سیستمی کۆنفیدڕاڵی دەبێتە بژاردەیەکی گونجاو بۆ دەربازکردنی عێراق لە کێشەکان

ئەگەر سیستمی فیدڕاڵیی عێراق، کە ساڵی ٢٠٠٥ لە دەستووردا چەسپێنرا، وەک خۆی جێبەجێ کرابا و بەغدا وازی لەو ڕۆڵە ناوەندخوازییەی خۆی هێنابا، ئەوا ئێستا پێویستی بەوە نەدەکرد هیچ کەسێک باس لە گۆڕینی سیستمی ئێستای عێراق بکاتەوە و هەوڵی دۆزینەوەی سیستمێکی تر بدات.

وڵاتانی جیهان بە سیستمی جیاواز بەڕێوە دەچن، مەرج نییە سیستمێکی دیاریکراو کە لە وڵاتێک سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە یەکێکی تر سەرکەوتوو بێت، بۆیەش بەرگەکان ئەگەر بە باڵای وڵاتەکان بدوورێن ڕەنگە باشتر وڵام بدەنەوە.
بە دانپێدانانی زۆربەی سیاسەتمەدارەکان، ئەو بەرگە فیراڵییەی بەر عێراق کرا شکستی هێناوە و تا زیاتر ئەو بەرگە لەبەر عێراقدا بمێنێتەوە ئەوا دەرفەتی پینەکردنیش کەمتر دەبێت و وڵاتەکە زیاتر دوا دەکەوێت و دانیشتووانەکەشی تووشی کارەسات و تەنگژە و قەیرانی زیاتر و جیاوازتریش دەبن.
کەم نین ئەو ڕووداو و کارەساتانەی لانی کەم لە هەشت ساڵی ڕابردوو بەسەر عێراقدا هاتوون و نەبوونی هیچ ئومێدێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقی فیدڕاڵ، بووەتە هۆکارێک ئیتر سیاسەتمەداران بیر لە بژاردە و چارەسەری تر بکەنەوە.
لە سەردانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەریتانیا لە چوارچێوەی وتارێکدا کە لە چاتام هاوسی لەندەن پێشکەشی کرد دەست لەسەر برینەکە دانرا و دەرمانیش خرایە ڕوو. ئەو لە وتارەکەیدا پێشنیاری کۆتاییهێنان بە سیستمی فیدڕاڵی و گرتنەبەری سیستمێکی نوێی کرد کە پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی و مافەکانیان لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە.
هەروەها پێداگریی کرد کە كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی وه‌ك سنووره‌كانی دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی كێشراونه‌ته‌وه‌ و جیاوازی له‌ نێوان خواستی خه‌ڵكه‌كه‌ی كراوه‌، بوونه‌ته‌ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی به‌رده‌م گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنی ناوچه‌كه‌. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی وتارەکەیدا بە ڕاشکاوی گوتی: ”من لێره‌ وه‌ك كوردێك قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م، هیوادارم بتوانم ده‌نگی عێراقییه‌كانیش بگه‌یه‌نم، خوازیاریشم به‌م شێوه‌یه‌ بێت. له‌ ٢٠٠٣دا هه‌موومان هیواخوازی داهاتوویەكی باشتر بووین، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا خۆمانی تێدا ده‌بینینه‌وه‌، ناتوانێت به‌رده‌وام بێت، پێویسته‌ ئه‌وه‌نده‌ ئازایه‌تیه‌مان هه‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین و چاره‌سه‌ریش بخه‌ینه‌ڕوو.”
مەسرور بارزانی ئاماژەی دا ئه‌و مۆدێڵه‌ی كه‌ له‌ هزری ئەودایه‌، واتای دابه‌شبوون ناگه‌یه‌نێت، بەڵکوو ڕاگوزه‌رێكی ته‌واوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ پێناو متمانه‌ و پێكه‌وه‌ژیانی به‌رده‌وام، مۆدێڵی كۆنفیدڕاڵی له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهان هه‌ن، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌شه‌سه‌ندوو، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا به‌ شانازییه‌وه‌ له‌ژێر یه‌ك دروشمدان.
پێویستە بگوترێ ورووژاندنی ئەو پرسە لە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بووەتە بابەتی مشتومڕ قسە و باسی جیاوازی لەسەر دەکرێت. هەندێک میدیای ناوخۆیی و جیهانی لەسەریان نووسی، هەندێک چاودێری سیاسی بە چارەسەرێکی گونجاوی دەزانن و هەندێکی تریش لە ڕەهەندێکی ڕەخنەئامێزەوە پێیان وایە ئەوەی داوا کراوە دەبێت لە دوای سەربەخۆیی ڕوو بدات نەک فیدڕاڵی.
