پێشبینی دەکرێ بەر لە جەژن کرانەوەی سیاسی ڕووبدات و عێراق لە چەقبەستوویی بهێنرێتە دەرەوە

لانیکەم تا تێپەڕبوونی چلەی هەڵوێستەکەی سەدر هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێ لەئارادا نییە، گوشارەکان لە لایەن جەماوەر بۆ سەر لایەنەکان زیاتر بووە و لایەنە سیاسییەکانیش بۆ دەرهێنانی عێراق لەو چەقبەستووییە پڕۆژەی نوێ دەخەنە روو و پێشبینی دەکرێ دوای جەژن عێراق لە چەقبەستوویی بهێنرێتە دەرەوە

دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی رابردوودا کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق سەری نەگرت و رێژەی یاسایی کۆ نەکرایەوە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، هەڵوێستێکی نوێی گرتە بەر و ٤٠ رۆژ دەرفەتی بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا ئەوان ئەم جارە هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بنێن، بەڵام سەدر بەشدار نابێت.
لەو کاتەوە دۆخی عێراق هێندەی تر چەقبەستوو بووە و هیچ ئومێدێک نییە لەو ٤٠ رۆژەدا گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەت روو بدات و هەڵوێستەکەی سەدر هەر خوێندەوەی ئەوەی لێ کراوە بەمەبەست ئەو دەرفەتە بخاتە بەردەم لایەنی بەرانبەر لە کاتێکدا سوور دەزانێت یەک لەسەر سێی پەکخەر ناتوانێت بۆ دوو لەسەر سێی پێکهێنانی حکوومەت بگۆڕدرێت.
هەرچەندە دۆخی سیاسیی عێراق لە چەقبەستوویی دایە بەڵام لایەنە سیاسییەکان لە خستنەڕووی پڕۆژەی نوێ بە ئامانجی کرانەوەی دۆخەکە بەردەوامن.
هەندێک لە میدیاکانی عێراق باسیان لەوە کردووە دوای نائومێدبوونی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو پێشنیاری تریان خستووەتەڕوو و یەکێک لەو پێشنیارانەش ئەوەیە درێژە بە حکوومەتی ئێستای عێراق و سەرۆکایەتی کۆمار بدرێت هەنگاوێک کە لەوانەیە نارەزایەتیی لێ بکەوێتەوە.
وەک ئاشکرایە ساڵی ٢٠١٩ خۆپێشاندانەکانی عێراق لەسەرئەو بنەمایە دەستی پێ کرد تا هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکرێت و دواجار داواکارییەکە بەدی هات و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. لە هەڵبژاردنەکە هەرچەندە رێژەی بەشداری کەم بوو، بەڵام یەکێک بوولە بێگەردترین هەڵبژاردنەکانی عێراق و خەڵک ئەو لایەنانەیان سزا دا کە پێیان وابوو رۆڵیان لە گەندەڵی و دۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری عێراقدا هەبووە.
ئێستا خەڵکی عێراق هەموو چاوەڕوانی یەکیان لە براوەکانی هەڵبژاردن ئەوەیە هەر چی زووە حکوومەتێکی لێپرسراو پێکبهێنن تا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری دەست بە کار ببێت.
ئێوارەی هەینی رابردوو لە بەغدا و کۆمەڵێک شاری تری عێراق خۆپێشاندان کرا و خۆپێشاندەران داوایان لە لایەنە سیاسییەکان کرد هەر چی زووە کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان و بەرژەوەندیی حزبی بهێنن و بە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی بێکاری، هەژاری و دەیان کێشەی تر بدەن کە بەربینگی وڵاتی گرتووە. ئەوان هەڕەشەیان کرد ئەگەر رێز لە داواکارییەکەیان نەگیرێت خۆپێشاندان بەرفراوانتر دەکەن.
پرسی درێژەدان بە حکوومتی کازمی، نوێترین رایە کە لەم دواییانەدا هەندێک لایەن خستووتیانەتەڕو هەرچەندە لایەنە سیاسییەکان کۆمەڵێک بژاردەی تریشیان باس کردووە، پرسی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تریش بژاردەیەکی ترە باس کراوە.
ئەوەی بەشێکی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەری سوورن ئەوەیە رێز لەو دەرەنجامەی هەڵبژاردن بگیرێت و هەر چۆنێک بێت لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردنی حکوومەتی نوێی داهاتوو رێک بکەون. ئەوەی لەم پڕۆسەیەدا مایەی کێشە و ناکۆکی بووە دوو پرس بووە یەکەمیان پێوەندی بە ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی هەیە کە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەسەریەک کاندید ساغ نەبوونەتەوە و دووەمیش پێوەندی بە رەوتی سەدر هەیە کە رای گەیاندووە حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی پێک دەهێنێت و حکوومەتی سازان رەت دەکاتەوە.
مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق گوتوویەتی: سازان بووەتە عورفێکی سیاسی و چ سەدر و چ چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەگەر بە تەنیا حکومەت پێک بهێنن دژایەتیی ئەوەی تری لێ دەکەوێتەوە.
ئومێد هەیە لە دوای جەژن عێراق لەو چەقبەستووییە سیاسییە بهێتە دەرەوە و هەنگاو و بژاردەی نوێ بۆ پێکهێنانی حکوومەت بگیرێنە بەر چونکە دۆخی نێودەوڵەتی شێواوە و حکومەتی کاتیی ناتوانێت هەر بەو شێوەیە لەکارەکانی بەردەوام بێت.
رۆژنامەی سەباحی عێراقیش پێشبینیی کردووە تەنانەت بەر لە جەژن کرانەوەی سیاسی روو بدات و لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە رێککەوتن بگەن، بە تایبەتی ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی رەوتی حیکمە کردووە کە بڕیارە بیخاتە روو. لە لایەکی ترەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش پێی وایە هەنگاوی ئەرێنییان ناوە بەرەو دەرهێنانی عێراق لەم چەقبەستووییە سیاسییەی تێی کەوتووە.
وەک باس دەکرێ پڕۆژەکەی حیکمە ئەوەیە زۆرینەی هەرە بەرچاوی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەشدار بن و کەمینەیەکی کەم ئۆپۆزسیۆن بێت، ئەمەش بۆ رازیکردنی هەرا دوو لایەنی هاوئاهەنگی و سەدرە.
پێویستە بگوترێت عێراق ئێستا بەسەر دوو بەرەیەک لەسەر سێی پەکخەر و کەمتر لە دوو لەسەر سێی ناسەرکەوتوو لە گرێدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان پێک هاتووە. هاوپەیمانی لایەنەکانی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان و سەروەری سوننە لایەنی زۆرینەن کە نەیانتوانیوە زۆرینەی ٢٢٠ کورسی کۆ بکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر