وێنەكێش
گەر لەڕەنگیش توڕەببێ
تابلۆیەكەی ورد ناكا
مایسترۆ
گەردەنگێكی ناشاز ببیستێ
كۆنسێرتەكەی ڕاناگرێ
مانگ
گەر لە ئەستێرەیەكی عەجول نیگەران بێ
ڕووی جوانی لێوەرناگێڕێ
شاعیر
گەر لەگوڵێك جیابێتەوە
بەو ھەموو شێتیەی خۆیەوە نایشەمزێنێ
خودایە
تۆدەزانی ئێستا
بەسڕینەوەی رووی خەج
ڕەنگ لەتابلۆدا وەری
سیامەندێكت سەرگەردان كردووە
بەوەستانی دڵی زین
بتھۆڤن ئاوازێك لەزاكیرەیدا نەما
مەم لەزیندانا
دەنگ و سەدای ون كردووە
بەكوژاندنەوەی ڕووی لەیلا
ئەستێرەیەك لە روناكی یاخییە
مەجنونێك لەجاران شێت تر بووە
بەوەرینی تەمەنی شیرین
بەھار یاخییە لەسەوز بوون
دڵی منیش
فەرھادێكە قوڵینگێكی نوێی ھەڵگرتووە.
previous post
next post