ئافرە‌ت لە‌نێوان دە‌ستدرێژی و گێچە‌ڵی سێكسیدا

کوردستان یاسین ڕەسوڵ

دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بە یەکێک لەو دیارده ناشیرین و پێشێلکاریانە دادەندرێن کە بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجام دەدرێن و بە یەکێک له کاریگەرترین و مەترسیدارترین جۆری توندوتیژی دادەندرێن لە سەرتاسەری جیهاندا، کە تەنها پەلاماری جەستەیی لە خۆیان ناگرن، بەڵکو ئەو پەلامارە دەروونیانەش دەگرنە خۆیان کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکات.
بەپێی ئامارە جیهانیەکان ڕێژەی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە هەموو جیهان ڕوو لە زیادبونە، بەرامبەر بە ساڵانی ڕابردوو هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
لە کوردستانیش بەپێی ئامارو داتاکانی ئەم دواییانە بێت ئەنجامەکان دڵخۆشکەر نین سات بەدوای سات کەیسەکانی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی ڕوو لە زیادبونن.
لە زۆربەی کەیسەکانیش دەستدرێژییەکان بەرامبەر بە کچان و ژنانی خوار تەمەن ١٨ ساڵی و بەتایبەتی كچانی بێ سەرپەرشت و پێنەگەیشتوەکان ئەنجام دەدرێن، وە بە گوێرەی زۆرێک لە ئامارەکان ئەوە دەرخراوە کە زۆرجار ئافرهتانی بەناوبانگیش بەهەمان شێوە‌
ڕووبەڕووی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە.
سەبارەت بە ڕێگاکانی دەستدرێژیکردن، لە ئێستادا مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە بەربڵاوترین ڕێگاکانی ئەنجامدانی ئەم کردەیە دادەندرێن. سەباره ت بە هۆکارەکانیش هۆکار گەلێک هەن
کە ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە دەرهاویشتەین.
هۆکاری سەرەکی خێزان و پەروەردەیەکی نادروست، وە نەبوونی هۆشداری، نەبوونی تاکێکی هۆشیار و بەئاگا کۆمەڵگادا، واتا نزمی ئاستی ڕۆشنبیری تاک لەو کۆمەڵگایانەیی کە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی زۆر بە کردە دەکرێت.
هه روه ها هەبوونی ئەو میدیا بێکەڵک و بێخاوەنانەی کە لە ئێستادا هەن، هیچ هۆشیاری بە تاک و بە کۆمەڵگا نادەن لەبارەی دەستدرێژی سێکسی و چۆنیەتی خۆپاراستنی کچان و ژنان لە دەستدرێژی و گیچەڵکردن.
وە شێوازی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم جۆرە کردە و کەیسەکانە. له لایه كی دیكه وه، سزانەدانی ئەو تۆمەتبارانەی ئەم کردە قێزەونانە ئەنجام دەدەن بێگومان ئەمە هۆکارێکە بۆ بڵاوبونەوەی دیاردەکە، وە زۆربەی
جارەکان دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکان وایکردوە زۆرینەی ئەو کەیسانە بشاردرێنەوە یاخود لە ڕێگەی عەشایەری چارەسەر بکرێن و نەدرێنە یاسا.
وە ترس و شەرمی قوربانیان لە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان و خێزانەکانیان هۆکارەکەشی ئەمەیە کە تاوەکو ئێستاش لە کۆمەڵگای کوردی شکۆ و شەرەفی خێزان و کۆمەڵگە چەسپێندراو لکێندراوە بەئافرەتانەوە.
بە نهێنی هێشتنەوەی بابەتەکە وە تۆمارنەکردنی سکاڵا لە تۆمەتبار بەهۆی هەڕەشەکردنی تۆمەتبار لە قوربانی، ئینجا چ هەڕەشەی کوشتن بێت یاخود بونی ڤیدیۆ و وێنەی قوربانیەکە لەلای تاوانبار وە قوربانی ناچار بکرێت بێدەنگ بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی
بکەری کارەکە بێ سزا دەربازی ببێت. وە هەندێک جار خودی دادگا هۆکاری دووبارەبونەوە و بڵاوبونەوەی ئەم جۆرە کردە نامرۆڤانەیە، بەهۆی ڕێگەدان بە دەستێوەردانی کەسانی تر بەتایبەتی بەرپرسەکان لەو جۆرە کەیسانە، ئەمە هۆکار دەبێت کەوا تۆمەتبار بە
کەمترین سزا دەربازی ببێت.
ئەوەی پێویستە لەکاتی ڕوودانی هەر جۆرە دەستدرێژی و گێچەڵکاریێکدا قوربانیان بەزووترین کات لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە وە سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی تاوانبارەکان بە سزای خۆیان.
دەستدرێژی و گێچەڵکردن کاریگەری نەرێنی لەسەر قوربانیان بەجێ دەهێڵن چ لەڕووی جەستەی چ لە ڕووی دەروونی. زۆربەی کاتەکان قوربانیان ناتوانن دەروونی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن، بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە دواجار حاڵەتەکانی خۆکوژیش زۆردەبن. چەندان هۆکاری تری دەروونی هەستکردنی قوربانیان بە تاوان، و هەستکردنیان بە کەمی خود، زوو هەڵچوون، توشبوون بە گرفتەکانی خەوتن وە خەمۆکی.
ئەوەی گرنگە هەموومان ڕێگربین لە ڕوودانی ئەم جۆرە دیاردە ناشارستانیانە لە ڕێگەی هۆشیار کردنەوەی تاک و پەروەردەیەکی دروستی منداڵەکانمان.دەبێت هەروەکو چۆن بە کچەکەت دەڵێیت خۆت بپارێزە لەم کردەوانە، بەهەمان شێوە کوڕەکانیشمان هۆشیار بکەینەوە لەوەی کەوا ئەم کردەیە کردەیێکی نابەجێ و قێزەونە بەهەموو شێوەیێک خۆیان لێبەدوور بگرن.
لێرەدا پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وە سەنتەرەکانی ڕۆشنبیری، ئاسان کاربن بۆ هێنانە پێشەوەی قوربانیان بۆ ناو کۆمەڵگه لەرووی چاڵاکی جۆراوجۆره وه.
هه روه ها پێویستە هاوڕێ و هاوپیشەکانی قوربانیان و خودی خێزانەکانیش هاوکاری و پاڵپشتی قوربانیەکان بن بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانیان، دەستیان بگرن لە کەوتن بۆ هەستانەوە.

ھەواڵی زیاتر