حــەمە هــــــــــــــــاشم

دەرھێنەر و شانۆکاری کورد (نیهاد جامی) و پێرفۆرمەری بەئەزموونی پۆڵەندی (یۆوانا سارنێچکا)، لە دوو بەرھەمی پێرفۆرمانسی گرنگدا کۆمان دەکەنەوە، نمایشەکەیان تایبەت بوو بە پەناھەندە و دەربڕینە فکرییەکانی نمایشەکەیان گوزارشت بوو لە رەوشی ناھەمواری مرۆڤی پەناخواز، ئەمەش بازنەی بەھێزی فکرییە لە کارەکەدا.
بەرلەوەی بگەینە خاڵی ڕوانین لە بیری کارەکەدا، گرنگە بزانین پێرفۆرمانس چییە؟
لە ھونەردا چەمکێک ھەیە بۆ جۆرێک لە کارکردنی ھونەر پێی دەگوترێ (پێرفۆرمانس)؛ تاڕادەیەک ئەم چەمکە لە ھونەری کوردیدا زۆر تازەیە، بەڵام لە دنیای ھونەری مۆدێرنی جیهاندا مێژووی هەیە، هەندێ جار لەلای ئێمە بەهەڵەش بەکارهاتووە! لە بنەچەدا چەمکی پێرفۆرمانس واتە ھونەری (ئەداکردن)، یان بڵێین ھونەری سروتگەرایی، ئەم ھونەرە سەرەتا لە دەروازەی شانۆوە کەوتۆتە ناو ھونەر، چونکە جۆرێکە لە دەربڕین لە رێگای باری نمایش ئامێز و ئاهەنگ ئامێز کە جووڵەی جەستە و دەنگ و ئاکامی کارەکە پەیوەندی دەگرن بۆ پێکهاتەی پێرفۆرمانسی، یەکەمین نمایشی پێرفۆرمانس لە ئەزموونی ھونەرمەندە سەربەخۆخوازەکانی ئیتاڵیاوە دەست پێ دەکات کە لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەمەوە و لە سەروبەندی سەرھەڵدانی دادایی و تەوژمە تازەکانی ھونەردا سەری هەڵداوە. گەورەترین ئامانجی ئەوە بوو کە وێنە و ڕەنگ ھۆڵەکانی نمایش بەجێ بهێڵن و بچنە سەر شەقام و تێکەڵەیەک لەگەڵ شانۆکردندا درووست ببێت، چونکە جەستەی ھونەرمەند بەشێکە لە کارەکە و چۆنیەتیی جووڵە و دەربڕین ھەمووی پێکەوە گرێ دەدرێت بۆ دامەزراندنی کارێکی پێرفۆرمانسی، ھونەرمەند (مارینیتی) کاتێک لە ساڵی ١٩١٣جۆرێک لە شانۆی نمایش کرد و ناوزەدی کرد بە شانۆی هەمەچەشن، بەڵام سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەم ھونەرە وەک یەکەیەکی سەربەخۆ دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٠ لەسەردەستی ھونەرمەند ( جۆرج ماتیۆ) کاتێک لە کاتی نمایشی شانۆگەرییەکەی بە ناوی سارە بێرنارد، لە پاریس نمایشی کرد و لەسەر شانۆکەی تابلۆیەکی گەورەی بە ماوەی بیست خولەک درووست کرد، دوای ئەوەش کۆمەڵێ نمایشی دیکەی ھونەرمەندان ھاتە کایەوە لەوانە (جۆن کاچ) ھەروەها گروپی گوتای ژاپۆنی لەلایەن ھونەرمەند (کازوشیراجا) لە دوای ئەمانەش کۆمەڵێکی دیکە لەسەر ئەم رێبازە کاری زۆر سەرنجڕاکێشیان کردووە، جگە لەمانە دواتر پێرفۆرمانسی میوزیکیش دروست بوو لە ساڵی ١٩٦٢کە تێکرای ئەم ھونەرە تێکهەڵکێشێکی بنەڕەتییە لە ھونەرە جۆراوجۆرەکان و گوزارشتە لە سرووتێکی تایبەت یان گشتی، بە ماتریاڵی جیا جیاش کاری لەسەر دەکرێت.
