ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر بۆردومانکردنى قەڵادزێدا تێدەپەڕێت 

ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر بۆردومانکردنى شارۆچکەى قەڵادزێدا لەلایەن ڕژێمى بەعسى لەناوچووەوە تێدەپەڕێت کە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتى و قوتابیی لە سنوورەکە بوونە قوربانى.

 سەرلەبەیانی ڕۆژی 24ی نیسانی ساڵی 1974 لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە بە بۆمبی ناپاڵم شاری قەڵادزێ‌ و زانکۆى سلێمانى کە ئەوکات گواسترابووە بۆ شارۆچکەکە لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە بۆردومان کرا و بەهۆیەوە (134) هاووڵاتی و قوتابى شەهید و (152) هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

لەبارەى یادکردنەوەى بۆنەکەوە، حسێن خدر، لێپرسراوى ڕاگەیاندنى قایمقامیەتى پشدەر، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بۆ ئەمساڵ وامان بە باش زانى یادى کارەساتەکە بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بکرێتەوە بەبێ ڕێوڕەسمى فەرمى و هیچ خەرجى و تێچوون و بانگهێشتکردنى هیچ میوانێک”.

گوتیشى: “سەرجەم کەس و لایەنەکان ئازادن لە دانانى تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕى شەهیدان بەو شێوازەى کە خۆیان بە پەسەندى دەزانن ”.

باسى لەوەش کرد: “بە هەماهەنگى لەگەڵ ئیدارەى ڕاپەرین لەو یادەدا بە ئەرکى سەرشانى خۆمانى دەزانین کە جارێکى تر داواکارییەکانى خەڵکى دەڤەرى پشدەر ئاراستەى سەرۆکایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بکەین کە ساڵانى پێشوو جێبەجێ نەکراون و هەردوو پرۆژەى ستراتیژیى دروستکردنى بەنداوى دەڵگە و بەفەرمى ناساندنى مەرزى کێلێ و هەردوو پرۆژەى بەدووسایدکردنى ڕێگاى  دەربەند-ژاراوە و تەواوکردنى مۆنۆمێنتى شەهیدان لەخۆی دەگرێت”. 

ھەواڵی زیاتر