دیاریكردنی واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی یاریی كۆتایی جامی كوردستان نیگه‌رانییه‌كی زۆری لێكه‌وته‌وه‌

دوای گەیشتنی هەریەک لە یانەکانی برایەتی و نەورۆز بۆ یاری کۆتایی جامی کوردستان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا ڕۆژی چوارشەممە لەسەر یاریگەی یانەی کۆیە یارییەکە لە کاتژمێر ٣:٠٠ بەڕێوەبچێت، لە یارییەکانی قۆناغی پێش کۆتایی جامەکە، لەدێربی سلێمانیدا یانەی نەورۆز لەڕیگەی لێدانی سزاوە سەرکەوت بەسەر یانەی سیروانی نوێ، برایەتیش لە هەندرێنی بردەوە و هەردوو یانەکە گەیشتنە یاری کۆتایی.

دوای 52 رۆژ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یاریی كۆتایی جامی كوردستان دیاریكرا
دوای ئەوەی هەردوو یانەی نەورۆز و برایەتی گەیشتنە یاری کۆتایی جامی کوردستان، دووجار ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی یارییەکە دواخرا، بەڵام دواجار فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دوای ٥٢ ڕۆژ بڕیاریدا ڕۆژی چوارشەممە لەسەر یاریگەی کۆیە ئەم یارییە ئەنجام بدرێت، ئه‌گه‌رچی ئامانجی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ئه‌وه‌ بوو كه‌ یارییه‌كه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری بكرێت، به‌ڵام ئامانجه‌كه‌یان سه‌رینه‌گرت.

رێگه‌ی گه‌یشتنی برایه‌تی و نه‌ورۆز بۆ یاریی كۆتایی
لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی كوردستان، نەورۆز بە لێدانی سزا لە سیروانی نوێێ هاوشاری بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی، لە یاری دووەمی قۆناغی پێشکۆتایی خولەکیش یانەی هەندرێن و یانەی برایەتی هاوشاری بەیەک گەیشتن و برایەتی بە گۆڵێکی زیرەک کەیفی یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە یاری کۆتایی جامەکە.
پێشتریش فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدابوو کەیاری کۆتایی جامی کوردستان لە یاریگەی نێودەوڵەتی شاری هەڵەبجە لە ٢٦ ئائادار بەڕێوەبچیت، بەڵام دواتر بەهۆی کەموکوری لە یاریگەکە یارییەکە دواخرا، دوای تەواو بوونی خولی نایابی کوردستان بڕیار بوو پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان ئەو یارییە ئەنجام بدرێت، بەڵام جارێکی تر بەهۆی نەبوونی یاریگە یاریەکە ئەنجام نەدرا.
بڕیاریشه‌ بەر لە دەسپێکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، یاری جامی سوپەری کوردستان لە نێوان پاڵەوانی ئەم یارییە و یانەی سیروانی نوێی پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان ئەنجام بدرێت. ئەم وەرزە جگە لە ئەنجامدانی یارییەکانی خولەکان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، یارییەکانی جامی هەرێمی کوردستانیشی ئەنجامدا، ٤١ یانەی پلە دوو پلە یەک و نایابەکان بەشدارییان کرد، یانەکان بەسەر ٨ کۆمەڵە دابەشکران و بە شێوازی دەرچوون بە یەک دۆڕان یارییەکان ئەنجامدران و هەر کۆمەڵەیەک ٦ یانەی لەخۆ گرتبوو.

كاردانه‌وه‌ی راهێنه‌رانی هه‌ردوو یانه‌
دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر (کامەران عەلی) ڕاهێنەری یانەی نه‌ورۆز نیگه‌رانی خۆی له‌ده‌ستنیشانكردنی كاتی یارییه‌كه‌ پیشاندا و گوتی: وەکو پێویست ئامادەکاریمان نەکردووە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەند جارێک وادەی بەڕێوەچوونی ئەو یارییە دواخرا، ماوەی مانگێکە خولی نایابی کوردستان تەواو بووە، ئێمە چەند جارێک مەشقەکانمان ئەنجامداوە و دواتر پشوومان بە یاریزانان داوە، کە ئەمەیش ساردبوونەوەیەکی زۆری لەلای یاریزانان دروست کردووە و لە ڕووی توانای جەستەی کاریگەری هەبووە.
ڕاهێنەرەکەی نەورۆز هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە ئەو یاریگەیەی بۆ یاری کۆتایی دیاریکراوە شیاو نیە بۆ یاریکردن، بە تایبەت بۆ یانەکەی ئەوان کە یاریگەی سەرەکی خۆیان چیمەنی دەستکردە.
سەمەد جەوهەر ڕاهێنەری یانەی برایەتیش دەربارەی یاری کۆتایی جامی کوردستان له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش وەکو پێویست ئامادەکارییان بۆ یارییه‌كه‌ نەکردووە، هۆکارەکەیشی دواکەوتنی یارییەکە بوو لەکاتی خۆی، بەهۆی مانگی ڕەمەزان و جەژن، هەروەها تەواو بوونی خولی نایابی کوردستان هۆکارێکی تر بوو کە وایکرد چەند جارێک پشوو بە یاریزانان بدەین و دەست بە مەشق بکەینەوە.
سه‌مه‌د جه‌وهه‌ر ده‌شڵێت: دەکرا لە جیاتی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو یارییەکە بکرایا بۆ ئەوەی هەردوو یانەکە بەباشی بۆ یارییەکە ئامادە بن.
راهێنه‌ری یانه‌ی برایه‌تی به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری گوت بۆ ئەو یارییە لە توانایه‌كانی گۆڵکاری جامی کوردستان ئامانج ئەکرەم بێبەش دەبن کە بەهۆی پێکانەوە ناتوانێت ئامادە بێت، گەشبینی خۆیشی نەشاردەوە و ده‌ڵێت: بڕوای تەواومان بە توانای یاریزانەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەی برایەتی ببینە پاڵەوان.

ھەواڵی زیاتر