گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، ماوه‌ی 100 ساڵه كێشه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وامه، بۆیه ده‌بێت پێكه‌وه بڕیاری چاره‌نووسساز بده‌ین و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ریتانیا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند، به‌ریتانیا به شێوه‌یه‌كی دوور به دووری له ناو بابه‌ت و پرسه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، پلاندانه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه ئینگلیزه‌كانن، ئه‌وه له مێژووش ره‌نگی داوه‌ته‌وه و باسكراوه، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ له‌نده‌ن گرنگن، جیا له‌وه‌ش بۆریس جۆنسن، سه‌رۆكی وه‌زیرانی به‌ریتانیا به دۆستی كورد ئه‌ژمار ده‌كرێت و پێشتر سه‌ردانی هه‌ولێری كردووه.
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم روونیكرده‌وه، ئه‌و نزیكیه‌ی هه‌ولێر و له‌نده‌ن سوودی زۆری ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق، جیا له پرسی وه‌به‌رهێنان و ئابووری، هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ نیشاندانی بۆچوونی حكومه‌تی هه‌رێم به رووی جیهاندا.
جوتیار عادل ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌ره‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان یه‌كسه‌ر نایه‌نه به‌رده‌ست، به‌ڵام شێوازی پێشوازیكردنه‌كه له مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو شتێكی روونكرده‌وه.