شانۆنامەی “بێ وچان تا تایمز” براوەی خەڵاتی دانا ڕەئوف بۆ شانۆ بڵاوکرایەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

شانۆنامەی “بێ وچان تا تایمز”، براوەی خەڵاتی دانا ڕەئوف بۆ شانۆ و لە نووسینی محەمەدعەلی دەستماڵی بڵاوکرایەوە. ئەم شانۆنامەیە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپرە و لە دوتوێی 85 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

لە ڕۆژی ١٣ی نیسانی ئەمساڵ، لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بۆ جاری یەکەم خەڵاتی (دانا ڕەئووف) تایبەت بە شانۆ درا بە شانۆنامەی (بێ وچان تا تایمز)، کە لەلایەن محەمەد عەلی دەستماڵی نووسرایە. چەند مانگێک زووتر نووسەر و شانۆکارانی سەرتاسەری کوردستان ئاگادارکرابووەنە، شانۆنامەی خۆیان بۆ (ناوەندی کەپر) بنێرن. شازدە دەق گەیشتن، لەناو ئەوان پێنج دەق هەڵبژێردران و لەناو ئەو پێنج دەقەش، یەک کەس بووە بە براوەی ئەو خەڵاتە، کە بەناوی نووسەر و شانۆکار و وەرگێر و ئەکتەر (دانا ڕەئووف)ە. خەڵاتەکە بێجگە لە بەخشینی بڕە پارەیەک بۆ نووسەری دەقە شانۆییەکە، هاوکات پەیکەرێکی بڕۆنزیش کە هێمایەکی شانۆییە پێشکەشی خاوەن دەقەکە دەکرێت ئەمە بێجگە لەوەی کتێبە شانۆییەکەشی لەسەر ئەرکی ناوەندی کەپر بۆ چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
شانۆنامەی “بێ وچان تا تایمز” چیرۆکی چەند مرۆڤێک دەگێڕێتەوە کە ڕێگەی هات و نەهاتی هەندەران دەگرنە بەر و نووسەر ویستوویەتی ئەو نەهامەتی و کێشانە بخاتەڕوو کە کۆچبەری کورد دوای بەجێهێشتنی وڵاتی خۆی تووشی دەبێت.

ھەواڵی زیاتر