ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان: وەبەرهێنەرانی سلێمانی پێیانڕاگەیاندم، لەشاری سلێمانی ئەمن و ئەمان نەماوە و ناتوانن بەردەوام بن

رێبوار بابکەی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ “ھەولێر” دەڵێت:” یەکێتی بەردەوام ھەوڵ دەدات ئاسەواری دوو ئیدارەی زیندوو بکاتەوە، لەبەر ئەوەشە رێگری دەکات لە لیژنەکانی چاکسازی و لێ ناگەڕێ ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. دەشڵێ، لە سلێمانی ئاستی خزمەتگوزاری وەکو پێویست نییە، ئەوەش بۆ سیاسەتی شکست خواردووی ئیدارەی شارەکە دەگەڕێتەوە، چونکە ھەر کاتێک حکوومەتی ھەرێم بودجەی پێویست بۆ سلێمانی رەوانە بکات، ئەو بودجەیە وەکو پێویست خەرج ناکرێت و لە بانکەکان دیار نامێنێت.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی، رایگەیاند، یەکێتی سەڵماندی کە حزبێک نییە حوکمڕانی بکات و، لە ئاست بەرپرسیارەتی دا بێت و داواکاری خەڵک جێبەجێ بکات، یەکێتی بەردەوام ھەوڵ دەدات ئاسەواری دوو ئیدارەی زیندوو بکاتەوە، لە سنووری سلێمانی خەڵک ھەژارە، بێ کارە، بێ پارەیە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئیدارەی ناوچەکە شکستی ھێناوە و نەیتوانیوە ئیدارەیەکی سەردەمیانە لەو ناوچانە بکات، بەپێچەوانەوە لە ھەولێر و دھۆک، ئیستقراری ئەمنی ھەیە، کاروکاسبی ھەیە، ژیانی خەڵک خۆشترە، پێش ماوەیەک ھەندێک وەبەرھێنەری سلێمانی قسەیان لەگەڵ من کرد، گوتیان لە سلێمانی ئەمن و ئەمان نییە، ناتوانین سەرمایەی خۆمان لەو سنوورە ھەڵبگرین، بۆیە دەمانەوێت لە ھەولێر و دھۆک وەبەرھێنان بکەین، رۆژانە خانەنشین لە نۆرەی وەرگرتنی پارە گیان لە دەست دەدەن، بۆیە وەبەرھێنەرەکان لەوە دەترسن کە پارەکەیان لە بانک دابنێن دیار نییە بەیانی بەرپرسانی سلێمانی نەخۆن، مەلا بەختیار، وەکو بەرپرسێکی دیاری ناو یەکێتی بە روونی رایگەیاند، بەرۆژی رووناک لەبەرچاوی خەڵک ھەندێک بەرپرسی یەکێتی لە بانکەکان پارە دەبن. ئاستی خزمەتگوزاری وەکو پێویست نییە، ئەوەش بۆ سیاسەتی شکست خواردووی ئیدارەی ئەو شارە دەگەڕێتەوە، چونکە ھەر کاتێک حکوومەتی ھەرێم بودجەی پێویست بۆ سلێمانی رەوانە بکات، ئەو بودجەیە وەکو پێویست خەرج ناکرێت و لە بانکەکان دیار نامێنێت، مەسرور بارزانی ٣٠٠ ملیار دیناری تەرخان کرد بۆ شەقامی ١٠٠ مەتری بۆ ئەوەی تەواو بکرێت، بەڵام تا ئێستا تەواو نەکراوە، بۆیە ئیدارەی سلێمانی نەیتوانیوە وەکو پێویست بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرێت، ئەمن و ئەمان و خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی سلێمانی دابین بکات، ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام سەرۆکی حکوومەت بودجەی پێویست بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەو سنوورە دابین دەکات، بەڵام پرۆژەکان لە ئاست ئەو بودجە و تموحی خەڵکدا نین.
بابکەیی، گوتیشی:” چاکسازی کە دەکرێت، ئەو کەسانەی گەندەڵن، ھەوڵ دەدەن کەموکوڕی لە دامودەزگاکانی حکوومەت دروست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان دەوڵەمەند بکەن، کاتێک کە چاکسازی دەکرێت، داھات زیاد دەبێت و پارە زیاتر بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەوان نایانەوێت چاکسازی بکرێت و رێگری دەکەن، چونکە بەشێکی زۆر لە داھاتی گشتی بۆ خۆیان دەبەن، کاتێک حکوومەتی ھەرێم بڕیاری دا لیژنەیەک پێکبھێنێت لە ھەر دوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ سەردانی خاڵە سنوورییەکان بکەن، پارتی لاری نەبوو داوای کرد یەکەم جار سەردانی خاڵە سنوورییەکانی ھەولێر و دھۆک بکات، چونکە ئێمە پشت راست بووین، ھەر بڕیارێکیش ئەو لیژنەیە بدات ئێمە پێوە پابەند دەبین و پشتگیری لێ دەکەین، بەڵام بەداخەوە یەکێتی ئامادە نەبوو
بابکەیی ئاشکراشیکرد:” یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکە ترسێکی گەورەیان لە ھەڵبژاردن ھەیە، ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت، کورسییەکانی یەکێتی کەم دەبن، ھەر لەبەر ئەوە کێشە دروست دەکات و لێ ناگەڕێ ھەڵبژاردن لە کاتی خۆی دا بکرێت، داوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە یاسای ھەڵبژاردن ھیچ تێبینییەکی یاسای لەسەر نییە و یاسایەکی بەرکارە لە ھەرێمی کوردستان،
گوتیشی؛ مەبەست لە سازان ئەوەیە کە بابەتێک گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەشێک لە داواکانی خۆمان بێنینە خوارەوە لەگەڵ ئەوان بەشێک لە داواکانی خۆیان بێنە خوارەوە، بۆ ئەوەی لە خاڵێک بگەینە رێککەوتن، سازان ئەوە نییە یەکێتی پرۆژەیەک ئامادە بکات، ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا ٣٩ پەرلەمانتار ئیمزایان لەسەر ئەو پرۆژەیە کردووە، نەک بەشێک لە فراکسیۆنەکان، بۆیە نابێت یەکێتی پێداگری لەسەر چەند خاڵێک بکاتەوە، بێ ئەوەی ئامادەبێت گفتوگۆ بکات، ئەوەی دیکەش ئەو پرۆژەی یاسای ئەوان باسی دەکەن تا ئێستا نەھاتووە پەرلەمان، تا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە، چونکە ئەوان دەزانن ئەگەر بێتە پەرلەمان و بخرێتە دەنگدانەوە دەنگی پێویست ناھێنێت، بۆیە ھەڵبژاردن بەرنامەیەکی سیاسی نییە کە حزبێک بە ئارەزووی خۆی بە موڵکی خۆی بزانێت، ھەڵبژاردن مافێکی یاسای و دیموکراسی و شارستانی گەلێکە”.

ھەواڵی زیاتر