ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

بیســـت ســـاڵێک لەمەوبەر کێ بڕوای دەکرد، زانکۆی (یەیڵ) کە دێرینترین زانکۆی ئەمریکایە، کتێبـــی: (بۆچی مارکس لەســـەر هەق بوو)ی تیـــری ئیگڵتن چاپ و بـــاو بکاتەوە؟ زۆر لە ڕۆشـــنبیرانی ئەمریکا، بەتایبەتی ئەوانەی سیاســـەتی ڕۆشـــنبیریی ئەمریکا ڕەنگڕێژ دەکەن، دەپرســـن: بۆچی پێویستە لەسەرمان، ئەم هەموو بایەخە بە ڕەخنەگرانی کۆمەڵناس، ئەوانەی وەک مارکس بیر دەکەنەوە، بدەین؟ ئەم جۆرە لە پرسیار، دوای قەیرانە ئابوورییە سەختەکەی 2008 سەری هەڵدا کە ئەوەی لە گوماندا نەهێشتەوە، بونیادی سیستەمی سەرمایەداری، بەرەو ڕووی گەلێک کێشەی مەترسیدار بووەتەوە، بە پلەی یەکەم لە سۆنگەی ئەوەوە، سیستەمێکە
لە قازانجی لە سەددا یەکی کۆمەڵ کار دەکات و بایەخ بەوانی دیکە نادات.
مارکـــس پێی وابوو: ســـەرمایەداری کۆتاییی مێـــژووی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکـــوو قۆناغێکی پێشـــکەوتووی کۆمەڵە و مرۆڤایەتی لەو وێســـتگەیەوە بەرەو سیســـتەمێکی ئابووریی چاکتر هەنـــگاو دەنێت. ئەوەی ســـەرمایەداری لەم قەیرانەوە، بەرەو ئەو قەیـــران بەڕێوەیە، بەڵگەیە بۆ ڕاســـتی و دروســـتی گوتەکەی مارکس کە دەیگوت: “ســـەرمایەداری خـــۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت.” ئەوەی تڕەمپ باجێکی زۆری خســـتە ســـەر ئـــەو کاڵایانەی لە چینەوە هاوردە دەکران، هەنگاوێک بەرەو هەڵکەندنی گۆڕ بۆ سیستەمی سەرمایەداری، پەلاماردانی (ئوکراین)
یش لەلایەن پووتینەوە، هەنگاوێکی دیکەیە.
ڕیچـــارد دی ۆڵف کە ئوســـتادی ئابوورییە لە زانکۆی ماساچوســـێتس (بۆســـتن) لە کتێبی: (تێگەیشـــتن لـــە مارکســـیزم)دا دەڵێت: ” زۆر ســـەیرە! لە ســـەروەختێکدا کە ڕووســـیا بە ڕێزەوە، یادی ڕابردووی دەکاتەوە، ڕابردوویەک کە تێیدا قەیســـەر بە کۆمەکی کریســـتیانیزمی ئەرسۆدۆکســـی و ئۆلیگارشـــیی دارایی حوکمی دەکرد، مارکسیزم بە پۆشاکێکی نوێوە، لەنێو قەڵاکانی ســـەرمایەداریدا دەبووژیتەوە.” ئەوە ئەوپەڕی ڕۆمانســـیزمی فیکرییە، ئەگەر وای بۆ بچیـــن: مارکس لـــە ئەمریکا زیندوو بووەتەوە، ڕێ لەبەردەم مارکســـیزمدا تەخت بووە و هاکا ئەمریکایییەکان مارکسیســـتی عەیار بیست و چواریان لێ دەرچوو، ئاخر ئەزموونی مرۆڤایەتی
بریتییە لە ململانێی ماددی و فیکری.
مارکســـیزمی ئەمریکایی، ناونیشـــانی کتێبێکی (مـــارک ئاڕ لیڤن)ە، 2021 بـــاو بووەتەوە و بەگوێرەی لیستی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، یەکێکە لە کتێبە پڕفرۆشەکان. لیڤن لەو کتێبەیدا دەڵێت: “ئایدۆلۆجیای مارکسیزم ڕۆ چووەتە ناو جڤاک و کولتووری ئەمریکایییەوە، ئیدی هەر لە خوێندنگە و ڕۆژنامەگەرییەوە، تا دامەزراوەکان و سینەمای هۆڵیوود و نێوەندەکانی (حیزبی دیموکراتی) و ڕاوێژکارەکانی (جۆ بایدن)ی ســـەرۆکی ئەمریکایشەوە. لیڤن هەرەوەها دەڵێت: مارکســـیزم بە ناوی جیـــاوازەوە بەنێو جڤاکی ئەمریکاییدا ڕۆ چووە، وەک پێشـــکەوتنخوازی، سۆشـــیال دیموکراتی، فێمینیزم، تیۆریـــی جێندەری، ژینگەدۆســـتی و داکۆکی لە مافەکانی
ڕەشپێستان و هاوڕەگەزخوازان.
لیڤن هەروەها دەڵێت: “شۆڕشـــی دژ بە شۆڕشی ئەمریکایی، لەوپەڕی بەهێزیی خۆیدایە، تازە لـــەوە دەرچووە لەبەر چاو نەگیرێت، ئاخر هەمـــوو وردەکاریی ژیانی ڕۆژانەی داگیر کردووین.” پارادۆکس ئەوەیە، لە ســـەروەختێکدا خۆرئاوا پێشوازی لە تارماییی کۆمۆنیزم دەکات، ڕووسیا کە میراتگری یەکێتیی ســـۆڤیەتە، سەرقاڵی لە گۆڕنانی ئەو (تاپۆ)یەیە کە مارکس و ئێنگڵس
لە (مانیفێستی کۆمۆنیست)دا پێشبینییان کردبوو. () لطفیة الدلیمي، مارکسیة تنمو في القلاع الرأسمالیة. (*) تاپۆ: تارمایی

ھەواڵی زیاتر