لە یادی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز

مستەفا خۆشناو

بارزانی نەمر:
“من دڵنیام کە ھەر سەردەکەوین بەڵام ترسم لەوەدایە ئەو کات ئەوانەی زەحمەتیان کێشاوە و خەباتیان کردووە لە بیربکرێن”.

فەرموودەیەکی مێژوویی ڕابەری مەزن و سەرکردەی روحیی نەتەوەکەمان مستەفا بارزانی نەمر ھەیە کەوا لە ڕۆژگارە سەخت و دژوارەکانی خەباتدا دەرھەق بەو کەسانەی فەرمووە کەوا ھەموو ژیانی خۆیان کردبووە قوربانی لە پێناو پاراستنی گەل و خاکەکەیان. ھەڵبەتە ئەو کەسانەش پێیان دەگوترێ پێشمەرگە، پێشمەرگە ئەو کەسەیە کەوا بۆ پاراستنی خاک و ناسنامەی گەلەکەی ھەموو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی وەلاناوە و ھەردەم گیان لەسەر دەست ژیانی خۆی خستۆتە مەترسی و ھەموو خۆشیەکی ژیانی دونیای لە خۆی حەرام کردووە، پێشمەرگە ھەمیشە پشتی لە ئاوەدانی کردووە و ڕووەو بەرزترین لووتکە چیای ئەم وڵاتە شیرینە ملی ناوە بۆ ئەوەی لە وێوە بە زۆرداران و دوژمنانی کورد بڵێ من ئەو کەسەم کەوا پێم دەڵێن پێشمەرگە و تاکو منیش ھەبم کەس ناتوانێ ناسنامەی نەتەوەکەم بسڕێتەوە. پێشمەرگایەتی ئەو ئەرکە پیرۆزەیە کەوا گوزارشت لەخەبات و قارەمانیەتی و گیان فیداکاری خەڵکانێک دەکات کەوا لە ڕۆژانی سەخت و دژواری ئەم کۆمەڵگایەدا خەباتیان کردووە و زەحمەتیان کێشاوە و گیانی خۆیان خستبووە سەر لەپی دەستیان بۆ پاراستنی گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان و ئەم توێژە نمونەی خەباتی بەرز و پیرۆزی ڕۆژانی سەخت و تێکۆشانی گەلەکەمانن و ئێستا پێیان دەگوترێ (پێشمەرگە دێرینەکان) و خەباتی ئەم توێژە ئەوەندە بەرز و پیرۆزە کەوا ئێستا بۆتە ئەفسانە و مێژوویەک و وەکو وانەیەک پێشکەشی قوتابی وھەرزەکارانی ئەمڕۆی کۆمەڵگاکەمان دەکرێت، بەتایبەتی خەباتی ئەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستانەی کەوا ساڵانێک بوو ئەو ھەلۆیانە عاشق بە کێوە سەرکەشەکانی کوردستان ببوون و ببوونە چقڵی چاوی دوژمنانی کورد زراو ڕژێنی دوژمنانی کورد و بە خوێنی ئاڵی خۆیان پارێزەرییان لە داروبەردی ئەم وڵاتە دەکرد لە بەر ئەوەی سەریان بۆ دوژمنانی کورد نەوی نەکرد بۆیە و پشتیان لە ژیان و گوزەرانی خۆش و خۆشەویستی ماڵ و مناڵ و خاوخێزانەکەیان کردبوو بەرەو شەھادەت لەپێناوگەل و خاکەکەیان ملیان نابوو و شەونخونیان دەکرد بۆ پاراستنی ناسنامە و ناوی پیرۆزی کورد و کوردستان و وەدی ھێنانی مافە رەواکانی ئەم گەلە ستەم دیدە و، لەم پێناوەدا دەیان داستان و بەرخودان و قارەمانیەتیان تۆمار کردووە و دروشمی(یان کوردستان یان نەمانیان) بە ڕووی دوژمنانی کورد بەرز کردبووەوە و لەم پێناوەدا شەڕی مان و نەمانیان دەکرد ڕووبارێک خوێنیان لەم ڕێگایەدا بەخشیوە. ئێستاش کۆمەڵێک لەو پێشمەرگانە بە پەککەوتەیی ژیانی چەرمەسەری دەبەنە سەر، کەوا ئەندامێکی گرینگی لەشیان ھەر لەم پێناوەدا بەخشیوە، بەڵام ئەمە لە ھەموو شتێک گرینگترە کەوا ئێستا لای گەل و نەتەوەکەیان لە ھەموو کەسایەتیەک بەرزو پیرۆزترن و کەرامەتیان پارێزراوە، ڕۆژانێک بوو وشەی پێشمەرگە