به درێژایی مێژوویه‌كی دوور و ئه‌نگوسته‌چاو، له‌م سه‌رزه‌وییه سهرسهختهدا، دوو رووباری زوڵاڵ به‌نێو خاك و خۆڵێكی پڕ خێروبێردا دێنه‌خوارێ و له خوارووی قه‌ڵاته مه‌زنه‌كه‌وه، ئاوێته و ئاوێزانی سهروگهردنی یه‌كدی ده‌بن. ئیدی ئێره خاكی خه‌ون و چیرۆكی ئهفسانهییهكانه. ئێره مه‌رزی ئه‌وینه و زریانه تووڕه‌كان هه‌رچی داوه‌ڵ و قانگهڵاشكه توڕی ده‌دا و ناوه ناوه نه‌سیمێكی ئارام و فێنك وڵات باوه‌شێن ده‌كات، جارێكی دی شه‌ڕ و وێرانی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه. ئه‌م دیوی قه‌ڵات، شاری كاره‌سات و عیشق و خه‌مه، شاری گڕوتین و جمینی سه‌ر به‌ته‌مه. ئه‌مه شاری منه، زادگای رێبواره ته‌نیا و ئهفسانهییهكهیە. لێره چیرۆكی ژیان حه‌قیقه‌تێكی ئه‌به‌دییه. به‌فر و خوێن، به‌هار و مه‌رگ، دوو هاوڕێی یه‌كترن و لێك جیا نابنه‌وه، خۆشی و ناخۆشی دوو رووی یه‌ك سكه‌ی بوونن. شاری من هه‌موو ساڵێك له به‌هاراندا، به جه‌سته‌یه‌كی دابێژراو، به به‌رگێكی به‌خوێنه‌وه، به برینێكی قوڵتره‌وه هه‌ڵده‌ستێته‌وه و ده‌ست بۆ خۆر ده‌بات تا رووناكی نه‌بڕاوه بۆ خانووچكه به‌ردینه‌كان بهێنێت! دوو رووباره مهزنهكهش بێ ماندووبون، بێ وه‌نه‌وز و وه‌ڕه‌س بوون، ئاوازی بژێوی و ژیار بۆ كۆمه‌ڵی دهستقڵیشاوانی گوند و شار ده‌چڕن. ئاهه‌نگی زه‌نگوڵه‌ی دڵۆپه‌كانی كانیی به‌ری سهرتهپكان و جوتكانیان بۆ یه‌كتر ده‌بنه نۆته‌ی مۆسیقایه‌كی خۆش و شوانكاره‌ی به‌ری ئاسۆس دێننه جۆش و خرۆش، ناچاری ده‌كه‌ن ده‌ست له‌به‌ر پشتێن وه‌رێنێ، كۆنه شمشاڵ ده‌ردێنێ و نه‌وایه‌كی ناسك، به جوانیی ئاوازی مه‌ل و بولبولی مێرگ و مێرغوزاری شیوهڕهزێ، بژه‌نێ.
لێره بەدوا ئاسۆس و قه‌ندیل، ده‌بنه دوو ئاوێنه‌ی بێگه‌ردی حه‌قگۆ، ده‌روده‌شت و ساراكانی ده‌وروبه‌ر به ده‌نگدانه‌وه‌كان رابردوو و ئه‌فسانه‌ی ژیان بۆ یه‌كدی ده‌گێڕنه‌وه. راست له‌و كاته‌ی كه ده‌نگی واڵای پێده‌شته به‌پیته‌كه‌ی “سندۆڵان” و “برایماوا” ده‌گه‌ڵ پێچاوپێچی زێی بچوكدا تێكه‌ڵ ده‌بن، دیمه‌نێك دروست ده‌كه‌ن و جوانییه‌كی دیكه ده‌به‌خشنه زه‌ویوزاری ماڵه پشده‌ریان.
ئێره، به ده‌روویه‌كی ته‌نگه‌به‌ر، سه‌ره‌تاتكێ ده‌گه‌ڵ ده‌شته پان و به‌رینه‌كه‌ی بیتوێن ده‌كات. ئه‌م ده‌ربه‌نده ده‌روازه‌ی نیمچه به‌هه‌شتێكی داخراوه، رێبواران هه‌ر كه كه‌وتنه ئه‌م دیوی ئه‌و ده‌ربه‌نده، ده‌بینن شنه‌ی شه‌ماڵێكی دڵ‌بزوێن هه‌ڵده‌كات و ده‌یدات له رووخساریان. ئه‌و ده‌می ده‌ڕواننه دووران و تا چاو بڕ ده‌كات، موچه و مه‌زرای پشدهرییان وەبهرچاوان دێت.
ئێره وڵاتێكی كڵۆڵ و بێبه‌ختی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه و هیچ خاك و خۆڵێك وه‌ك ئه‌م غوربهتگایه نه‌یاری نییه! شۆسته و شه‌قام و كوچه‌كانی شار به‌رده‌بازی رێبوارانی غه‌ریب و دوور وڵاتن. هه‌موو به هه‌نگاوه‌كانی هاتوچۆكه‌رانی شار ئاشنان و به چرپه‌ی پێی دۆستان شاگه‌شكه‌ن و به غهوارانی دڵڕه‌ش په‌ست و غه‌مگین. ئێره ئه‌وپه‌ڕی مه‌رزی گوڵاله سوره و گوڵه مێلاقهكانه. رازێك له‌م شاره‌دا هه‌یه، با بۆتانی بدركێنم:
هه‌موو ساڵێك ده‌گه‌ڵ ته‌ڕی به‌هارێ، ده‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاتكێی گوڵه حاجیلان، له زه‌نوێر و هه‌ڵدێره‌كانی پشت كێوانه‌وه، له بناری چیای قه‌ندیله‌وه، سوارێكی ته‌نیا و ئه‌فسانه‌یی به‌ره‌و پێده‌شتی پشده‌رێ، ئه‌سپه ههوریهكهی تاو ده‌دات و وه‌كو باوبۆران رێگا پڕ پێچ و نهوییهكانی ده‌كوتێ. هه‌موو ساڵێكیش له‌م وه‌رزه‌دا، خه‌ڵكی به پیر و لاوه‌وه، به گه‌وره و بچووكه‌وه چاو ده‌بڕنه ئه‌و بناره، تا سوارچاكهكهی خۆیان په‌یدا بێته‌وه. ئه‌و له رۆژی چوار شه‌ممه‌ی خوێن و چوارینه‌ی مه‌رگدا، ده‌رده‌كه‌وێته‌وه و خۆی ده‌كات به ناوه‌ندی شاردا، به هه‌موو كوچه و داڵانه‌كانی شار ئاشنایه، به سه‌ر كه‌لاوه‌كانی شاردا بازێن ده‌كات و گۆڕستانی ده‌ره‌وه‌ی شار به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه. ئه‌و؛ رازی مانه‌وه‌ی ئه‌م شاره‌یه و، هه‌موو ساڵێك له‌م كاته‌دا هاواری بمرێ زۆردار، راده‌گه‌یه‌نێ.