پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

به‌ها گرنگه‌كانی مرۆڤ له‌ دنیای تازه‌دا

ئه‌م نووسینه‌ ئاماژه‌ به‌ به‌هاكانی مافی مرۆڤ ده‌كات، به‌ڵام له‌ پێش په‌رژانه‌ سه‌ر بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی كورت له‌ باره‌ی چه‌مكی به‌ها، كارێكی پێویسته‌. به‌ها یه‌كێكه‌ له‌ چه‌مكه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ باسه‌ شیكارییه‌كانی لكاو به‌ زاسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. له‌مه‌ڕ ئه‌م چه‌مكه‌، پانتاییه‌كی به‌ربڵاو و تێگه‌یشتنگه‌لی هه‌مه‌چه‌شن هه‌یه‌. به‌ گشتی له‌ به‌هاوه‌، لایه‌نگیرییه‌كی پایه‌داری مرۆڤ له‌ په‌یوه‌ست به‌ خواسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سودی پێ ده‌گه‌یه‌نرێت.

به‌هاكان به‌م مانایه‌، ئه‌ركگه‌‌‌لێكیان له‌ ڕێنموونی ڕه‌فتاره‌ مرۆییه‌كان و خه‌سڵه‌تی هه‌ڵبژێردراو له‌ نێو كرده‌ جۆراوجۆره‌كاندا هه‌یه‌. به‌هاكان وه‌ك پرۆژه‌گه‌لی جێگیربوو له‌ سیسته‌می بیروباوه‌ڕی تاكه‌كاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر گۆڕانی سیسته‌می به‌هایی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ڕه‌وتێكی ماوه‌ دوور و درێژ ڕه‌ت ناكاته‌وه‌. له‌ توێژینه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، به‌گشتی، به‌هاكان به‌شتێكی دیاریكراو له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌‌ ده‌زانرێت كه‌ ده‌ربڕینی خۆی له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ره‌كییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ست دێنێت و له‌ لایه‌ن تاكه‌وه‌ له‌ ڕه‌وتی سۆسیالیزه‌بوون په‌سه‌ند ده‌كرێت یان وه‌رده‌گیردرێت. بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌ كورته‌، پێویسته‌ نیشانی بده‌ین كه‌ كه‌ (پله‌وپایه‌ی مرۆیی) سه‌ره‌كیترین به‌های فه‌لسه‌فیی مافی مرۆڤه‌. بۆ ڕۆشنایی خستنه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی (پله‌وپایه‌ی مرۆیی)، بۆ نموونه‌ ده‌توانین ئه‌و به‌هایانه‌ی تر كه‌ به‌شه‌كانی دروستبوونی پێك ده‌هێنن و هاوكات خۆی وه‌ك به‌هاكانی ماف مرۆڤ دێنه‌ هه‌ژماردن، ده‌خرێته‌ ژێر سه‌ره‌نجه‌وه‌. له‌ خواره‌وه‌، له‌ گۆشه‌نیگای نۆرمییه‌وه‌ (norm) ده‌په‌رژێینه‌ سه‌ر ئه‌م به‌هایانه‌.
ژیــان
ژیان وه‌ك به‌ها، پشتئه‌ستووره‌ به‌ به‌هادانان بۆ ژیانی مرۆیی، هاوشێوه‌ی پێشمه‌رجێكی حه‌تمی بۆ هاوژیان له‌ نێوان مرۆڤه‌كان و سه‌رچاوه‌ی ته‌واوی ئایدیاله‌كان و وێناكردنه‌ به‌هاییه‌كانی لكاو پێی. ئه‌و كرده‌ییه‌ی كه‌ مه‌یلداره‌ به‌ به‌دیهاتنی به‌های ژیان، نه‌ك ته‌نها پێویسته‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌سێك به‌رگری بكات كه‌ ده‌په‌رژێته‌ سه‌ر نه‌فیكردنی ژیان، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها پێویسته‌ ته‌واوی چالاكییه‌ پارێزگارییه‌كانی ژیان ته‌با بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ هیمه‌ته‌وه‌ ده‌خرێته‌ ژێر پشتیوانكردنه‌وه‌. یه‌كێك له‌ توخمه‌ گرنگه‌كانی (ژیان) وه‌ك مافی مرۆڤ، پارێزگاریكردنه‌ له‌ ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و گومان هه‌ڵنه‌گری فیزیكی مرۆڤ. هه‌موو مرۆڤێك له‌ بوونی خۆیدا، ڕووبه‌رووی ئه‌و پله‌وپایه‌یه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ خۆیدا به‌ به‌ها دێته‌ هه‌ژماردن. به‌هایه‌كی وه‌ها، له‌گه‌ڵ هیچ كاڵایه‌ك شایه‌نی به‌راوردكردن یان ئاڵوگۆرپێكردن نییه‌ و به‌م پێیه‌، نرخدانان بۆی شایه‌نی وێناكردن نییه‌ و پێویسته‌ ئه‌وه‌ش وه‌ك ئامانجی سه‌ره‌كی خۆی پاسه‌وانی لێ بكات. به‌م جۆره‌، پاسه‌وانی له‌ به‌ها له‌ خودی مرۆڤدا، پێش هه‌موو شتێك، پاسه‌وانییه‌ له‌ ژیانی مرۆیی و ڕێزدانانه‌ بۆ پله‌وپایه‌ی مرۆڤ. له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا ده‌توانین به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ ژماردنی به‌های ژیانی مرۆیی لێی تێبگه‌ین. (ژیان) وه‌ك به‌هایه‌ك، به‌رجه‌سته‌بوونی خۆی له‌ (مافی ژیان) ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌نده‌ نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی مافی مرۆڤدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ڕوونی هه‌بووه‌.
ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی
به‌های ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ك پشت ئه‌ستووره‌ به‌ ئازادی هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ كۆیله‌یی و به‌نده‌ییه‌ك، ئه‌شكه‌نجه‌ و ڕه‌فتار و سزای بێ ڕه‌حمانه‌ و نامرۆیی و ڕێزشكێنانه‌، گرتن، زیندانی و دوورخستنه‌وه‌ی خۆوه‌كی و هه‌نگاوه‌ هاوشێوه‌كان، و له‌ لایه‌كی تر، پشت ئه‌ستووره‌ به‌ ئازادی هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌ پرۆژه‌سازی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ژیانی خۆیاندا. ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، توخمه‌ سه‌ره‌كی و ناوه‌ندییه‌كانی چه‌مكی (كه‌س)ن و له‌سه‌ر پێكهاته‌ی پله‌و پایه‌ی مرۆڤ جێگیرن. پێویسته‌ ئه‌وانه‌ وه‌ك سه‌ربه‌خۆی یه‌كه‌مینی ویست و ئیراده‌ تێبگه‌ین. ئه‌و ده‌ركه‌وتانه‌ توانا و هێز و كارامه‌یی مرۆڤه‌كانن، ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌ی خودخواز و پشت ئه‌ستوور به‌ عه‌قڵی خۆبونیاد، (ده‌ستپێكردن)ی خۆی ڕێسابه‌ندی ده‌كات. ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی به‌ شێوه‌یه‌كی جیانه‌كراوه‌ و به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ له‌گه‌ڵ پله‌وپایه‌ی مرۆڤ. مافی ئازادییه‌كان له‌ به‌نده‌كانی مافی مرۆڤدا، كۆكردنه‌وه‌ی په‌ناگه‌ به‌رده‌وام سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی وه‌ك به‌هایه‌كه‌.
به‌م هۆیه‌یه‌، له‌م به‌ندانه‌دا، له‌ته‌ك مافی ئازادی گشتی درێژه‌ی پێدراوه‌، مافێكی تریش له‌په‌یوه‌ست به‌ ئازادیییه‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی جودا پێناسه‌ كراون، وه‌ك مافی هاوڵاتیبوون، مافی ئازادی نووسین، مافی ئازادی ئه‌نجومه‌نه‌كان و جڤاته‌كان و …هتد.
