ململانێی ئاو لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیا توندتر دەبێت

فڕێدانی بەلەمەکانی ڕاوی ماسی لە کەناراوەکانی دیجلە لە عێراق؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەریاچەی ورمێ کە ساڵانێک ١٤٠ کیلۆمەتر درێژ دەبووەوە، ئێستا سیمایان گۆڕاوە، ئێستا ئۆتۆمبێلەکان بەنێو دەریاچە وشکبووەکانی عێراقدا تێدەپەڕن، لە باشووری عێراقیشدا ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان هەیە دژی بڕینی بەشەئاوی عێراق لەلایەن ئێرانەوە، بۆیە ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن شەڕی داهاتووی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر دەبێت .

ئێستا کە گفتوگۆی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەستاوە، گەرمای هاوین نزیکە و وشکەساڵییش گەورەترین هەڕەشەی سەر خەڵکە لە ناوچە جیاوازە، لە ئەفریقاش کێشەکە توندتر بووە و بەنداوی نەهزە لەسەر ڕووباری نیل کێشەی گەورەی دروست کردووە .
ئاو وەکو کارتێکی سیاسی
8 مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لە عێراق هێشتا نەیان توانیوە حکوومەتی نوێ پێک بێنن، کێشەی سەرەکی لە پۆستە باڵاکان دایە، حكوومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی هەموو دەسەڵاتێکی نەماوە و ئەو کارانەی دەیکات لەسەر بنەمای بودجەی پەسندکراو نییە، پڕۆژەکانی بووژانەوەی عێراق وەستاون و جێبەجێ ناکرێن، گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردنیش هۆکارێکی دیکەی خراپتربوونی دۆخی عێراقە. ساڵی ڕابردوو یەدەگی ئاوی عێراق بە ڕیژەی ٪50 دابەزی، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێ، چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو ساڵی 2040 وشک بێت، عێراق پەنجە بۆ ئێران درێژ دەکات لەو پرسەدا دەڵێ ئێران بێ پرس و ڕا بە عێراق دەستی کردووە بە گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، هەفتەی ڕابردوو عێراق جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای سكاڵا لەسەر ئێران تۆمار دەکات، بەو پێیەی عێراق پێی وایە ئێران ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە لە هاوبەشکردنی ئەو ئاوانەی دەڕژێنە خاکی عێراق. لە نێو ئەو تۆمەتانەی عێراق ئاراستەی ئێرانی دەکات ئەوەیە ئاو وەکو کارتێکی سیاسی بەکار دێنێت ئەوەش دەکاتە کەرەستەی گوشار لە بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی لە پەرلەمان لەگەڵیانە. لە ڕابردووشدا ئەوە ڕووی داوە، ئاوی بەسرە کەمی کرد و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی فراوان ڕووی دا کە بووە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی عێراق، لای خۆشیەوە ئێران دەڵێ عێراق بە باشی ئیدارەی کەرتی ئاو ناکات. ڕێزی لە هەموو ڕێککەوتنەکانیش گرتووە، تەنانەت لیژنەی هاوبەشیشیان هەیە.
زیان بۆ ئاسایشی نیشتمانی
لە کاتێکدا ئێران و عێراق خەریکی لێک تێگەیشتنن لەسەر پرسی ئاو لەو هاوینەدا، ئێران هاوینی ڕابردوو ڕەخنەی لە تورکیا گرت لەسەر دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەسەر ڕووباری دیجلە و گوتی ئاو کراوەتەوە کەرەستەی سیاسی .
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی مەترسی سەر ئاسایشی نیشتمانی ئێران باسی لە خۆپێشاندانی فراوان کرد لە پارێزگای خوزستان لە ئێران لەبارەی کەمی ئاو لەو پارێزگایە. خۆپێشاندانەکە شاری دیکەشی گرتەوە و توندوتیژیی لێ کەوتەوە، ئێستا ناکۆکی ئەو سێ وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێك، کە بووەتە زیانی گەورە بۆ سەر خەڵك. ململانێی ئەو وڵاتانە کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش داناوە، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو کاریگەرییەی بە ڕوونی دەرکەوتووە .
لەکاتێکدا تورکیا تۆمەتبار دەکرێت بە کەمکردنەوەی بڕی ئاوی ڕژاو بۆ سووریا، تورکیا دەڵێ ڕێزی لە هەموو بنەما و بڕگەکانی ڕێککەوتنی ساڵی 1987ـی دیمەشق گرتووە. بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت ساڵانە 500 ملیۆن مەتر سێ جا ئاو بڕژێتە ئەو وڵاتە، ئەو ڕێککەوتنە، بەڵام تورکیا بۆچوونی دیکەی هەیە و دەیەوێت ئەو ئاوەی دەرژێتە سووریا بۆ خەلك بێت و نەبێتە کارتی سیاسی .
ئێستا ئێران ناتوانێ تورکیا بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی 1997ـی نیویۆرک تۆمەتبار بکات، تورکیا ئەو ڕێککەوتنەی ئیمزا نەکردووە، هەموو ئەو ڕێککەوتنانەشی لەسەر ئاو هەیە خۆبەخشانە و لێک تێگەیشتنە، بۆیە ئێستا مەترسی هەیە لە هەر کاتێکدا ناکۆکییەکان بتەقێتەوە و ناکۆکییەکان زیاتر بن لەوەی ئێستا هەیە .

ھەواڵی زیاتر