پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: هەڵمەتێك بۆ هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سلێمانی بەڕێوەچوو 

كۆكردنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەت ساڵانە گوژمەیەكی گەورە خەرج دەكات، بۆ ئەوەی ژینگە شار و شارۆچكەكان بە خاوێنی بمێننەوە.
لەم چوارچێوەیەدا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتییی شارەوانییەكانی سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێكی فراوان لە سنووری شارەوانییەكانی ئاغجەلەر، ئەڵڵایی، تەیناڵ، بەردەقارەمان، قادركەرەم و چەند شوێنێكی تر بەڕێوەچوو، لە میانەیدا خۆڵ و خاشاكێكی زۆر كۆكرانەوە و چارەسەر كران.
ئەو هەڵمەتە فراوانە لەلایەن كارمەندانی بەشی ئامێرەكان و بەشی ژینگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی ئەنجامدرا كە تێیدا بە سەدان كرێكار و ئامێری تایبەت بە خۆڵ و خاشاك بەشداربوون. ئەمەش لەكاتێكدایە تەنیا لەم چەند مانگەی ئەمساڵدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوژمەی نزیكەی 26 ملیار دیناری بۆ بابەتی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی خەرج كردووە.