په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵیادى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردیدا

ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردى و یادى سەد و بیست و چواره‌مین ساڵه‌ی دەرچوونی یەكەم ‏‏ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ى میر میقداد میتحه‌ت بەدرخان، هه‌روه‌ها بیست و ‏‏چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، له‌ هه‌موو ‏‏ڕۆژنامه‌نووسانى كورد و كوردستان به‌گشتى پیرۆز ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ‏ده‌خوازم.‏

له‌م یاده‌دا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى ته‌واوى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى كوردستان‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ‏له‌ ‏هه‌موو قۆناغه‌كاندا، خزمه‌تیان به‌ كایه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردستان كردووه‌ و سه‌رده‌مى ‏شۆڕش ‏و دواى ئازادییش، به‌ كارامه‌یى و پیشه‌یى، ئه‌ركى خۆیان ڕاپه‌ڕاندووه‌ و ‏هه‌ندێكیشیان له‌م ‏پێناوه‌دا سه‌ریان نایه‌وه‌ و گیانیان سپارد.‏

له‌م‌ بۆنه‌یه‌دا جه‌خت له‌ هه‌ڵوێستى پشتگیریمان له‌ دیموكراسى، ئازادییه‌كان، ئازادیى ‏ڕۆژنامه‌گه‌رى و ‏ڕاده‌ربڕین، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ریى یاسا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه كۆڵه‌كه‌ى‌ ‏سه‌ره‌كیى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ئازاد و پێشكه‌وتوون‌ و گه‌لى ‏كوردستان له‌پێناویاندا خه‌بات و ‏تێكۆشانى كردووه‌ و خوێن و گیانى بۆ كردووه‌ته‌ قوربانى، بۆیه‌ ‏هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداریان ‏نابێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌ك پارێزه‌ریان ده‌بین.‏

هه‌ر له‌م یاده‌دا داكۆكى له‌ بایه‌خ و گرنگیى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ئه‌ركى ڕۆژنامه‌نووسان ‏ده‌كه‌ینه‌وه‌ ‏كه‌ هه‌میشه‌ ڕه‌چاوى كارامه‌یى و پیشه‌ییبوون بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ركه‌كه‌یان به‌رپرسانه‌ و ‏‏به‌ دروستى ڕاپه‌ڕێنن، به‌ ویژدانه‌وه‌ ڕاستییه‌كان وه‌ك خۆى بگه‌یه‌نن، به‌رژه‌وه‌ندیى ‏باڵاى ‏وڵات بخه‌نه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌، به‌ ڕه‌خنه‌ى بنیاتنه‌ر و تێبینى و سه‌رنجتان، ‏هاوكار و ‏یارمه‌تیده‌رى داموده‌زگا و دامه‌زرا‌وه‌ نیشتمانییه‌كان بن، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و ‏‏باشتركردنى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان.‏

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

‏2022/4/22 ‏

ھەواڵی زیاتر