هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بڕیارەکانی دادگایی باڵای فیدراڵی لە جیاتی چارەسەری کێشەکان، ناکۆکییەکانی زیاتر کردووە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە جیاتی ئەوەی سەرچاوەیەکی باڵای یاسایی بێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە یاساییەکانی عێراق و پاراستنی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان و جێبەجێکردنی ئەو دەستوورەی کە عێراقییەکان دەنگیان پێ داوە، خۆی بووەتە سەرچاوەیەکی نوێی پەرەپێدانی ناکۆکی و ململانێکان و قووڵترکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەسەلاتەکان.

دادگاکە نەیتوانیوە ببێتە جێگای متمانەی هەموو پێکهاتەکان
دادگای باڵای فیدراڵی کە زۆر درەنگتر لە کاتی پێویست دامەزرا و دامەزراندنەکەی و کارەکانی لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراوی سیاسیدایە و هەندێک جار گومانی ئەوە کراوە لە ئاراستەی ئەجیندای دەرەکیشدا کار بکات. دادگاکە لە رابردوودا بۆ پەردەپۆشکردنی بەشێک لەهەڵەکانی و نیشاندانی ئەوەی بەڕاستی دادگایەکی سەربەخۆیە، جاروبار هەندێک بڕیاریشی دەرکردووە کە بە دڵی لایەنەکانی تر و کوردستانیش بووە.
ئەوەی ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی پێ سپێردراوە حکوومەتی عێراقە بەڵام حکوومەتی عێراق بە هەماهەنگی هەمان دادگا ئەو بڕیارانەی جێبەجێ کردووە کە لە قازانجی خۆی یان پێکهاتەیەکی دیاریکراو بووە و، ئەو بڕیارانەی بۆ نموونە لە قازانجی کورددا دەرکراون هەرگیز جێبەجێ نەکراون و ئەگەر جێبەجێ کرابان ئەوا بە هەموو کەم وکورتییەکانی دادگاکەوە، ئێستا لەوانە بوو دادگاکە ببووە جێی متمانەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
پرسی دوورخستنەوەی کاندیدێکی سەرۆک کۆماری و بڕیاری دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە گرنگترین بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدراڵین کە بە تەواوی سیاسی بوون و لە دژی هەرێمی کوردستان و قەوارەی سیاسی و یاساییەکەی دەرکراون.
لە ماوەی رابردوودا ئەوەی زۆرترین رەخنەی لێ گیراوە و بووەتە مایەی گفتوگۆ و مشتومڕی لایەنە سیاسییەکان، پرسی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بووە.

دادگای فیدڕاڵی و شایستەکانی هەرێم
وەک ئاشکرایە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور سوودی لە دەسەڵاتەکانی خۆی وەرگرتووە و پێشتریش چەندین جار هەوڵی داوە یاسای نەوت و گازی عێراق پەسند بکرێت بۆ ئەوەی ماف و دەسەڵاتەکان زیاتر بەدیار بکەون، بەڵام ئەمە جێبەجێ نەکراوە، ئێستا کە هەرێمی کوردستان نەوتی کردووەتە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی خەڵک، بەغدا چاوی پێ هەڵنایە و دەیەوێت ئەو کارتەی لێ بسووتێنێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ کە حکوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی بڕی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لەوەی کە سوود لەو دەسەڵاتە دەستوورییە وەربگرێت و ئەگەر هەوڵ و تواناکانی خۆی نەبوایە دۆخی دارایی و ژیان و بژێوی خەڵک هەر خوا دەیزانی چی بەسەر دەهات. سیاسەتەکانی زۆرترین گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان شکستیان هێنا و خەڵکی کوردستان بە نیوەمووچەش رازی بوون چونکە درکیان بە سەرچاوەی کێشەکە دەکرد و ئێستاش کە مووچە ئاسایی بۆتەوە و تەنانەت باس لە هەناردەی گاز دەکرێ، بەغدا لە گوشاری تر دەگەڕێ و دادگای بالای فیدراڵی بۆ ئەو مەبەستە راسپێردراوە.
دادگای فیدراڵی ئەم هەنگاوانەی هەرێم بە ناڕەوا دەزانێت و حکوومەتی عێراقی راسپاردووە تا بڕیارەکەی جێبەجێ بکات و وا بە ئاسانی دەست بەسەر کەرتی نەوت و گازی کوردستاندا بگرێت، هەر چەندە خۆیشی دەزانێت بڕیارەکە ئەوەندە سیاسییە ئاستەمە جێبەجێ بکرێت. سەیر لەوە دایە بەشێک لەو لایەنانەی هەرێمی کوردستانیش ناکۆکی ناوخۆییان تێکەڵاوی هەندێک ناکۆکی مێژوویی کورد و بەغدا کردووە و لە رووی ناهۆشیارییەوە لە قازانجی بەغدا هەنگاو دەنێن.
لە ساڵی ٢٠١٩ دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری ئەوەی دا مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت بەڵام ئەو بڕیارە بە هیچ شێوەیەک جێبەجێ نەکراوە و ئەگەر مادەکە تا ئێستا جێبەجێ کرابا و دادگای باڵای فیدراڵی بە کردەوە سەلماندبای بڕیارەکەی تەنیا بۆ بانگەشە دەرنەکردووە ئێستا متمانەیەکی لای عێراقییەکان بە تایبەتی کورد بۆ خۆی دروست کردبوو بەڵام نەک هیچ متمانەیەکی دروست نەکردووە، تەنانەت پرسیاری زیاتری لەسەر خۆی دروست کردووە.
لە دوای دەکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ رادەستکردنی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە بەغدا هەر زوو بڕیارەکە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەت کرایەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە هەر لەم هەفتەیەدا راپۆرتێک پێشکەشی بەغدا بکات.
رۆژی یەکشەم هەشتی مانگ دکتور ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی دانوستانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند دوای سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ، وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ پڕۆپۆزه‌ڵێكی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌ كه‌ له‌ ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی دیراسه‌كردنی ئه‌م پرۆپۆزه‌ڵه‌یه‌.
ئەو روونی کردووەتەوە كه‌ تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ فه‌رمی وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدڕاڵ ده‌داته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور كاری به‌ یه‌كەوە‌یی و هه‌ماهه‌نگی گفتوگۆكانیان به‌رده‌وام ده‌بێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ سێوەیەک پاشەکسە لە مافە دەستوورییەکانی ناکات.