شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

تاوانبارانی كوشتنی منداڵه‌كه‌ی كه‌ركووك ده‌ستگیركران.. یه‌كێكیان خاڵیه‌تی

گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای كه‌ركووك ئاشكرای كرد، ئه‌و دوو تۆمه‌تباره‌ی كه‌ منداڵه‌ ته‌مه‌ن 8 ساڵانه‌كه‌ی شاری كه‌ركووكیان ڕفاندبوو و دواتریش كوشتبوویان، ده‌ستگیركران،‌ یه‌كێكیان خاڵی منداڵه‌كه‌یه‌.

دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو و كاتژمێر 2ی شه‌و له‌ شاری كه‌ركووك ته‌رمی ئه‌یووب ئه‌حمه‌د مه‌هدی له‌دایكبووی ساڵی 2014 ‌له‌سه‌ر ڕێگای پشتێنه‌ی كه‌ركووك كه‌ به‌ حه‌ولییه‌ك ناسراوه‌،‌ دۆزرایه‌وه‌.

ئه‌یووب كه‌ كوڕی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی سه‌ڵاحه‌دینه‌ له‌ ڕۆژی چوارشه‌می ڕابردوو ڕێكه‌وتی 20/4/2022 ونببوو و كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌ بنكه‌ی پۆلیسی فه‌رمانی ونبوونیان تۆمار كردبوو، به‌ڵام شه‌وی ڕابردوو هێزه‌كانی پۆلیسی كه‌ركووك ته‌رمه‌كه‌یان له‌ شه‌قامی حه‌ولییه‌كه‌ی شاری كه‌ركووك دۆزییه‌وه‌.

دوای ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ ته‌رمی ئه‌یووبی ته‌مه‌ن 8 ساڵ، ده‌ركه‌وتبوو كه‌ خنكێنراوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ملی ئاسه‌واری خنكاندنی پێوه‌ دیار بوو‌.

مقه‌ده‌م عامڕ شوانی گوته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركووك بۆ (كوردستان تیڤی) ڕایگه‌یاند: هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كه‌ گومان له‌سه‌ر خاڵێكی منداڵه‌كه‌ هه‌بوو كه‌ تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجامدابێت، دوای ده‌ستگیركردن و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، دانی به‌وه‌دانا كه‌ به‌هاوكاری كه‌سێكی تر خوارزاكه‌ی ڕفاندووه‌ و دواتریش كوشتوویانه‌.

گوته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركووك ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ خاڵه‌كه‌ و هاوكاره‌كه‌ی به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی پاره‌  منداڵه‌كه‌یان ڕفاندبوو‌ و سه‌ره‌تاش داوای 200 ملیۆن دیناریان له‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی كردبووه‌، به‌ڵام دواتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئامانجی كاره‌كه‌یان نه‌پێكابوو‌ و هه‌روه‌ها بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ و ئاشكرا نه‌بوونیان، هه‌ڵسابوون به‌ كوشتنی منداڵه‌كه‌ و فڕێدانی ته‌رمه‌كه‌ی.

مقه‌ده‌م عامڕ شوانی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌ردوو تاونباره‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی پۆلیس دان و ڕووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه‌ تا به‌ سزای یاسایی خۆیان بگه‌ن.