پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هالاند یانه‌ی دڵخوازی خۆی هه‌ڵبژارد

به‌ گوێره‌ی میدیایه‌كانی ئه‌ورووپا، ئێرلینگ هالاند كوڕه‌ لاوه‌ نه‌رویجییه‌كه‌ی دۆرتمۆند له‌ بارسێلۆنا و ریال مه‌درید دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌ ئاراسته‌ی مان سیتی هه‌نگاوی ناوه‌ و نزیكه‌ له‌ رێككه‌وتنی فه‌رمی.

به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئێرلینگ هالاند له‌ لێدوانێكدا به‌رپرسانی بارسێلۆنا له‌ باره‌ی ئه‌و هێرشبه‌ره‌ نه‌رویجییه‌ بێهیوا ده‌كات و ده‌ڵێت: یانه‌كانی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا بۆ گواستنه‌وه‌ی هالاند جدی نین، ئه‌و یاریزانه‌ له‌ پرێمه‌رلیگ داخوازی گه‌وره‌ی هه‌یه‌.
ئێرلینگ هالاند له‌ هاوینی 2024 گرێبه‌سته‌كه‌ی كۆتایی دێت، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه‌ ده‌یه‌وێت پێش كۆتایی هاتنی واده‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی یانه‌كه‌ی جێبهێڵێت و یانه‌كانی مان سیتی، پاریس سانجێرمان، بارسێلۆنا و ریال مه‌درید بۆ گواستنه‌وه‌ی له‌ گفتووگۆدان. رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا لێدوانێكی مینۆ رایۆلای به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئێرلینگ هالاندی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: بارسێلۆنا قه‌یرانێكی قووڵی دارایی هه‌یه‌ و زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت هالاند بگوازێته‌وه‌، به‌ڵام یانه‌كانی مان سیتی و پاریس سانجێرمان هیچ كێشه‌یه‌كی داراییان نییه‌.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانیاش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ هالاند ده‌یه‌وێت بچێته‌ مان سیتی، له‌ به‌رامبه‌ردا پێپ گواردیۆلاش ئه‌و یاریزانه‌ی ده‌وێت. رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیاش له‌ چاپی دوێنێی نووسیویه‌تی: به‌هۆی ئاستبه‌رزی كه‌ریم بێنزێما، ریال مه‌درید له‌ گواستنه‌وه‌ی ئێرلینگ هالاند ساردبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا دوایین خوله‌ك ریال مه‌درید هه‌ر له‌ ركابه‌ری گواستنه‌وه‌ی هالاند به‌رده‌وام ده‌بێت
ئێرلینگ هالاند ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ كۆی 25 یاری 23 گۆڵ و 7 ئاسیستی كردووه‌ و به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانیا له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتوو چاره‌نووسی خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ و، ئه‌م یاریزانه‌ ده‌توانێت به‌ 75 ملیۆن یۆرۆ گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌، هه‌ر یانه‌یه‌ك بیه‌وێت هالاند بگوازێته‌وه‌، مینۆ رایۆلا 35 ملیۆن یۆرۆی وه‌كو پاداشت ده‌وێت، باوكی هالاندیش 30 ملیۆن یۆرۆی ده‌وێت.
ئێرلینگ هالاندی 21 ساڵ، له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی 2020 له‌ یانه‌ی رێد بول ساڵزبێرگی نه‌مسا به‌ به‌های 45 ملیۆن یۆرۆ بۆ یانه‌ی بوروسیا دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانیا گواسترایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ یانه‌ی زه‌ورده‌واڵه‌كان له‌ كۆی 84 یاری، 80 گۆڵ و 22 ئاسیستی كردووه‌.