داڵكورد خراپترین ده‌ستپێكی له‌ مێژووی خۆیدا تۆمار كرد

یانەی داڵکورد لە سوپەرتانی سوید بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت و لە کۆی شەش یاریی لە سەرەتای ئەم وەرزە تەنیا یەک سەرکەوتنی هەیە و لە پێنج یاریشدا دۆڕاوە، لە دوایین یاریشدا دوو یاریزانی بە کارتی سوور دەرکران و بە سێ گۆڵ دۆڕا.

گەرچی بە ئاستێکی بەرز گەڕایەوە سوپەرتانی سوید، بەڵام ئێستا یانەی داڵکورد هەفتە بە هەفتە دەچێتە دواوە و ئەنجامەکانی خراپتر دەبن.
داڵکورد لە وەرزی رابردوو لە کۆمەڵەی باشوور سەرکەوت و سەرلەنوێ گەڕایەوە سوپەرتان چاوەڕێ دەکرا لەم وەرزە و دوای گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی کارگێری و پێکهاتەوە بەهێزتر دەرکەوێت، کەچی بە پێچەوانەوە ئەوەی هاندەران چاوەڕێیان دەکرد رووینەدا و داڵکورد به‌ خراپترین ده‌ستپێكی وه‌رز تێپه‌ڕ ده‌بێت.
لە دوایین یاریشدا داڵکورد بە راهێنەرایەتی داڵی ساڤیچ كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌چوو رووبەڕووی ئۆتسێکتینس بووەوە کە ئەم یانەیە لە کۆمەڵەی باکووری خولی پلە دووی سوید بۆ سوپەرتان سەرکەوت،
لەم یارییەدا داڵکورد یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند، جگە لە دۆڕانە قوڕسەکەش دوو یاریزانی بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
تەنیا شەش گەڕ بەسەر ئەم وەرزەی سوپەرتان تێپەڕیوە، بەڵام داڵکورد تامی پێنج دۆڕانی کردووە و لە دۆخێکی خراپدایە.
لە یەکەمین یاریی ئەم وەرزەی بەرامبەر نۆربی دۆڕا، تاکە سەرکەوتنیشی لە گەڕی دووەم بەرامبەر تریلیبۆریس بوو، دواتر چوار یاریی لەسەریەکی بەرامبەر هاڵمستاد و ئۆستەرسەند و ئۆستەرس و ئۆتسێکتینس دۆڕاند.
دوای شەش گەڕ داڵکورد تەنیا سێ خاڵی هەیە و لە خانەی پازدەم و ناوچەی دابەزین بۆ خولی پلە دوو دەبینرێت و لە ئەگەری بەردەوام بوون لەسەر ئەنجامە خراپەکان ئەوا داڵکورد جارێکی دیکە بۆ خولی پلە دووەکانی سوید دادەبەزێتەوە.
یانه‌ی داڵكورد رۆژی هه‌ینی داهاتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو یاریگه‌ی خۆی و له‌ گه‌ڕی حه‌وته‌می خولی پله‌یه‌كی سویدی میوانداریی یانه‌ی سكۆڤده‌ ده‌كات.
یانەی داڵکورد ساڵی 2004 لەلایەن چەند پەنابەرێکی کورد لە سوێد دامەزرا و نوێنەرایەتی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات و لەسەر ئاستی میدیاکانی جیهان بە یانەی 40 ملیۆن کەسە بێ وڵاتەکە ناسراوە.
ناوی یانەی داڵکورد لە داڵ و کورد پێک دێت و پێشگری داڵ لە ناوی داڵارنیاوە وەرگیراوە، کە ناوچەیەکە لە سوێد و یانەکەی لێیە، کوردیش وەکو ئاماژەیەکە بۆ ناوی میللەتێکی 40 ملیۆن کەسی.

ھەواڵی زیاتر