ئەم پێشەکییە مێژووییە بۆ ئەوە بوو کە تێبگەین و ڕایەڵەکانی شانۆ و پێرفۆرمانس جیا بکەینەوە، نمایشێک لە کوردستان پیادە دەکرێت کە لە بنەڕەتدا پێرفۆرمانسێکی ناڕێکخراوە بەڵام لێرە پێی دەگوترێت (شانۆی شەقام)، چەمکەکە لە بنەڕەتەوە بە ھەڵە گەیشتۆتە ناو فەزای ھونەری ئێمە، چوونکە هەمان ئەو رەگەزانەی ھەیە کە لە کاری پێرفۆرمانسی پیادە دەکرێت بەڵام کۆنسێپتی کارەکان ناگەنە ئەو ئاستە فکریانەی کە بەرهەمی پێرفۆرمانسی پێویستیەتی.
نیهاد جامی ھونەرمەند لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە کاری لەسەر ئەم جۆری نمایشانە کردووە بەتایبەتی لە بابەتەکانی ئەنفال و جینۆسایدی هەڵەبجەدا، ئەم پاشخانە فکری و ئەزموونی و کلتووریەی وای کردووە کە رچەشکێنانەتر خولیاکانی بکات بە زانست و فکر لە کاری تۆکمەی پێرفۆرمانسیدا.
رەنگە بەختی ھونەرمەندێکی وەھا لەوەشدا بێت کە کارەکتەری بەرهەمەکەی (یۆوانا سارنێچکا) پێرفۆرمەرێکی بەئەزموونی بوارەکەیە کە کاری لەگەڵدا دەکات.
یۆوانا سارنێچکا ئەگەرچی زمانی کوردی نازانێت بەڵام لەگەڵ کەشی گشتی ڕوانین و تێکست و ئاوازە کوردییەکاندا بە ئاسانی خۆی ڕادەھێنا، ئەمەش بەشێکی گرنگی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھونەرمەندێکە ئەزموونی زۆر و دەربڕینەکانی بە جەستە کۆسپەکانی لە بەردەم لا دەبەن، ئەداکردنی تێکست بە جووڵەی لاشە و دەنگ و دەربڕینەکانی دەموچاو و ھەروەھا بەکارھێنانی ھەندێ کەرەستەی سینۆگرافی بۆ ئەم ئەکتەرە کارێکی سەخت نەبوو، هەرلەبەر ئەوەشە سەرکەوتنی کارەکە لە سەرەتاوە بە ڕوونی دیار بوو.
ڕوانینەکانی نیهاد جامی دەرھێنەر، لە نمایشەکاندا، ھێندەی تێزێکی فکری و قووڵ یان ھەبوو ھێندە خۆی نەدەدا لە بابەتی ئیستاتیکی کە ئەمەش بۆخۆی جۆرێکە لە بنەما بۆ کاری پۆست مۆدێرن ئارت.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی دیکەی نمایشی (پەناهەندە) بابەتی گێڕانەوەی چیرۆکی مرۆڤگەلی پەناخوازن، کە پێرفۆرمەری سەرکەوتوو دەتوانێت ئەو تێکستانە وەک چیرۆکێک لە زمانێکی دیکەی جیاوازدا پیشانمان بدات، گێرانەوە لە بابەتی پێرفۆڕمانسدا، زمانێکی زیندوو و تازەیە کە هەندێجار بەبێ گوتنی ھیچ وشەیەک بینەر تێیان دەگات، بۆیە هەڵبژاردنی دەقێک و چەمکی جیاوازی کولتووری لە نێوان دوو کەسی سەر بە نەتەوە و رەگەزی جیاواز ئەوە دەخەمڵێنێ کە بینەر زمانی سێیەمی پێ بگات، ئەمەش بۆ خۆی سەرکەوتنێکی بەرچاو بوو لە دیدی بینەری نمایشەکە بۆ ئیستاتیکای بینین و گەیشتنی فکری بەرهەمەکە بە شێوەیەکی سانا و تەئویلکردنێکی رۆشن بۆ کاری جدی.
لە رۆژی ٢٣ ی ئاداری ئەمساڵ ئەم کارە پێرفۆرمانسییە لە کرۆسنۆ لە پۆڵۆنیا نمایش کرا، ھونەرمەند (یۆوانا سارنێچکا) بە حەماسێکی زۆرەوە دەڕژا بە ناو ڕووداوەکاندا و بە تەواوەتی ھەستی بەو ئازارانە دەکرد کە لە نێواخنی مرۆڤێکی پەناهەندەدا بوو، هەستت دەکرد ھەندێجار گریانی ناخی پێ راناگیرێت و تێکەڵ دەبێت بە کەشی نمایشەکە، ئەمەش بۆ خۆی ھێزێکی زۆر دەردەخات لە توانستەکانی نواندن لە شانۆ و جەستە و دەربڕیندا.
کارەکە بەگشتی تێڕوانینی دەرھێنەر زاڵتر دەبینرا وەک لە ئەکتەر، چونکە بیرۆکەی کارەکە کە بەناوی پەناهەندە یان پەنابەر دەھاتە نێو فەزای نمایشەوە زۆرتر باسکردنی چیرۆکی نیهاد جامی بوو وەک مرۆڤێک کە خۆی ئەزموونی پەنابەرێتی دەکات، دەتوانین بڵێین یۆوانا سارنێچکای ئەکتەر لەخشت

دەدرا بۆ ئەوەی کەسایەتیەکی راستگۆیانەی
پەناهەندە نمایش بکات. ئەم بەرھەمە دووبەش
بوو، یەکێک لەھۆڵێکی نمایشی ماڵی کولتووری کرۆسنۆ و بەشی دووەمی ھێنرایە دەرەوەی گۆڕەپانی سەنتەری شاری کرۆسنۆ، کە ژێر دارێکی گۆرەپانەکە بە چادرێکی نارێک و جلـو بەرگی پەنابەرانەی کارەکتەرەکە نمایشەکە بەڕێوە دەچوو، پێرفۆرمەر هەوڵی دەدا بەو کەرەستە کەمانەی نمایش جۆرێک لە کەسایەتی بەهێز بۆ پەناهەندە درووست بکات کە بەرگەی گەرمی و ساردی و نەهامەتی و جەنگ و ڕەو و نارەحەتی دەگرێت، ئەمەش ببوە خاسیەتێکی جدی و ئاوێتە لە دەروونی (یۆوانا سارنێچکا) وەک پێرفۆڕمەرێک، کە بینەر ڕادەچڵەکێنێ لە دیار دیمەنەکانی.
بەگشتی کەشی کارەکتەرەکە وەک مرۆڤێکی بێهیواش دەهاتە پێش چاو و کە تێپەڕیبوو بە نێو جەنگەڵە ڕووداوێکی زۆر لە نائومێدی و یاخیبوون و پەرچەکردار، کە تێکڕایان وێنەی راستەقینەی ژیانی دەرھێنەرەکەمان دەخەنە بەر دیدە کە ھونەرمەند (نیهاد جامی) بوو.
هەڵچنینەوەی ھیوا و داڕمانی دووبارە وەک شریتێکی رۆتینی لە ژیانی خۆیدا دەیگواستەوە ناو دیمەنی کارەکەی.
ئەم نمایشە خاوەنی پەیامێکی مرۆڤایه‌تی بەھێز بوو و هانی بینەرەکانی دەدا کە هاوکاری کۆبکەنەوە بۆ پەناهەندە و بە چاوێکی مرۆڤانه‌ی جوانتر سەیریان بکەن.
نیهاد خاوەنی توێشوویەکی زۆر لە چیرۆکی نەهامەتی و ئاوێتەکردنی بە جەستەی پێرفۆرمەرەکە هێزێکی جوانی دەبەخشی، جیاواز لە کارە ھونەریەکانی دیکەی.
ئەم نمایشانە لە ٢٣/٣ بە ھاوکاری ماڵە کولتوورییەکەی کرۆسنۆ و دامەزراوەی کولتووریی (والێزکا) لە پۆڵەندا نمایش کرا.
دەرھێنەر: نیهاد جامی
پێرفۆرمێر: یۆوانا سارنێچکا
سینۆگرافی: حەمە ھاشم
میوزیک: مارسێن مارشال
ڤیدیۆ: جاکۆپ کاسار

ھەواڵی زیاتر