ئاوارەکان داوا دەکەن حەشدی شەعبی و پەکەکە لە شنگال بچنە دەرەوە

جوندی خدر، یەکێکە لەو هەزاران کوردە ئێزدییەی بەهۆی گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان سوپای عێراق و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال، جارێکی دیکە بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆی بەجێ هێشت. ئەوان لە دڵ و چەقی کوردانی ئێزدی شەڕیانە و خەڵکیش ئاوارە دەبێت.

جوندی خدری تەمەن 37 ساڵان دەڵێ: “جاری ڕابردوو بەهۆی ترتسی داعش ئاوارە بووین، ئەمجارەش لە ترسی شەڕ ناچاربووین ماڵ و حاڵمان بەجێ بێڵین”، کوردانی ئێزدی لە ماوەی چەند ساڵیڕابردوو بەهۆی شەڕی داعش و پاشان ئاوەدان نەبوونەوەی ناوچەکانیان لە دۆخێکی خراپدا ژیاون. ئێستاش بەهۆی هەڕەشەوگوڕەشەی گرووپە چەکدارەکان دۆخیان خراپتر بووە، بەگوێرەی گوتەی بەرپرسێکی ناوچەیی لە شنگال ١٧٠٠ خێزان کە زیاتر لە ١٠ هەزار و ٢٠٠ کەس دەبن بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی هەردوولا ئاوارە بوون، نزیکەی ٩٦٠ لەو خێزانانە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بوون، ئەوانی دیکەش بەگوێرەی زانیاری نەتەوەیەکگرتووەکان لەلای خزم و کەسیان لە ناوچەی دیکە نیشتەجێ کراون.
کالۆ و هاوژینەکەی و ٥ منداڵی بە ناچاری ڕوویان لە کەمپی چەمشکۆی زاخۆ کردەوە، ئەو کەمپە لە زاخۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ٢٢ هەزار ئاوارەیە، کالۆ دەڵێ: “هێشتا هیچ چارەسەرێکی ئەو دۆخە نییە .”
وەکو زۆر خێزانی دیکە خێزانەکەی کالۆش چەندین ساڵە بەهۆی دەردەسەری شەڕ و ململانێ و هەڕەشە دۆخیان خراپە، ئەو دەڵێ :”٦ ساڵە لە کەمپ دەژین، دوو ساڵە لە کەمپەوە گەڕاینەوە گوندەکەمان، ئاسان نەبوو بڕیاری گەڕانەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە خراپتر بووە .”
شنگال بووەتە چەقی ململانێی نێوان سوپای عێراق و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە کەڕێگە نادەن لە شنگال ئارامی هەبێت و یاسا ڕۆڵی خۆی ببینێت، کالۆ دەڵێ: “هەمووڕۆژ دەنگی تەقە و تەقینەوەمان گوێ لێ دەبێت، ترسمان هەیە لە خێزان و ماڵ و حاڵمان، لەگەڵ ئەوەشدا ژیان لە کەمپ زۆر زەحمەتترە.
لەو کەمپە خۆراک و پێویستی بۆ ئاوارەکان دابین کراوە، لە شەکر و چا و ئارد، بەڵام هێشتا دۆخیان باش نییە داوا دەکەن ململانێ و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان لە شنگال نەمێنێت .
فیراس ئەلخەتیب، گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە:”کەمپەکان زۆر قەرەباڵخن و دۆخی خەلك باش نییە، مەترسی نەمانی خزمەتگوزاری سەرەتاییش هەیە بەهۆی نەبوونی بودجە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان .”
بە بڕوای ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان ژیان بۆ چەندین ساڵ لە نێو کەمپدا چارەسەرێکی گونجاو نییە و نابێت وابێت، بەڵام هەر گەڕانەوەیەکیش بۆ شنگال پێویستە ئارەزوومەندانە بێت، پێویستە کەرامەتی مرۆڤایەتی لە نێو ئاوارەکان بپارێزرێت و بە شکۆوە بگەڕێنەوە، کەشێکی گونجای گەڕانەوەش هەبێت، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئاشتی و سەقامگیری لەو ناوچانە پێویستە .”
سوپای عێراق دەیەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات کە لە ئۆکتۆبەری 2020 لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کرا، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکەڕێگرن لەوەی جێبەجێ بکرێت، لە نێو ڕێککەوتنەکەشدا قایمقام پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە بەڵام گرووپی چەکدارڕێگرن لەوە .
بەهۆی بوونی پەکەکەش کە بەشێکیان چوونەتەڕیزی حەشدی شەعبی و مووچەش لە عێراق وەردەگرن، ناوەناوە تورکیا شنگال بۆردوومان دەکات .
زەعیم حەسەن حەمەد، کرێکارە لە شنگال دەڵێ: “ئاشتی و ئارامیمان دەوێت، بە پێچەوانەوە ئامادەنین بگەڕێینەوە شنگال .”’
ئەو پیاوە تەمەن 65 ساڵە لەگەڵ دەیان خێزانی دیکە چوونەتە کەمپی چەمشکۆ و ناچارن لەو کەمپە بمێننەوە، ئەو دەڵێ: “بەهۆی داعشەوە تووشی ناخۆشترین دۆخ بووین، ئێستاش ئامادەنین بچینەوە ژێر هەمان دۆخ و نامانەوێت دیسان بکەوینە بەر هێرش و پەلامار.
زەعیم دەڵێ: “ئەگەر حەشد و پەکەکە لە شنگال بمێننەوە خەڵك هێشتا ترسی دەمێنێت، بۆیە ناگەڕێینەوە تاوەکو ئەوان لەوێ بن” .
سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر

ھەواڵی زیاتر