ئه‌مڕۆ مێسی، نێیمار و مباپێ به‌شداریی له‌ یاریی كلاسیكۆی فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ن

ئەمڕۆ له‌ یاریی کلاسیکۆی فەرەنسا، پاریس سانجێرمان بەبێ پێنج یاریزانی میوانداریی مارسیلیا دەکات، بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رێگە نەدرا هاندەرانی مارسێی گەشتی پاریس بکەن و لەم یارییە ئامادە بن بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە دروست بوونی کێشە و ئاژاوەی هاندەران.

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ یاریگای باخچەی شازدەکان له‌ كاتژمێر 09:45 خوله‌كی شه‌و میوانداری یاریی لوتکە و کلاسیکۆی فەرەنسا دەکات، پاریس سانجێرمانی پێشەنگ لە گەڕی 32ـی لیگ وەن رووبەڕووی مارسیلیای دووەم دەبێتەوە.
سانجێرمان لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات بە کۆکردنەوەی 71 خاڵ پێشەنگی گرتووە و بە جیاوازی 12 خاڵ لە پێش رکابەرەکەی دەبینرێت، بە تەواوەتی نزیکە ناسناوی لیگ وەن بەدەست بهێنێتەوە دوای ئەوەی وەرزی رابردو یانەی لیل ناسناوەکەی لە چنگی دەرهێنا.
مباپێ و مێسی و نێیمار بەشداری مەشقەکانیان کرد و ئامادەن، بەڵام عەبدۆ دیالۆ و ئاندێر هێرێرا و کۆرزاوا و جولیان دراکسلێر و لیاندرۆ پاریدێس بە هۆی پێکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە لەم یارییە دادەبڕێت، پاریسیەکان لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکەن لە دوایین 15 یارییان لە یاریگای خۆیان بەرامبەر مارسێی لە سێزدەیان بردنەوەیان بەدەستهێناوە و لە هەر یارییەکیشدا بە لایەنی کەمەوە دوو گۆڵیان کردووە، لە لیگ وەنیشدا کوڕانی پۆچێتینۆ لە دواین حەوت یاریی لە لیگ وەن سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
لە لایەکی دیکە یاریزانانی مارسیلیا، میلیک و پایت و باکامبۆ و تەواوی ئەستێرەکانی دیکە بەشداری دوایین ئامادەکاریی یانەکەیان کرد و بۆ جەنگی باخچەی شازادەکان ئامادەن.
ئەم یارییە دوای سێ رۆژ دێت لە گەیشتنی مارسیلیا بە قۆناغی پێشکۆتایی کۆنفرانسلیگ دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەسەر پاوک سالۆنیکای یۆنانی بەدەستهێنا.
بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا هاندەرانی مارسیلیا ناتوانن گەشتی پاریس بکەن و لە نزیکەوە بینەری یاریی کلاسیکۆ بن، ئەمەش لەپێناو رێگریکردن لە توندوتیژی و ئاژاوەی مێژوویی نێوان هاندەرانی ئەو دوو یانەیە، دوایین جاریش کە ئەم دوو یانەیە بە ئامادەبوونی هاندەرانی هەردوولا یارییان کرد دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2018 و لەو یارییەدا هەشت پۆلیسی مەدەنی بریندار بوون.
لەم وەرزەدا هاندەران لە لیۆن و نیس و مارسێی و برێست و ئانجێی لە یارییەکان ئاژاوەیان دروست کردووە و ئەمەش ئەنجومەنی خولەکەی ناچار کردووە هاندەرانی ئەو یانانە سزا بدات.
مارسیلیا لە دواین 10 یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە هەشتیان بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دوایین چوار یاریشدا، بە لایەنی کەمەوە لە هەر یارییەکدا دوو گۆڵی کردووە.

ھەواڵی زیاتر