دادپه‌روه‌ری
به‌های دادپه‌روه‌ری، كه‌ پێویسته‌ له‌ لایه‌نی قانونی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه‌ بخرێته‌ژێر سه‌ره‌نجه‌وه‌، پێكهاته‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ دروست ده‌كات كه‌ تێیاندا پله‌وپایه‌ی مرۆڤ و ئاسایش و سه‌ربه‌خۆی كه‌سییه‌كه‌ی له‌ په‌لاماردان به‌ دووره‌. ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رهاویشته‌گه‌لی وه‌ك: یه‌كسانی مرۆڤه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر یاسا و دادگا، و دابه‌شكردنی عادیلانه‌ی ده‌ستكه‌وته‌ ماددیه‌كان. ئه‌گه‌ر به‌هاكانی پێشووتریشی بۆ زیاد بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین ‌ئه‌و سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ عادیلانه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ به‌رێزدانانی به‌های بنه‌ڕه‌تی (ژیان)، بتوانێ به‌هاكانی (ئازادی) و (یه‌كسانی) له‌ گونجاوییه‌كی عادیلانه‌ پێكه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كتر بێنێته‌ دی. كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ها، به‌ په‌یدابوون و پاراستنی یه‌كسانی، بۆ هه‌ر تاكێك فه‌زای ئازادی دروست داده‌هێنێت كه‌ بتوانێ له‌ چوارچێوه‌ییه‌وه‌‌ كه‌سایه‌تی خۆی په‌خش بكاته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م كاره‌، په‌خشكردنه‌وه‌ی ئازادی كه‌سایه‌تی ئه‌وانیتر تووشی ڕووشان بكات.
(دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی) یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ چه‌مكی دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی. (دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی) به‌ بایه‌خدان به‌ پله‌وپایه‌ی یه‌كسانی مرۆڤه‌كان، خوازیارانی هه‌لومه‌رجی ژیانی مرۆیی بۆ هه‌مووان دابین ده‌كات وه‌ك سه‌رهه‌ڵدانی شانسی یه‌كسان و به‌دیهاتنی عادیلانه‌ی ویسته‌ مرۆییه‌كان. سه‌رهه‌ڵدانی شانسی یه‌كسان، به‌ واتای به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌ڵاوردێكی نێوان مرۆڤه‌كان به‌ هۆی په‌یوه‌ستی بوونیانه‌وه‌ به‌ ڕه‌گه‌ز، چین، نه‌ژاد، بیروباوه‌ری مه‌زهه‌بی و ئایدۆلۆژیكی تایبه‌ت. له‌و مافانه‌ی كه‌ ده‌توانن (دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی) وه‌ك سه‌رهه‌ڵدانی شانسی یه‌كسان دابین بكه‌ن، ده‌توانین ناوی ئه‌م مافانه‌ی خواره‌وه‌ ببه‌ین: مافی كاركردن، مافی خوێندن، مافی به‌شداریكردن له‌ ژیانی كولتووری، مافی سوودمه‌ندبوون له‌ هه‌لومه‌رجی كاری مرۆیی، مافی سوودمه‌ندبوون له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی پێشكه‌وتنی زانستی و مافی پارێزگاریكردن له‌ مناڵان و نه‌وجه‌وانان. (دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی) له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ باڵاتر له‌ ویسته‌ یه‌كه‌مینه‌ مرۆییه‌كانی وه‌ك خۆراك و پۆشاك و دانیشتوانن، لكاو ده‌بێ به‌ به‌دیهاتنی ویسته‌ مرۆییه‌ گرنگه‌كانی تره‌وه‌، كه‌ له‌ خۆگری مافگه‌لێكی وه‌ك: مافی وه‌رگرتنی كۆمه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بواری بێكاری، نه‌خۆشی و خانه‌نشینی. بڵاوكردنه‌وه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ، پێگه‌ و پله‌وپایه‌كی ته‌واوی ئه‌ندامه‌كانی خێزانی مرۆیی و مافی یه‌كسان و نه‌گوازراوه‌یان به‌ پایه‌ی دادپه‌روه‌ری له‌ جیهان ده‌زانێت. له‌م ڕوه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌درێ تاوه‌كو پاسه‌وانی له‌ مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ سیسته‌مێكی جیهانی و له‌ ڕێی په‌یمانه‌كان و به‌نده‌ نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ دابین بكرێت. به‌ڵام واقیعه‌تی ئه‌م جیهانه‌مان نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی) ته‌نانه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتووه‌كانیش، له‌ په‌یوه‌ندی توندی له‌گه‌ڵ گرفتی جیاوازی چینایه‌تی نێوان مرۆڤه‌كان بوونی هه‌یه‌. به‌م هۆیه،‌ ده‌توانین بڵێین‌ مافی مرۆڤ به‌ تێگه‌یشته‌ ئه‌مرۆییه‌كه‌ی و له‌ واقیعه‌تی ئه‌م جیهانه‌ماندا، به‌ ناچاری ته‌نها ده‌توانێت پرۆژه‌یه‌كی كه‌م له‌ دادپه‌روه‌ری بخاته‌ ڕوو.