سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا كۆبووەوە‏ 

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2022/5/25، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان، پێشوازی لە مارك برایسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ‏شاندێكی سیاسی و سەربازیی یاوەری كرد.‏
لە كۆبوونەوەیەكدا برەودان بە پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی ‏كوردستان، دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، دۆخی ناوخۆی هەرێمی ‏كوردستان، شەڕی دژی تیرۆر و جموجۆڵەكانی داعش بەتایبەتی لە ناوچەكانی ‏مادەی سەد و چل، گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق و هەرێمی ‏كوردستان و ناوچەكە، تاوتوێ كران.‏
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەبوونی تێڕوانین و لێكگەیشتنی هاوبەشی لایەنە ‏عێراقییە‌كان بۆ چارەسەری كردەوە و هاوڕا بوون لەوەی ئەگەر بڕیار و ئیرادەی ‏سیاسی هەبێت، دەرفەت هەیە لایەنەكان بگەنە چارەسەرێكی كۆكەرەوە كە ‏چەقبەستوویی و بنبەستی سیاسی تێپەڕێنێت.‏
هەردوولا نیگەرانییان لە دۆخی شەنگال و پێشهاتەكانی ناوچەكە دەربڕی كە بوونە ‏هۆی دووبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵكی ئێزدی و جەختیان لە گرنگیی پێكەوەكاركردنی ‏حكوومەتی فیدرالی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ ‏ناوچەكە كردەوە. ‏
سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە ‏سیاسییەكان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ‏دەوروبەر و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.‏

ھەواڵی زیاتر