بەكر كەریم حەسەن*
فەیلەسوف و سەركردەی چینی سن زۆ دەڵێت سەركردەی كارامە وا شوێنکەوتەکانی سەركردایەتی دەكات، وەكو ئەوەی سەركردایەتی یەك كەس بكات و لە دەستیدا بێت.
لەو وتارەدا دەمەوێ باسی رۆڵی بەڕێوەبەری قوتابخانە بكەم و ئەوەی دەیەوێ ببێتە بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێویستە فێری گرنگی و بایەخی رۆڵی بەڕێوەبەری قوتابخانە بێت وەكو سەركردەی پەروەردەیی. لەوانەیە وەكو پێویست نامیلكە و بەڵگە و پێڕست و سەرچاوەیەك لە بەردەستدا نەبێت وەكو ڕێنیشاندەر و ڕێنمایی بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێ ببنە بەڕێوەبەری قوتابخانە و بە شێوەیەكی ڕاست و دروستی پەروەردەییانە هەڵسوكەوت و ڕەفتار بكەن و، لە هەمان كاتیشدا ئەگەر تووشی هەر هەڵوێست و وێستگەیەكی كارگێڕی یان ڕوودانی هەر حاڵەتێكی كێشە و گرفتێی پەروەردەیی بوون، چۆن ڕەفتاری گونجاو و پێویست بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەڕێوەبەرێك پێویستی بە هەبوونی كارامەیی پەروەردەیی و كارگێڕی و بیركردنەوەی پەروەردەییانە هەیە، لەگەڵ وەرگرتنی بڕیارێکی بێوەی و راستاڵی پەروەردەیی لە هەر حاڵەتێكی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی هەردەم سەركردەیەكی سەركەوتوو بێت، پێویستە لە سەرەتا دا ئامادەیی ئەوەت تێدا هەبێت خۆت بگونجێنیت لەگەڵ شێوازە نوێی و جۆراجۆرەكانی كارگێڕی پەروەردەیی و، هەردەم پەرۆش و پەیوەست بێ بە داهێنانی نوێی لە پسپۆڕی پەروەردەیی و فێربوونی زیاتر و زیاتر، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوەستەكردن لە سەر ئەو چەند خاڵەی خوارەوە دەتوانی لە كارەكەی خۆت دا داهێنان بكەی و ببیتە سەركردەیەكی پەروەردەیی سەركەوتوو ئەویش:
۱-سەرەتا ئەوە بزانە سەركەوتن سەركەوتن و پێشكەوتن پێویستی بە كات هەیە لە شەو و ڕۆژێكدا بەدەست نایەت، كلیلی پادداشتی بنیادنان و گەشەکردنی قوتابخانە بریتییە لە پشوودرێژی و ئیشی بەردەوام و كۆششی ڕاستگۆیانە و هەوڵدانی بێوچان.
٢-هەردەم قوتابییەكانت لە پێشەوەی هەموو كارەكانت بن لە جیاتی ئەوەی خۆت بە ئیشی هونەری كارگێڕی خەریك بكەی و كاروباری قوتابیان لە یاد بكەی، پێویستە هەمیشە قوتابییەكان لە پلەی یەكەم بێت لای بەرێوەبەر لە هەموو بڕیاردان و گۆڕانكاری و پێشكەوتن و داهێنانێك لە قوتابخانە قوتابییەكان لە كاری هەر لە پێشینە بن و لە بیرمان نەچێت قوتابی دەرئەنجامی كۆی پرۆسەی پەروەردە و
فێركردنە.
۳-بەردەوام سەردان و بە سەركردنەوەی پۆڵ پێویستە لە كاتی وانە ووتنەوەی مامۆستایان، ئەوەش بیرۆكە و وێنەیەكی دروست پێشان دەدات تا چەند فێركردن بە شێوەیەكی نەرم و نیان و پەروەردەیی بەرێوەدەچێت لە قوتابخانە.
٤-چاودێری و سەرپەرشتی كردنی چۆنیەتیی دەوام كردنی سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران و بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی كێشەوگرفتەكانیان و هەردەم پەیوەندییەكی بریانە و باوكانە لە نێوان بەرێوەبەر و كارمەندەكان بە گشتیی بوونی هەبێت.
٥-بەردەوامی و پێكەوەیی لەگەڵ كەسوكاری قوتابیان و بونیادنانی پەیوەندییەكی پەروەردەییانە لەگەڵیان و ئاگاداركردنەوەیان لە هەر كەم و كوڕی و كێشەیەك.
٦-بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەو گرفتی مامۆستاكان و فەرمانبەران و ڕەفتاركردنی پەروەردەیی تەندروست لەگەڵیان دا، هەردەم هەست بە پاڵپشتی ڕاستەقینە بكەن لە قوتابخانە، ئەوەش ژینگەیەكی لەبار و گونجاو و پڕ دەستكەوتی پەروەردەیی دێنیتە كایەوە و هەردەم هەموو لایەك هەست بە ئاسوودەیی و یەك
تیمی و یەك خێزانی دەكەن. جودا لەو خاڵانەش پێویستە بەردەوام بەڕێوەبەر هەوڵ بدات پادداشت و خەڵاتی مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابییەكانی بكات لە سەر كار و ڕەفتاری باش و هانیان بدات، ئەوەش وایان لێ دەكات زیاتر و زیاتر ببەخشن لە پێناو قوتابخانە و خوێندن و پەروەردە و فێربوون و فێركردن دا.
ماوەتەوە بڵێم گرنگە وەزارەتی پەروەردە لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان و یەكەی سەرپەرشتیاری ساڵانە بە داوداچوون و هەڵسەنگاندنی وورد و پێویست لە سەر كۆی ئەدا و ڕۆلی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان ئەنجام بدات لە هەموو ڕوویەكەوە، لە كۆتاییدا كۆمەلێ بڕیاری رێکوپێکی پەروەردەیی و یەكلاكەرەوەی لێ بێتە دی لە بەرژەوەندی گشتیی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن.
*بەڕێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی