شاری دهۆك، جێی سەرنجی زۆرێك لە گەشتیارانە، چونكە شوێنێكی خۆش و سەرنجڕاكێشی هەیە. ئەو شارە بووەتە دەستەخوشكی شاری گەینسڤێڵی سەر بە ولایەتی فلۆریدای ئەمریكا، بۆیە هەردوو شار لەڕووی كشتوكاڵەوە هاوكاری یەكتری دەكەن.
گەینسڤێڵ، گەورەترین چوارەم زانكۆی ئەمریكی لێیە، ئەویش زانگۆی فلۆریدایە، هەروەها شارەكە بنكەیەكی سەرەكی توێژینەوە كشتوكاڵییەكانە، بۆیە لەوڕووەوە شاری دهۆك دەیەوێت سوود لە زانستیی چۆنییەتی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵ لەو شارە وەربگرێت، هەروەها ئەو شارەش سوود لە دهۆك وەردەگرێت، چونكە بوونەتە دەستەخوشكی یەكتری.
شاندێكی پارێزگاری دهۆك، بە سەرۆكایەتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری ئەو شارە، لەسەر داوای شارەوانی گەینسڤێڵ سەردانی ئەمریكایان كرد، لەوێ چەندین دیداریان ئەنجامداوە، كە لەڕووی كشتوكاڵییەوە بۆ شاری دهۆك گرنگە.
عەلی تەتەر، ئاماژە دەدات، ئەوان هەستیان كردووە نزیكایەتییەك لە نێوان دهۆك و گەینسڤێڵدا هەیە، بۆ نموونە هەردوو شارەكە گەرمن، ئەوێ گەرم و شێدارە، بەڵام دهۆك گەرم و وشكە، بۆیە لەڕووی كشتوكاڵییەوە هەمان كێشەیان هەیە.
تەتەر، باس لەوە دەكات، كە ئەوان داوای رێگەی زانستیانە كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كشتوكاڵ و هەروەها داواشیان كردووە رێككەوتنی لێكتێگەیشتن لە نێوان زانكۆی دهۆك و فلۆریدا ئەنجام بدرێت، تا بتوانن لەو رێگەیەوە هاوكاری جووتیارەكانیان بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەنووس رۆژ عەلی، زانكۆی فلۆریدا لە گەینسڤێڵ، توێژینەوە لەوە دەكەن، كە چۆن ئەو رووەكانەی لە ولایەتەكەیان دەڕوێت وا لێبكەن، بەرگەی وشكەساڵی بگرێت بەبێ بەكارهێنانی پەینی كیمیایی. هەروەها چۆن ئەو ئاژەڵانەی بۆ بەرهەمەكانیان بەخێو دەكرێن بەرهەمی باشتریان هەبێت و خێراتر گەورە ببن.
بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام مەترسی وشكەساڵی هەیە، بۆیە دهۆك دەیەوێت سوود لە ئەزموون و زانستیی كشتوكاڵی دەستەخوشكەكەی وەربگرێت بۆ چارەسەری كەمئاوی و وشكەساڵی.
ساماڵ یاسین، شارەزای بواری كشتوكاڵ، دڵخۆشە لەو هەنگاوەی پارێزگاری دهۆك و پێیوایە بۆ شارەكانی تری هەرێمی كوردستانیش گرنگە، سوود لە ئەزموونی ئەو شارە گەورانەی جیهان وەربگرن، كە لەڕووی كشتوكاڵییەوە پێشوەچوونی گرنگیان بەخۆیانەوە بینیوە.
ساماڵ دەڵێت: “هەرێمی كوردستان، خاكەكەی زۆر بە پیتە بۆ كشتوكاڵ، بۆیە دەكرێت كشتوكاڵ ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگی ئابووری بۆ كوردستان، تەنانەت لە سەرچاوەی نەوت زۆر زۆر گرنگترە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە، لەڕووی زانستییەوە نەتوانراوە چارەسەری كێشەكان بكرێت. نموونە لە كاتی وشكەساڵی چی بكرێت تا بەرهەمی كشتوكاڵی كەم نەبێتەوە یان لەناو نەچێت، بۆ ئەمەیان دەبێت سوود لە ئەزموونی وڵاتان ببینین“.
باسی لەوەش كرد، ئەوەی پارێزگاری دهۆك لەگەڵ گەینسڤێڵ كردوویەتی، جێی دەستخۆشییە و دەبێت شارەكانی تری هەرێمی كوردستان دەستپێشخەری لەو شێوەیە بكەن، چونكە گرنگیدان بە كشتوكاڵ، واتە مانەوەی وڵات لە هەموو رووەیەكەوە.