هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سەفین دزەیی: خەڵکی کریستیانی عێراق لەو ٢٠ ساڵەدا، ملیۆنێک زیاتریان وڵاتیان جێ هێشتووە

سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان باسى ژمارەى ئاوارەکانى نێو هەرێمى کوردستانى کرد و گوتى: سەرکردایەتى سیاسى کورد بڕیارى داوە کە بە هیچ شێوەیەک فشار دروست نەکات لەسەر ئاوارە و پەنابەران بۆ گەڕانەوەى وڵاتەکەیان، بەڵکو چەندە لە تواناى حکوومەت بێت، هاوکاریان دەبێت. ئەمەى خوارەوە دەقى وەڵامى دزەییە سەبارەت بە دوو پرسى گرنگ لە هەرێمى کوردستان.

پرسى یەکەم:
پرسى ئاوارە و پەنابەرەکانى نێو هەرێمى کوردستان هەمیشە جێگەى سەرەنجى دونیا و گرنگیدانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بووە و هەر ئەمەش وا دەکات کە حکوومەت پێچەوانەى شوێنەکانى دیکەى دەرەوەى هەرێم بڕیارى داخستنى کەمپى ئاوارەکان نەدا. لەم بارەوە سەفین دزەیی گوتى:
ـ هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ستپێكی هێرشی زاڵمانه‌ی داعشدا زیاتر له‌ ملیۆنێك حه‌وت سه‌د هه‌زار ئاواره‌ی ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراقی له‌ خۆ گرت، هه‌روه‌ها له‌ ساڵى ٢٠١٢ به‌ هه‌مان شێوه‌ زیاتر له‌ ٢٥٠ هه‌زار ئاواره‌ی تری خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و سوریاى له‌ خۆ گرتبوو، به‌م شیوه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگى ٢٠١٤ ڕێژه‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ٣٠% زیادی كرد، ئه‌مه‌ش باری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی زۆر قورس كرد، به‌ شێوه‌یه‌ك ساڵانه‌ ملیارێك و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وت، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ئێستادا به‌شێك له‌و ئاوارانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوینه‌كانی خۆیان، به‌ڵام تا ئێستا ٧٠٠ هه‌زار كه‌س له‌ هه‌ریمی كوردستان ماونه‌ته‌وه‌، یانیش ده‌توانین بڵێین كه‌ نزیكه‌ی ملیۆنێک ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌ له‌ هه‌ریمی كوردستان هه‌یه‌. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ كات له‌گه‌ڵ داخستنی به‌زۆره‌ملێی كەمپی ئاواره‌كان نه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ شوێن و جێی خۆی و ژیانێكی پڕ له‌ ئه‌من و ئاسایش و سه‌روه‌ری بۆ دابین بكرێت، به‌ داخه‌وه‌ ده‌بیستین خه‌ڵكانێك كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك نه‌هامه‌تی و كێشه‌ بوونه‌تەوە، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ هه‌ندێك شوێندا هێزی میلیشیا هه‌یه‌ و فشاری زۆریان لێ ده‌كه‌ن له‌ هاوئایینه‌كانیان یان له‌ برا مه‌سیحی و ئه‌وانی تر، بۆیه‌ ئێمه‌ فشار ناكه‌ین تا به‌ خواستی خۆیان لێره‌ بمێننه‌وه‌ وه‌ك هاووڵاتی نه‌ك وه‌ك میوان و ئه‌وه‌ی له‌ توانای حكومه‌تی هه‌رێمدا بێت بۆیان جێبه‌جێی و دابین ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده‌ بارێكی قورسه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌مانه‌ هه‌ست به‌ غه‌ریبی نه‌كه‌ن. بۆ هه‌رێمی كوردستان بوونی ئه‌و هه‌موو ئاواره‌ و په‌ناهه‌نده‌یه‌ نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی گرژی و ئاڵۆزی و پێكدادانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له‌ داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كی ساده‌ و ساكار له‌ نێوان خه‌ڵكدا دروست ببێت. ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان پێشتر خۆمان ئاواره‌یی و په‌ناهه‌ندییمان بینیوه‌، بۆیه‌ له‌ كێشه‌ و نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌وان تێده‌گه‌ین و ئه‌ركی مرۆییمانه‌ كه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی تا ئه‌و كاته‌ی لێره‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ڕێزلێگیراو بن‌.