پیرۆزترین نازناوی کورد بوو تەنانەت پلە و پایەی پێشمەرگایەتی لای جەنابی سەرۆک ( بەرزترین پلەی خەبات ) ناوزەد کراوە و ڕێزی لێ گیراوە. بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاوڕێکی بەخێر لەم توێژە پیرۆزەی نێو کۆمەڵگاکەمان بداتەوە و قەرەبوی بەشێکی ئەم زەرەر و زیانانەی کەوا لەکاتی بەئەنجام گەیاندنی خەباتی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لێیان کەوتووە بکاتەوە چونکە ھەموومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین ئەو کاتەی کەوا تاکی کورد دەچووە ریزی خەباتی پێشمەرگایەتی حکوومەتی فاشستی بەعس چی بەسەر خانەوادەکانیان دەھێنا و چۆن و بەچ شێوەیەک ڕەفتاری لەگەڵدا دەکردن و چۆن داروبەردی خاپور دەکردن کەوا دووربوو لەھەموو بنەمایەکی مرۆڤایەتی و ئەمە و جگە لەوەی بەسەدان گەنجی پێشمەرگە لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندندا نەیانتوانیوە درێژە بەخوێندنەکانیان بدەن و وەکو ئەو خەڵکە ببنە خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی و دواڕۆژێکی پڕشنگدار بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە ھەموو بەرژەوەندیەکی تایبەتی خۆیان وەلاناو بەرەو بەرزترین لووتکە چیای ئەم نیشتیمانە ملیان دەنا و چەکی شەرەفیان دەخستە شانیان بۆ پارێزگاری کردنی ناسنامەی کورد، کەچی ئەگەر ئێستا داوای دامەزراندن بکەن لەحکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشینە داوای بڕوانامەی خوێندنی ئەکادیمی لێ دەکەن و بەبێ ئەوەی بزانن کەوا ھۆکار چی بووە کە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندنەکەی بدات و بۆچی ئەویش نەیتوانیوە وەکو ئەم خەڵکە ببێتە خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی و ئێستا پلەیەکی بەرزی لە حکوومەتی ھەرێم بەر کوتبایە.
لێرەدا پێویستە ڕۆلی خەباتی ڕۆژانی سەختی پێشمەرگە دیرینەکان لەبەرچاو بگیرێ کەوا ڕۆژانێک ئەرکێکی نەتەوەیی زۆر گەورەو پیرۆزیان خستبووە سەرشانیان و کوڕی ڕۆژی تەنگانە بوون و بەرپرسیاریەتی بەرەنگاربوونەوەی سڕینەوەی ناسنامە و ناوی پیرۆزی کورد و کوردستانیان خستبووە ئەستۆی خۆیان و بەخوێنی خۆیان پایرێزگاریان لە بوونیان دەکردن و ئەوان بەخوێنی خۆیان ئەو دارە ئازادیەیان بەرھەم ھێناوە کەوا ئێستا خەڵکی کوردستان لەژێر سێبەرەکەی پشوو وەردەگرێ و لە بەرەکەی دەخۆن. بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە حکوومەتی ھەرێم و سەرکردایەتی سیاسی کورد کەوا بەشی زۆریان لە ھەمان ئەو پێشمەگە دێرینانە بووینە کەوا دەرچووی ئەو قوتابخانە تۆکمە کوردەواریەن و پێویستە رۆژە دژوارەکانی ئەو سەردەمە و ئەو ھەڤاڵانەیان بێتەوە یاد کەوا ھاوخەباتیان بوون و ھاوڕێی یەک سەنگەر بوونە، ئاوڕێک لە ژیان و گوزەرانی خانەوادەی ئەم توێژە چالاک و ماندوو نەناسە بدەنەوە کەوا پێیان دەگوترێ (پێشمەرگە دێرینەکان) و ھەوڵ بدرێ بۆ کارئاسانی و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانیان کۆمەڵەیەک یاخود دەزگایەک بۆ بەھانا چوونی کێشە و گرفتەکانیان دابمەزرێ، بۆ ئەوەی بەکردەوە تەعبیر لە پیرۆزی خەباتی پێشمەرگە بکات و ڕۆژانی سەخت و دژواری پێشمەرگەیان بیر بێتەوە و خەباتی ئەو کەسانە لەبەر چاو بگرێت کەوا ڕۆژانێک پێشمەرگە بوونە خەباتیان کردووە و ماندوبونیان دیوە و بۆ ئەوەی درک بەوە بکرێ کەوا ئەو دەسکەوتانەی ئێستا لە کوردستان و ئێڕاق بە دەست ھاتوون لەئەنجامی خەبات و ماندووبوونی ئەو قارەمانانە بووە کەوا قوربانیان لە پێناوی داوەو بە خوێنی پیرۆزی خۆیان ئەو دارە ئازادیەیان ئاو داوە کەوا ئێستا گەلەکەمان لە بەرەکەی دەخوات و ھەست بە لە بیرکردن و مەغدوریەت نەکەن بەتایبەتی لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ کەوا خەریکە ئەو مەترسیەی کەوا باوکی رووحی نەتەوەییمان بارزانی نەمر پێشبینی دەکرد و لێی دەترسا بێتە دی کاتێک لە فەرموودەیەک کەوا کردوومەتە ناونیشانی وتارەکەم بە پێشمەرگەی فەرمووە، چونکە رابەری مەزن ئەوەندە خەمخۆری پێشمەرگە بووە تەنانەت رێگای بە ھیچ کەسێک نەداوە کارێک بکات تاکو ناوی پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگایەتی پێ لەکەدار بکرێت بۆیە پێویستە لە سەر ھەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە بە تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی کوردستان کەوا بەپلەی یەکەمین ئۆباڵەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان، چونکە ئەوان بە کەسانی پلەی یەکەم دێن لەو کەسایەتیانەی بە پەیڕەوانی رێبازی پیرۆزی کوردایەتی ناوزەد دەکرێن، کەوا باوکی روحیی نەتەوەییمان بارزانی نەمر ھەڵگری پەیامەکەی بووە و دەبێ پێش لەو مەترسیە بگیرێت کەوا بارزانی نەمر لێیدەترسا و پێشبینی دەکرد جا بۆ ئەوەی روحی بێگەردی رابەری مەزن بارزانی نەمر شاد بکەین و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بەرز ڕابگرین و نەھێڵین لەبەر دڵان ناشیرین بێت و لە پێش چاوان ون بێت، پێویستە رێز لە خەباتی پێشمەگایەتی ھەر تاکێکی پێشمەرگە بگیرێت و ئەرک و ماندووبونیان لە بەرچاو بگیرێ و چاوێک بە باروگوزەرانیان بخشێندرێتەوە بۆ ئەوەی ھەوڵ بدرێ ھەناسەیەکی ژیانەوەیان پێ ببەخشنەوە، چونکە ئەوانە ڕۆژانێک ئەرکێکی گرانیان لە سەرشان بووە و تاکو ئەو ئەرکەشیان نەگەیاندە سەر کۆڵیان نەدا و پشوویان وەرنەگرت وە ئەوەی ئێستا گەلەکەمان لەبەری حەساوەتەوە و بەرھەمەکەی دەخوات ڕەنجی خەبات و ماندووبونی ئەو پێشمەرگانەیە کەوا خەریکە خودی ئەو پێشمەرگەیە لەخواردنی بەرھەمەکەی خۆی بێ بەش بکرێت. جوانترین وتەش بۆ ئەوەی ناوی پێشمەرگە ھەر بە بەرزی و پیرۆزی بمێنێتەوە و نەوەی ئێستا و داھاتووی گەلەکەمانی لێ ئاگاداربکرێتەوە لە دڵیان بیپارێزن و لە بیری نەکەن ئەوەیە پێیان بڵێین :”تۆ کە ئێستا لە سایەی ئازادیی کوردستاندا بە ئازادی ژیان دەکەی و دەخوێنی و کاردەکەی ھەقە خوێنی شەھیدان و رەنجی رەنجکێشانت لەبیر نەچێت، چونکە داری ئازادی ئەم ئەزمونە و ئەم ئازادیە و دیموکراسییەی ئێستا کەوا گەلەکەمان لە بەرھەمەکەی دەخوات و ئەمڕۆی لێ بەرھەم ھاتووە، قوربانی زۆری بۆ دراوە و بە ڕووباری خوێن ئاودراوە “.

ھەواڵی زیاتر