی لایەنەکان دێت، لەسەر پرسە نیشتمانییەکان، بەتایبەتیش هەردوو لایەنی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی.”  

لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆوە، عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانی و نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، “پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە تەواوکەری یەکدین.” 

شاندی پارتی لە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی. هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. ئازاد بەرواری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. رێبوار یەڵدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. جەعفەر ئیمنیکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. دڵشاد شەهاد، ئەندامی سەرکردایەتی. پشتیوان سادق، ئەندامی سەرکردایەتی. عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پێکهاتبوون.  

شاندی یەکێتی لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی. رزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. خەسرەو گوڵ محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی پێکهاتبوون.