ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: پەکەکە هۆکاری نائارامییەکانی شنگالە

دلۆڤان ڕەحیم – هە‌ولێر

لە کاتێکدا گرژی و ئاڵۆزییەکان لە شنگال لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە و سوپای عێراق بەردەوامە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەسەر رێگری لە جێبەجکردنی یاسا لەو شارەدا و رێگری پەکەکە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەی کوردانی ئێزدی

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە راپۆرتێکدا دەڵێ :’ لە 2014 دا کاتێک داعش هەڕەشەی لە هەولێر کرد ، زۆر پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوە گیانیان کردە قوربانی و رێگەیان نەدا داعش بێتە پێش لە نێو ئەو ناوچانەشدا شنگال، بەڵام دوایی کە لە ٢٠١٧ دا داعش شکستی پێهێنرا، هەرچەندە لە هەندێک ناوچە جموجۆڵی بەردەوامە، مووچە و بودجەی پێشمەرگە بەپێی پێویست بۆ پێشمەرگە نەنێردراوە، ئێستا شنگال پێویستی بە بووژانەوە و، ئابووری باشتر و ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام گەورەترین ئاستەنگ بەپێی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە بوونی پەکەکەیە لەو ناوچەیە
هەژار زەنگەنە، یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بە ماڵپەڕەکەی گوتووە:” هەزاران کوردی رۆژئاوا کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە راهێنانیان پێکەوە بۆ شەڕی داعش هێشتا لە هەرێمی کوردستانن، پەکەکە رێگەنادات بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و شوێنەکان بپارێزن، زۆربەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بوونی یەپەگە و گرووپەکانی سەر بەپەکەکە لە شنگال هۆکاری ئەو ناسەقامگیرییەیە لەو هەرێمە هەیە، ئەوان بیانووی بوونی داعشیان هەیە بۆ مانەوە لەو ناوچانە لەکاتێکدا سوپای عێراق گوتویەتی دەتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو گرووپانە مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرن و رێگە نادەن ئاسایشی ئەو ناوچانە بەدەستی خەڵك و پۆلیس و هێزی دیکەی فەرمی بێت ، شنگال ناوچەیەکی کوردستانییە، بەڵام ئاستەنگ هەیە چەند ساڵێکە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، پەکەکە رێگە نادات ئەو رێککەوتنەش جێبەجێ بکرێت کە لە نێوان هەردوو حکومەت واژۆ کراوە، هێشتا زۆربەی خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارەن و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، رەتی دەکەنەوە بگەڕێنەوە بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری، بە بوونی ئەو گرووپانەش ئەو ناسەقامگیییە بەردەوام دەبێت . هەوڵەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بەهۆی ئەو گرووپانە شکستی هێناوە، چەندین جاریش ئاڵۆزی لە نێوان هەردوولا سوپای عێراق و گرووپە چەکدارەکان دروست بووە، تێکەڵبوونی گرووپەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی هۆکارێکە کە سەپاندنی ئاسایش لەو ناوچانە بۆ سوپای عێراق قورس بێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی ماڵپەری ئەلمۆنیتەر:” هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە بوونی ئەو پەیوەندییە و تێکەڵاوبوونی گرووپەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە .
راپۆرتەی پشکنەری نێودەوڵەتی سەر بە پێنتاگۆن دەڵێ باسی لەو پەیوەندییە کردووە و دەڵێ:”پەکەکە لە رێگەی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەندێک گرووپی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر چەندین ناوچەی شنگالدا گرتووە . خەڵک دروشمی” نا بۆ کوشتن و بەڵێ بۆ چارەسەری ئاشتی”یان دەگوتەوە داوا دەکەن چیدیکە ناوچەکەیان نەبێتە قوربانی دەستی گرووپە چەکدارەکان.
هەر بەهۆی ئەو گرژییانەش سەدان خێزان دووبارە ئاوارەبوونەوە و لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان جێهێشت و بەرەو دهۆک هەڵاتن، بەگوێرەی ئاماری فەرمی زیاتر لە 700 خێزان بەهۆی شەڕی ئەم هەفتەیەوە ئاوارەبوون کە زیاترن لە 10 هەزار کەس و تەنیا لەماوەی ٦ ڕۆژدا ئاوارەی دهۆک بوون . رێککەوتنی شنگال لە ئۆکتۆبەری 2020 لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق واژۆ کرا، رێککەوتنەکە بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و ئاسایش و خزمەتگوزاری بوو لە ناوچەکەدا ، بۆ ئەوەی کارگێڕییەکی یەکگرتووی دانپێدانراو هەبێت و رێگە نەدات گرووپەکان دۆخی شنگال ئاڵۆز بکەن، دوای رێککەوتنەکە شاندێکی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و رێککەوتنەکەیان رەتکردەوە ،حەشدی شەعبیش دەستی هەبوو لەوەی گرووپە چەکدارەکانی شنگال رۆڵیان بمێنێت، بەشێکی ئەو گرووپانەشی سەر بە پەکەکەن چەک و مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرن.
لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ سوپای عێراق هیزی زیاتری رەوانەی شنگال کرد، بە ئامانجی داخستنی بارەگای گرووپە چەکدارەکان، بەڵام لەوێ شەڕ و ئاڵۆزی روویدا، لیوا نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند:”هەموو دام و دەزگاکان دەکەینەوە و دەسەڵاتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا بەشێکی ئەو گروپە چەکدارانەی لە شنگالن سەر بە حەشدی شەعبین و رێنماییش لە پەکەکە وەردەگرن، ئەو گرووپانە سەرچاوەی نائارامین بۆ ناوچەکە.

ھەواڵی زیاتر