ئەگەر سەرنج بدرێتە چەمکی کۆنفێدراڵی لە فەرهەنگی سیاسیدا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەو سیستمە دەتوانێت بۆ ئەو وڵاتانە زۆر باش بێت کە ترسیان لە یەکتر و دابەشبوونی جوگرافیایان هەیە. بەو پێیە مەرج نییە دەوڵەتێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەربەخۆ بێت و ئاڵای لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵدرابێت ئەم جارە داوای کۆنفێدراڵی بکات.
زۆر وڵات هەن تەنانەت بە پێچەوانە کۆنفێدراڵی بوون و دواتر بوونەتە فیدڕاڵی کەوایە دەکرێ وڵاتێکیش کە سیستمەکەی فیدڕاڵییە هەنگاو بۆ کۆنفیدڕاڵی بنێت.
دەوڵەتێکی وەک ئەمەریکا پێشتر لە ساڵی ١٧٧٨ تا ساڵی ١٧٨٧ سیستمەکەی کۆنفیدڕاڵی بوو و دواتر بڕیاریان دا ببن بە فیدڕاڵی. ئەڵمانیاش لە ساڵی ١٨١٥ تا ١٨٦٦ بەشێوەی کۆنفیدڕاڵی بەڕێوە دەبرا و دواتر بڕیاریان دا ببنە فیدڕاڵی هۆڵنداش لە ساڵی ١٥٨٠ تا ساڵ ١٧٩٥ بە شێوەی کۆنفیدڕاڵی بەڕێوە دەچوو.
ئەگەر لە عێراق سیستمی فیدڕاڵی وەک خۆی جێبەجێ کرابا پێویستی بەوە نەدەکرد بیر لە گۆڕینی سیستم بکرێتەوە بەڵام ئێستا کە جێبەجێ ناکرێت و گۆڕینی سیستم بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی ئەوا دوو بژاردەی لەبەردەمدا هەیە یان دەبێت بکرێت بە چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ یا ئەوا دەبێت بە پاراستنی هەندێک دەسەڵاتی هاوبەش هەر یەک لە هەرێمەکان لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵیدا خۆیان بەڕێوە بەرن.
عێراق بەسەر سێ لایەنی ئیتنی دابەش بووە کە کورد و سوننە و شیعەن و لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵیدا هەر سێ پێکهاتە دەتوانن زۆر باشتر سوود لە ماف و دەسەڵاتەکانیان وەربگرن. ئەو پێشنیازە پێشتریش لەلایەن سەرۆکی ئێستەی ئەمەریکا خراوەتە ڕوو.
جێبەجێکردنی سیستمی کۆنفیدڕاڵی ئەگەر بۆ هەندێک وڵات قورس بێت ئەوا بۆ عێراق زۆر ئاسانە چونکە هەر لە دەستوورە فیدڕاڵییەکەیدا لە ڕووی دەق هەندێک سیمای سیستمێکی کۆنفیدڕاڵی پێوە دیارە، وەک مەسرور بارزانی لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر له‌ بری به‌ریه‌ك كه‌وتن، كه‌ تێیدا پێكهاته‌یه‌ك هه‌وڵ بدات زاڵ بێت به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تردا، با هه‌وڵ بدرێ وه‌كو هاوبه‌شی یه‌كسان مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، دامه‌زراوه‌ هاوبه‌شه‌كان یه‌ك بخه‌ن بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ هاوبه‌شانه‌ی جێگه‌ی گرنگیپێدانن، هه‌ر له‌ بازرگانییه‌وه‌ تا ژینگه‌ و ئاسایش.
جگە لەمە وەک ئاشکرایە وڵاتانی دراوسێ و ڕەنگە وڵاتە زلهێزەکانیش پێیان گونجاو نەبێت یان بەرژەوەندییەکانیان ئەوە نەخوازێت عێراق بکرێتە سێ دەوڵەتی سەربەخۆ و بۆیەش سیستمی کۆنفیدڕاڵی لای ئەوانیش دەتوانێت مایەی سەرنج بێت وەک چارەسەرییەک بۆ داهاتووی دۆخی عێراق سەیر بکرێت.
لە هەمووی گرنگتر، هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی و تەنانەت وزە و ئابووری و ئاسایشیشدا کەسایەتییەکی یاسایی نێودەوڵەتیی هەیە و، بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس تەنانەت دراوەکەشی جیاواز بوو، بۆیەش پێناچێت هیچ ڕێگرییەک لە جێبەجێکردنی کۆنفیدڕاڵیدا هەبێت کە مەرج نییە لە نێوان دەوڵەتە سەربەخۆیان دروست بێت بەڵکوو هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکانیش دەتوانن هەمان هەنگاو بهاوێژن بێ ئەوەی زیانیان بۆ دەر و دراوسێ هەبێت.

ھەواڵی زیاتر