پرسى دووەم:
پرسى کریستانییەکان، پرسێکى هەستیارى کورد و هەموو دونیایە، سەرەڕاى گرژى و ئاڵۆزی و شەڕى داعش و قەیرانەکان، بەڵام کورد بەردەوام لەگەڵ پێکەوەژیان و ئاشتى و تەبایی بووە و کوردستانى بە سەرزەمینى هەموولایەک زانیوە. بەڵام واقع لە دەرەوەى هەرێم شتێکى ترە. بە پێى بەدواداچوون و توێژینەوەیەک، دەگوترێت تا چەندین ساڵى دیکە عێراق هاووڵاتى کریستیانى تێدا نامێنێت، چونکە لەبەر مەترسى زۆرینەیان یا چوونەتە دەرەوەى عێراق و یا زۆرێکیشیان هاتوونەتە هەرێمى کوردستان. لەم بارەوە سەفین دزەیی گوتى:
ـ به‌ داخه‌وه‌ كه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ین ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه‌ پێكهاته‌ی ڕە‌سه‌نی ئه‌م خاك و وڵاته‌ن، له‌ كۆنه‌وه‌ شانبه‌شانی پێكهاته‌كانی تر ژیاون، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ خاوه‌نی كلتوورێكی لێبوورده‌یی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان بووینه‌، ئێستا جێی داخه‌ بارودۆخێكی ناهه‌موار له‌ عێراق هاتووته‌ ئارا كه‌ خه‌ڵكانیك مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌بینن، به ‌شێوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ و ئایینده‌یان نادیاره‌. به‌پێی هه‌ندیك ئامار كه‌ نازانرێت چه‌نده‌ وردن، به‌ڵام له‌ ٢٠٠٣ ڕێژەی ملیۆنێك و پێنج سه‌د هه‌زار هاووڵاتی كریستیان له‌ عێراق هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كه‌متر له‌ ٤٠٠ هه‌زاریان له‌ عێراق ماون و زۆربه‌یان له‌ دوای ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ـەوە له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان حه‌وانه‌وه‌یه‌كی باشیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هه‌وڵێک بۆ كۆچکردنیان هەیە کە به‌ بۆچوونی ئێمه‌ كۆچكردن چاره‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵكو ئه‌م خه‌ڵكانه‌ خه‌ڵكی ڕەسه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان یه‌كێكه‌ له‌و سیفه‌ت و خاسیەتانه‌ی کە هه‌رێمی كوردستانی پێی ده‌ناسرێته‌وه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان و پیاوانی ئایینی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ژیانه‌ به‌رده‌وامی هه‌بێت و پارێزگاری لێ ده‌كه‌ن و قه‌ناعه‌تیش به‌و خه‌ڵكه‌ بهێنن وڵاتی خۆیان به ‌جێ نه‌هێڵن ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگەی پیاوانی ئایینی و كلێسا و وڵاتانەوە دەبێت كه‌ هانیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه‌ بمێننه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ وڵاتان له‌ ده‌ره‌وه‌ هاوكاری ئه‌م خه‌ڵكه‌ بكه‌ن، با بێن له‌سه‌ر خاكی خۆیان ئه‌م هاوكارییه‌یان پێشكه‌ش بكه‌ن، چونكه‌ كۆچكردنیان ته‌سلیمبوونه‌ به‌ ئیراده‌ی ناحه‌زان و دوژمنان، كه‌ ئامانجیانه‌ دیمۆگرافیا بشێوێنن و ئه‌و پێكهاتانه‌ بسڕنه‌وه‌.