میدیای تورکیا: بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کراوە

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان درەنگانی ڕۆژی هەینی گەیشتە ئیستەنبووڵ و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا کۆبووەوە، میدیای تورکیا ڕایگەیاند هەردوولا بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانیان تاوتوێ کردووە .

کۆبوونەوەی هەردوولا لە کۆشکی دۆڵمەباهچە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوە چوو، ڕۆژنامەی دەیلی سەباح لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە ئابووریەکان و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کراوە، دەیلی سەباح دەڵێ: “ئەنقەرە و هەولێر لە چەندین پرسدا هەماهەنگن، بەتایبەت لە پرسەکانی بازرگانی، وزە و ئاسایش” .
هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتدا لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەیە ،ئێستا پلان هەیە لە گازیشدا هەمان پەیوەندییان بمێنێت. کۆتایی مانگی ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوبەی ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی کورتهێنانی گازی سرووشتی ئەورووپا پڕ بکاتەوە، قسەکانی لە میدیای جیهاندا دەنگی دایەوە و وەکو هەنگاوێكی نوێی کوردستان لە بەهێزکردنی پێگە ئابوورییەکەی لێک درایەوە .
هەرێمی کوردستان یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان بۆ گازی سرووشتی زیاتر لە ٣١ ملیار مەتر سێ گازی سرووشتی یەدەگی هەیە ئێستا بە پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر و کێڵگەکانی گازی سرووشتی ئامانجیەتی لەو پرسەدا سەرنجی جیهان ڕابکێشێت .
هەروەها ڕایگەیاندبوو: “هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە ناوەندێکی هەناردەکردنی وزە بۆ ناوچەکە و جیهان، لەکاتیکدا ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن واز لە گازی ڕووسیا بێنن بەتایبەت دوای هەنگاوەکانی مۆسکۆ و هێرش بۆ سەر ئۆکراینا ،سەرەتای ئەو مانگە ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە هاوردەی نەوتی خاو، گاز و خەڵووز لە ڕووسیاوە قەدەخە دەکات، لەکاتێکدا بەریتانیا و ئەورووپاش گوتوویانە پشتبەستیان بە گازی ڕووسیا کەم دەکەنەوە .
ئەورووپا کە بەڕێژەی ٪40 پشت بە گازی سرووشتی ئەورووپا دەبەستێت و ٪30 نەوتی خاوی لە ڕووسیاوە بۆ دێت بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێت بۆ پڕکردنەوەی خواستەکانی لە وزەدا ،چاویشی لە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چەند ساڵێکیشە گازی کوردستان پەرەپێدانی تێدا دەکرێت و بەرەوپێش دەبرێت، بۆ نەوتیش بە هەمان شێوە لە چارەگی یەکەمی 2021 دا هەرێمی کوردستان 77.35 ملیۆن بەرمیلی لەرێگەی بۆرییەوە هەناردە کرد،3.95 ملیۆن بەرمیلیشی لە نێوخۆدا بەکارهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا گازی سرووشتی پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر و زیادکردنی بەرهەمە، ماڵپەڕی بزنس باس لەوەش دەکات کە پەرەپێدانی کەرتی گازی هەرێمی کوردستان ناکەوێتە ژێر کاریگەریی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەوبارەوە .
بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری ئەلمۆنیتەر: “هەرێمی کوردستان ١٥ ساڵ دەبێ سیاسەتێکی سەرکەوتووی هەبووە، چەندین ساڵیشە لە بواری گازی سرووشتیدا خەریکی پلان و بەرنامەی خۆیەتی، بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەوکاتەی لە ٢٠١٣ گرێبەستی تورکیا و عێراق لە بواری وزەدا کۆتایی هات،تورکیا بەهۆی ناکۆکیی مالیکی و ئەردۆغان ئەوکات پشتی لە عێراق کرد و ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی مۆنیتەر لە گرێبەستی هەرێمی کوردستان و تورکیا کۆمپانیای تەرکی مافی کارکردنیان لە ١٢ کێڵگەی هەرێمی کوردستان وەرگرت، ئەوەش گۆڕانکارییەکی جۆریی بوو لە لە سیاسەتی وزەی تورکیادا، لە کاتێکدا پێش چەندساڵێک لەو گرێبەستە تورکیا ڕەتی کردەوە بێتە نێو پڕۆژەی ڕاکێشانی گازی سرووشتی کوردستان کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەمال لەلایەن دانە گاز کە بەشێکە لە کریسنت پەترۆلیۆم، قۆناغی یەکەم بریتی بوو لە دابینکردنی کارەبا بۆ وێستگەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا هێشتا ژێرخانی هەناردەی دانەنرابوو، بەڵام تورکیا لەلای خۆیەوە لەلایەن کۆمپانیای بۆتاشەوە بۆریی گازی تاوەکو سنوور ڕاکێشاوە، هەرێمی کوردستانیش دەبێ بەدرێژایی ١٨٠ کیلۆمەتر ئەو بۆریە ڕابکێشێ بۆ گەیاندنی گازەکەی بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا.

ھەواڵی زیاتر