نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت: حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەكان، بەرامبەر بە شنگال کەمتەرخەمن

نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، لە دیدارێکدا لەگەڵ ” هەولێر” دەڵێت: حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هاوکار نییە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە. دەشڵێ، ئەمڕۆ بە دەیان گرووپی چەکدار لە شنگال هەن، کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵادەستە، هەریەکە و ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان کردووە بە سەربازگە.

ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤، شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ھێرشی کرایە سەر و بەھۆی ئەو بۆشاییە سەربازییەی سوپای عێراق لە ناوچەکەدا جێی ھێشتبوو، توانییان بە ماوەیەکی کەم ناوچەکە داگیر بکەن و، هەزاران ژن و منداڵ و پیاوانی ئێزدی تووشی مەرگ و ئاوارەبوون بکەن ‌و بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە ترسی شمشیر و نێزەی ئەو چەکدارانەڕوویان کردە چیای شنگال و، لە هەر چوار لاوە بەو گەرمایە گەمارۆ دران و بێ ئاو و خواردن مانەوە و چەندین کەس بەھۆی تینوێتی و برسێتی و نەخۆشی لەڕۆژەکانی یەکەمدا گیانیان لە دەست دا.
لە دوایین ئاماردا نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی ئامارێکی نوێی قوربانیان و ڕزگارکراوانی ئێزدی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: “ھێشتا هەزاران کوردی ئێزدی بێسەروشوێن و ئاوارەن.
قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ڕوونی کردەوە: “خەڵکی شنگال زیاتر لە ٧ ساڵە ئاوارە بوونە و لە کەمپەکان دەژین، زیاتر لە ٥ ساڵیشە ئیدارەی شەرعی لە شارەکە نییە، ئەوەش لەبەر ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە شنگال هەن، داواکاری ئێمە و خەڵکی شارەکە ئەوەیە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچیان بۆ شارەکە نەکردووە، ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا کرا، خەڵک چاوەڕێیە جێ بەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی بەغدایەک خاڵی لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکردووە، ئەوەش ھۆکارەکەی وڵاتانی دەوروبەر و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەیە کە ڕێگە نادەن ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و، ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکە، چونکە ئاوەدان بوونەوەی شارەکە ھۆکار دەبێت بۆ ئاوەدان بوونەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکەکەی.
نایف سەیدۆ،ڕوونیشی کردەوە: “ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی شنگالدا هات، شتێکی بچووک نەبوو، شارەکە وێرانە، لەرووی ئەمنییەوە وێرانە، گرووپی چەکدار لە ناوچەکە هەن، هەموو ئەوانەش وای کردووە کە شارە ئاوەدان نەکرێتەوە و خەڵک نەگەڕێتەوە، دەبوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکار بایە بۆ ئارامبوونەوەی دۆخی شنگال، بەڵام بەداخەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ھیچی نەکردووە و نەیان توانیوە شارەکە لە گرووپە چەکدارەکان خاوێن بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بۆ شارەکە بگەڕێتەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ئاشکراشی کرد: “حکوومەتی هەرێم بەردەوام ھاوکاریی خەڵکی شنگال کردووە، ئەوەی پێویست بووە کردووە، خەڵکی شارەکەی لە باوەش گرتووە، ھێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی شارەکەیان لە داعش پاک کردەوە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هاوکار نییە بۆ وەدەرنانی گرووپە چەکدارەکان و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە.
قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ئەوەشی گوت:” ئەمڕۆ بە دەیان گرووپی چەکدار لە شنگال هەن، کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵا دەستە، هەریەکەو بۆ خۆی ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان کردووە بە سەربازگە، ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی خەڵک نەگەڕێتەوە، هەروەها ئەو خەڵکەی گەڕاوەتەوە جارێکی دیکە ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببنەوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەینئەگەر دەیانەوێت بارودۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە، خەڵک بگەڕێتەوە، ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هەیە جێ بەجێ بکەن، ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەمنییەتی ئەو شارە بپارێزن، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لەژیانی لەژێر خێمەکان ڕزگار بێت و دووبارە دەست بە ژیانێکی نوێ بکاتەوە، چونکە هەتا ئێستا مەترسیی داعش لەسەر شنگال هەیە. وێڕای ئەوانەش خەڵکی ئێمە لەڕووی ماددی و مەعنەوەییەوە ھاوکاری بکرێن، چونکە تا ئێستایەک کەس لەو شارە قەرەبوو نەکراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە هەندێک خەڵکی دیکە لە دەوروبەری شارەکە کە دەستیان لەگەڵ داعش هەبوو، گەڕاونەتەوە و قەرەبوو کراونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا هەندێک کۆمەڵگە لە سنوورەکە هەنیەک ماڵی بۆ نەگەڕاوەتەوە، ئەوەش هەموو حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لێی بەرپرسیارن”.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ئەوەشی گوت: “تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە، هەندێک لە گۆڕەکان هەڵدراونەتەوە و ڕووفاتەکان بەڕێوڕەسم بە خاک سپێردراون”.

ھەواڵی زیاتر