خۆڵباران بەرۆكی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووە

ئەمساڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، حەفت جار خۆڵی لێ باریوە؛ كە خەڵکێکی زۆری نەخۆش خست و مەترسییەكە تا دێت قووڵتر دەبێتەوە و ژینگەدۆستانیش داوا دەكەن، دار بچێنرێت و رێژەی سەوزایی و سەوزەڵان زۆر بكرێت.

هەرێمی كوردستان لەچاو عێراق، خۆڵبارانی كەمترە، بەڵام كاریگەرییەكی زۆری لەسەر هاووڵاتیان هەیە و هاووڵاتیانیش دەترسێن، لەمەولا خۆڵباران ببێتە كارەسات.
ئەوانەی چالاكوانی بواری ژینگەن، داوا دەكەن عێراق و هەرێمی كوردستان دارودەوەنی لێ بچێنرێت و رێژەی سەوزایی زیاد بكرێت، چونكە تاكە رێگایە بۆ رێگەگرتن لە خۆڵباران.
د. شێركۆ كرمانج، پێی وایە خۆڵباران و بێبارانی، كارەساتی سروشتین، بەڵام لەگەڵ ئەوەدایە رێژەی سەوزایی زۆر بكرێت، چونكە باران بە زۆربوونی چاندنی دار و پاكڕاگرتنی ژینگەیە، هەروەها رێگەگرتنیش لە خۆڵباریمان، هەر پەیوەندیی بە سەوزایی و سەوزەڵانی زۆرەوە هەیە.
نەورۆز عوسمان، چالاكوانێكی بواری ژینگەیە، ئەو داوا دەكات لە هەرێمی كوردستان پشتێنەی سەوزایی لە دەوری شارەكان دروست بكرێت، چونكە ئەمە دەبێتە رێگر لە بەردەم كارەساتی خۆڵباران و وا دەكات ئەو مەترسییە لەسەر هەرێم نەمێنێت یان كەم ببێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشتر رایگەیاندبوو، كە وەزارەت پلانی هەیە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان پشتێنەی سەوزایی دروست بكات، كە سەرەتا لە هەولێرەوە دەست پێ دەكەن؛ نەورۆز خۆشحاڵە بەو هەنگاوە و دەڵێت، ئەگەر ئەمە ببێتە كردار و كاری لەسەر بكرێت، خۆڵباران لە هەرێمی كوردستان نامێنێت.
د. هەڵەت رەشید، مامۆستای زانكۆ و كارگێڕی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە، پێی وایە سەرچاوەی دابارینی خۆڵ و هەڵکردنی قەرەهێڵ، وشكەڵان و بیاوانە، كە ٣٥% رووبەری وشكی زەوی پێك دەهێنێت.
ئەو دەڵێت: ”خاكی ئەم ناوچانە، خاكێكی لماوی و ورد و فشەڵە؛ هەربۆیە هەرکە بایەکی توند هەڵبکات، قەرەهێڵ هەڵدەسێت کە جاری وا هەیە شەش كیلۆمەتر بەرزەوە دەبێت و، دەیکاتە خۆڵبارانێکی وا كە هەندێك جار شەشهەزار كیلۆمەتر دوورتریش دەگرێتەوە و بە بەرگەگازی حەواودا بڵاو دەبێتەوە؛ كەواتە نەک هەر رووبەری سەوزایی و دارستان و داری بەرزبەرز، بەڵكو شاخوداخی بەرزەڵان و شێی دەریا و زەریایش نابێتە بەربەستی خۆڵباران و ساڵانە ملیۆنان دۆلار زیان دەدات لە زۆر وڵاتی دنیا“.
بۆچوونی رەشید دەربارەی سەوزایی و سەوزەڵان و راگرتنی تۆز و خۆڵ جیاوازە؛ ئەو پێی وایە سەوزەڵانی زۆر و داری بەرز، سەدا٣٠ خۆڵباران كەم دەكاتەوە؛ هەروەها یەك هێكتار دارستان (4 دۆنم = 10000م. د.) ساڵانە ١٨ملیۆن مەتری دووجا لە خۆڵبارین دەپارێزێت؛ بەڵام کێشەکە ئەوەیە خاکی بیابان و ناوچەی وشک، پێزی نەماوە، هەربۆیە زۆر زەحمەتە دار و دەوەنی لێ بڕوێت. خودی ناوچەكەش گرفتی ئاو و هەوای وشك و كەمی دابارینی هەیە.
بەشێك لە ژینگەدۆستان و شارەزایانی بواری ژینگە ئاماژە دەدەن، كە خۆڵباران بابەتێکی تازە نییە و، پێشتریش هەر هەبووە، بەڵام ئەو هەموو وشكەساڵی و قاقڕیە وای كردووە، خۆڵبارانیش زیاد بكات.

ھەواڵی زیاتر