ماكوان عێزەت – ههولێر
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی تەندروستی و ساڵیادی دامەزراندنی WHOوە، لە مەراسیمێکی شایستەدا بۆ ستایش و دەستخۆشی خەڵاتی ڕیزلێنان و سوپاسی بەخشییە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لەو خزمەتە گرنگ و ماندووبون و قوربانیانەی کە سەربازانی سپی پێشکەشیان کرد و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی لەماوەی دووساڵی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئەنجام هات.
لەژێر دروشمی (هەسارەکەمان تەندروستیمانە) و بەئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و د. سەباح زێباری سەرۆکی لێژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د. ئاریانا خاڵس سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی و د. احمد زویتن بەرپرسی WHO/ عیراق و تیمی WHO لە عێراق و هەرێمی کوردستان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی پەیوەندار و میوانان بەڕێوە چوو.
لە وتارێكدا د. ئەحمەد زوبێتن سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی لە عێراق سوپاسی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی كرد لە بەرامبەر ئەو ڕێكارانەی گیرانە بەر لەماوەی دوو ساڵی رابردوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.
پاشان وەزیری تەندروستی لە وتارێكیدا سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی كرد بۆ ئەو هەوڵ وكۆششانەی كە نواندی لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا .
د. سامان بەرزنجی گوتی: سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەكەین كە ڕۆژانە و تەنانەت بە شەویشدا لەسەر خەتبوو لە خەمی هاووڵاتیان و پاراستنی گیانیان و، پاڵپشتی مادی و مەعنەوی كردین، ئیدارەدانی قەیران و ئەزمەكان خۆی لە خۆیدا پێویستی بە سەركردایەتییەكی حەكیمانە هەیە، بۆیە سوپاسی بەڕێزیاندەكەین و سوپاسی لیژنەی باڵا بەرەنگابوونەوەی كۆرۆنا دەكەین لە حكوومەتی هەرێم هەروەها سوپاسی بەڕێوبەرانی گشتی تەندروستی و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەكەین كەهاوكار و پاڵپشت بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.
لە ئاخری گوتەكانیدا د. سامان بەرزنجی گوتی: پەتای كۆرۆنا ڕاستە لەژێر كۆنترۆڵدایە، تكادەكەین و ئەم نەخۆشییە بنبڕنەكراوە و لە ژێركۆنترۆڵدایە و دیسان پێویستی بە چاودێری هەیە و داواكارین هاووڵاتیان پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەكان.